ترسێکی بێ ناونیشان..

 

 

 

تاڤگە سابیر


من دەمەوێ لە بەربارانا پشوویەك بەم
کەچی ئێوە گوناھبارم دەکەن
کاتێك لە کۆڵانێکی تۆزاویەوە گوزەر دەکات
فێڵێکە ھەموومان دەی زانین
گوناھێکە ھەموومان  بەشدارین
درۆیەکە لەدڵی ھەمووماندا
ئیدی ھەست دەکەم میوانی ڕۆژەکابم ..میوانی ئەم
بێستانە کاڵانەم
ھەموو شتێك لەپێش چاومدا میوانە
ئیتر عەشق ئەو باخچە داخراوەیە کەس پێی ناگات
ئەو گۆرانییە دورەیە کەس  نای بیستێ
ئەو سواڵکەرە بێ جێیەیە
شەوێک ڕێگای شاری لێ ون دەبێت و جارێکی تر نابینرێتەوە
ئەی خەیاڵیەکەم .. من زۆر ماندووم
ھێندە ئەوەی بە چرکەیەک ھەموو  گەردوون بگەڕێم
بەقەد ئەوەی جارێکی  تر خۆشەویستی  بکەم
ڕام کێشێتە ساختمانە پڕ شەھووەتەکەی خۆیەوە
لەوانەیە نوسینەم سحرێک بێت لەو جەنگانەی
گوڵەکاندەی کەن لەگەڵ  سوارییدا!!
جەنگێکە ئاوێنەکان لەگەڵ  ڕوخسارە پیرە
دزێوەکاندا
جەنگی شەپۆڵ و کەنارە وشکە بێ ئابڕوەکانە
لەوانەیە گەمەیەك بێت تەنیا شاعیرە سەر خۆشەکان بیزانن
لەوانەیە  زەنگی ئاگادار کردنەوەی ڕۆحی تەنیای ئێوە بێت
لە مەنفاکانی خەیاڵدا
ئاگادار  کردنەوەی ئێوە لەناو پەیوەندی و ساختەکاریتان لەم
عەدەمە ئەزەلیەدا
لەوانەیە  بۆ ساتێک نەخەوی و
بە ماندوویی دێڕەکانی بکەوی
تائەگەیتە ترسێکی  بێ ناونیشان
ئەوەی من دەێڵێم خەونیە.. بەڵم زۆرجار بە خەو ئەیبینم
وەھم نیە بەڵام  زۆرجار  لە کۆشکە ڕەنگاو ڕەنگەکانیدا
چاو لێك ئەنێم
بێزارم...
ھێندەی ئەوەی شەوێك لە دارستان 
جەنەڕاڵێك بێت و باڵای ڕەنگینی خوشەویستەکەم
دابگیرسێنێ
تەنیام و دەنگێکی نامۆ پێم دەڵێ بڕۆ...
ترس پەنچەرەکەمی گرتووەو ئێرە بە جێ بێڵە
گوڵەکان قفڵێکی ئەبەدی
لە ماچی سپێدەیان دراوەو دەڵێن بڕۆ..
بەیانیان سەیری ئاوێنەکەم دەکەم
ڕوخسارم پێم دەڵێ بڕۆ بەجێ بێڵە
نا ئومێدی لە حەوشەکەماندا پاڵ کەوتووەو دەڵێ ئێرە
جێگەی شاعیر نییە
ئێرە شوێنی ئەو  کچەنە نییە سەراپا لە  کچێتی کەوتوون و
بوونەتە وەنەوزێکی ماندوو
ئێرە  نیشتیمانی عاشق نییە
خۆشەویستەکەم دەڵێت خوات لەگەڵ ....
ئەی ئەو کچەی شەڕ بەم ڕۆحانە دەفرۆشی و ماندونابی
ڕۆژگاری عاشق  تێ پەڕیوە
سەر جادەکان دەڵێن...
بێزارین لە ھەنگاوە بێ مەبەستەکانت.