
هێشوو خەون بەوەوە دەبینێت رۆژێک وەکو فڕۆکەوان بگەڕێتەوە کوردستان و لە هێلێکی ئاسمانیی کوردستانی کار بکات.
کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵی دانیشتووی بەریتانیا بڕوانامەی فڕۆکەوانیی تایبەت بە فڕۆکەی گەورە بەدەستدەهێنێت و لە ماوەی ساڵێکدا وەکو فڕۆکەوانی فڕۆکەی بۆوینگی گەورە گەشت بۆ نزیکەی 45 وڵات دەکات.
هێشوو هەڤاڵ کە گەشتە فڕۆکەوانییەکەی چوار ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، ئێستا 400 کاژێر فڕینی لەگەڵ هێڵێ فڕۆکەوانیی رایان ئێر هەیە کە یەکێکە لە گەورەترین هێڵە ئاسمانییەکانی ئەورووپا.
کچە کوردەکە بە رووداوی گوت: "زۆر هەست بە شانازی دەکەم وەکو کچێکی کورد بوومەتە فڕۆکەوان. هەر کەسێک لە فڕۆکەخانە لەبارەی رەچەڵەکم لێم دەپرسێت، بە شانازییەوە دەڵێم کوردم. ئەوانیش پێیان سەیرە و نەیانبیستووە فڕۆکەوانی کورد لە بەریتانیا هەبێت".
"کچە فڕۆکەوانێک بووە هاندەرم"
خەون و خولیای هێشوو بۆ فڕۆکەوانی ئەو کاتە دەستپێدەکات کاتێک تەمەنی 18 ساڵ دەبێت و کچە فڕۆکەوانێکی گەنج سەردانی قوتابخانەکەیان دەکات؛ "تەمەنی فڕۆکەوانەکە 25 ساڵ بوو و گەنجترین کچە فڕۆکەوان بوو لە بەریتانیا. کاتێک ئەوم بینی، حەزی فڕۆکەوانی لە ناخمدا زیاتر پەرەی سەند. لە ئینتەرنێت بەدوای زانیاری لەسەر فڕۆکەوانیدا گەڕام، ویستم ببمە فڕۆکەوان. باوکم زۆر یارمەتیدەرم بوو، دایکم هەندێ جار دەترسا و دوودڵ بوو، بەڵام هەردووکیان هەمیشە پاڵپشتیی منیان دەکرد."
لە کۆتایی ساڵی 2021 هێشوو لە ئەکادێمیای ئێف تی ئەی گڵۆباڵ لە شاری برایتۆن دەست بە وەرگرتنی خولی فڕۆکەوانی دەکات وسێ ساڵ لەوێ دەخوێنێت. دواتر دەچێتە شاری بۆرگووسی ئیسپانیا، لەوێ شەش مانگ لە ئەکادێمیای فڕۆکەوانیی فڵای بای سکووڵ مەشق و راهێنان دەکات و بڕوانامە بەدەستدەهێنێت؛ "داوایان کرد لەوێ بمێنمەوە، ببمە مامۆستا. بەڵام دایک و باوکم حەزیان دەکرد ببمە فڕۆکەوانی فڕۆکەی گەورە، بۆیە گەڕامەوە بەریتانیا."
دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ بەریتانیا، دەرفەتی کارکردنی لە هێڵی فڕۆکەوانیی رایان ئێر بۆ رەخساوە. لەوێ سێ مانگ راهێنانی لەسەر فڕۆکەی بۆوینگی گەورە کردووە و بووەتە فڕۆکەوانی فڕۆکەی بۆوینگی 737-800 و 737-8200 کە شوێنی 200 سەرنشینیان تێدا دەبێتەوە.

وێنەی هێشوو هەڤاڵ لەگەڵ فڕۆکەیەکی بۆوینگ.
ئێستا هێشوو فڕۆکەی بۆ نزیکەی 45 وڵاتی سەرتاسەری ئەورووپا و باکووری ئەفریقا فڕاندووە، "لە هەر وڵاتێکدا سەردانی چەند فڕۆکەخانەیەک دەکەین، بۆیە ژمارەی ئەو فڕۆکەخانانەی گەشتم بۆ کردوون، دوو هێندە یان زیاتری ژمارەی وڵاتەکان دەبێت."
زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا
هێشوو دەڵێت، "کوردبوون و کچبوونم هەرگیز نەبوونەتە رێگر لەبەردەم گەیشتن بە خەونەکەم. لێرە هەموو کەسێک یەکسانە."
لەگەڵ ئەوەشدا، گەشتی هێشوو بەبێ ئاڵنگاری نەبوو؛ کاتێک ئەو فێرگەیەی لە بەریتانیا لێی دەیخوێند، مایەپووچ دەبێت، ناچار دەبێت بچێتە ئیسپانیا و لەوێ، دوور لە خێزان و کەسوکاری بەردەوامی بە مەشق و راهێنانەکەی بدات.
لەو بارەیەوە دەڵێت:"هەموو مەشق و راهێنانەکانی ئەو هێڵە فڕۆکەوانییە بەریتانییە، لە نێوخۆی بەریتانیا بوون، ئەمەش بۆ من گرنگ بوو چونکە بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکانی دیکەی فڕۆکەوانی فێرخوازانیان ناچار دەکەن راهێنانەکانیان لە دەرەوەی وڵات لە کەشوهەوای باشتردا تەواو بکەن. بەداخەوە، دوای داخستنی قوتابخانەکە، نەمتوانی بە ئاسانی فێرگەیەکی دیکە لە بەریتانیا بدۆزمەوە."
دەڵێت، لەدوای چوونی بۆ ئیسپانیا، "بە هاندان و پاڵپشتیی دایک و باوکم، سەرنجی تەواوم خستە سەر ئامانجەکەم بۆ ئەوەی ببمە فڕۆکەوان و خۆم تەرخان کرد بۆ ئەوەی بە زووترین کات راهێنانەکە تەواو بکەم. لە کۆتاییدا، بە سەرکەوتوویی لە ماوەی شەش مانگدا خولەکەم تەواو کرد و گەڕامەوە ماڵەوە."
بەر لەوە، کاتێک لە بەریتانیا بووە، بەربەستێکی دیکە لە کاتی راهێناندا بۆ هێشوو هاتووەتە پێش؛ کاتێک برێگزیت (دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا) بەتەواوی کاری پێکرا (کانوونی دووەمی 2020) و بەریتانیا بە فەرمی لە یەکێتیی ئەورووپا دەرچوو. دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بەو مانایە بوو کە دەستەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی بەریتانیا چیدیکە دان بە بڕوانامەی تاقیکردنەوە تیۆرییەکانی ئەورووپیدا نەدەنا.
کچە فڕۆکەوانە کوردەکە دەڵێت: "بۆ فڕۆکەوانانی وەک من، ئەمە بەو مانایە بوو کە بۆ ئەوەی هەردوو مۆڵەتی فڕۆکەوانیی بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپات هەبێت، پێویستە هەر 14 تاقیکردنەوە تیۆرییەکە دووجار تەواو بکەین - جارێک تاقیکردنەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی بەریتانیا و جارێکیش دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئەورووپا."

هێشوو هەڤاڵ لەنێو فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری بۆوینگ.
وەکو خۆی دەڵێت، ئەمە پاشەکشەیەکی بەرچاو بوو، چونکە کارەکەی دوو هێندە کرد و ماوەی راهێنانەکەی درێژ کردەوە؛ "لەگەڵ ئەوەشدا، بە پەرۆش و سوور بووم لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەکەم. هەر 28 تاقیکردنەوە تیۆرییەکەم تەواو کرد. هەرچەندە سەرئێشەی زۆر بوو، بەڵام شتی زۆری لەبارەی پشوودرێژی و دیسپلینەوە فێرکردم."
هێشوو هەروەها ئاماژەی بە سەختیی دەستکەوتنی کار کرد؛ "هێندە ئاسان نییە کە بتوانیت وەک فڕۆکەوانی هێڵی ئاسمانی کار بدۆزیتەوە تەنانەت دوای تەواوکردنی راهێنان و بەدەستهێنانی هەموو پێداویستییەکان. بۆیە من بیرم لە پێشنیاری کاری مامۆستای فڕۆکەوانی لە قوتابخانە کۆنەکەم لە ئیسپانیا کردەوە، چونکە پێم وابوو لەوانەیە وەک هەموو ئەوانەی دەیانناسم رووبەڕووی دژواری ببمەوە."
بەڵام تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە بۆ هێشوو هێندە قورس نەبوو؛ "بەخۆشحاڵییەوە کاری مامۆستایەتیم لەن ئیسپانیا وەرنەگرت چونکە کاری فڕۆکەوانیم لە رایانئێر بەدەست هێنا. بەڵام زۆر کەس دەناسم کە راهێنانەکەیان تەواو کردووە و بۆ ساڵانێکە خەریکی دۆزینەوەی کاری فڕۆکەوانین لە هەر کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی. من زۆر بە سەختی کارم کرد و نمرەکانم ئەمەیان سەلماند، لەگەڵ ئەو لێهاتووییەیی کە لە چاوپێکەوتنەکەدا پێیشانم دا، بووە هۆی بەدەستهێنانی کارەکە."
پاشخانێکی کوردی
هەرچەندە لە لەندەن لەدایکبووە (ساڵی 2000)، هێشوو دەتوانێت بە کوردییەکی پاراو قسە بکات، بخوێنێتەوە و بشنووسێت؛ "خوشک و برایەکم هەیە. هەر لە منداڵییەوە دایک و باوکم رێگەیان نەدەدا بە ئینگلیزی قسە بکەین و هەمیشە هانیان دەداین بە زمانی دایک قسە بکەین. ئەوانیش هەر بە کوردی قسەیان لەگەڵ دەکردین."
لەبارەی ئەوەی کە چۆن فێری نووسینی کوردی بووە، هێشوو باس لەوە دەکات: "کاتی خۆی کە منداڵ بووم، دەچوومە مزگەوت و وانەی فێربوونی قورئانی پیرۆزم دەخوێند. هەر لەوێ فێری نووسین بە رێنووسی کوردی بووم."
دایک و باوکی هێشوو خەڵکی قەڵادزێن لە سنووری سلێمانی؛ لە ساڵی 1996 لەکاتی شەڕی نێوخۆ چوونەتە بەریتانیا و لە لەندەن نیشتەجێ بوون. هێشوو لەگەڵ خێزانەکەی چەند جارێک بە سەردان هاتووەتەوە بۆ کوردستان کە دوایین جار پێش شەش ساڵ بووە.
دەڵێت، ئەو هێڵە فڕۆکەوانییەی کە من کاریان لەگەڵ دەکەم، گەشتیان بۆ کوردستان نییە، تەنیا گەشتیان بۆ ئەورووپا و بەشێکی وڵاتانی باکووری ئەفریقا هەیە. ئەگەر نا، حەزم دەکرد ئەم جارە وەکو فڕۆکەوان بگەڕێمەوە کوردستان. دەشڵێت: "حەز دەکەم لە داهاتوودا لە هێڵێکی فڕۆکەوانیی کوردستانی کار بکەم."
بوون بە فڕۆکەوان پێویستی بە چییە؟
لەبارەی ئەوەی کە چ کارامەییەک پێویستە تاوەکو کەسێک بتوانێت ببێتە کاپتنی فڕۆکە، هێشوو دەڵێت: "دەبێت کەسێک بیت بتوانیت لە کاتە سەختەکاندا بڕیار بدەیت، متمانەی تەواوت بەخۆت هەبێت و ترس وەلا بنێیت، چونکە ئەگەر بترسیت، ئەو هەموو سەرنشینەی بۆ گەشتەکەیان پشتیان بە تۆ بەستووە، ژیانیان دەخەیتە مەترسییەوە و هیچ چانسێکی رزگاربوونیان نییە. هەموو ئەوەی کە دەبێت سەرنجت لەسەر بێت، ئەوەیە کە چۆن ئەو ئاستەنگانە چارەسەر دەکەیت کە بۆت دێنە پێش. لە هەمووی گرنگتر، دەبێت بتوانیت لەژێر گوشاری زۆردا کاربکەیت و نەهێڵیت گوشار کاریگەریت بخاتە سەر. دەبێت لە هەموو بارێکدا هێور و لەسەرخۆ بیت."

هێشوو هەڤاڵ لەکاتی فڕۆکەوانیدا.
هێشوو ئاماژە بەوە دەدات، هەر لە سەرەتاوە هەرگیز هەستی ترسی لە دڵدا نەبووە؛ کاتێک وەکو سەرنشین سواری فڕۆکە بووە و دواتریش وەکو فڕۆکەوان؛ "من هەر لە منداڵییەوە راهاتووم. هەمیشە خوا خوام بوو لەگەڵ دایک و باوکم گەشت بکەین، نەک لەبەر شوێنی گەشتەکە، بەڵکو لەبەر گەشتکردن بە فڕۆکە، زۆر حەزم لێی بوو. بۆیە هەر لە منداڵییەوە خولیای فڕۆکەوانیم هەبووە."
هاوکات، وەکو خۆی باسی دەکات، کەشوهەوای بەریتانیا بۆ فڕۆکەوانی یارمەتیدەر نییە، "هەموو رۆژێک فێری شتێکی نوێ دەبین و رووبەڕووی کێشە دەبینەوە. کەشوهەوا باش نییە، هەوا و بارانە، بۆیە تووشی ئاستەنگی دەبینەوە. بەڵام ئەو ئاستەنگانە فڕۆکەوانی باش دروست دەکەن."
هاوسەنگیی نێوان خوێندن و فڕۆکەوانی
هێشوو لەپاڵ کارکردنی وەکو فڕۆکەوان، لە زانکۆیەکی لەندەن بەشی ئاسایشی ئەلیکترۆنی (سایبەر سکیوریتی) دەخوێنێت. توانیویەتی هاوسەنگی بخاتە نێوان کارکردنی و خوێندنی؛ "لەو کۆلێژەی من لێی دەخوێنم، کاتی خوێندن ئارەزوومەندانەیە، ئەو رۆژانەی کە لە هێڵی فڕۆکەوانی کار ناکەم، تەرخانی دەکەم بۆ زانکۆ." لەو بەشەی هێشوو تێێدا دەخوێنێت خوێندن سێ ساڵە و ساڵێکی دیکە بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنێت؛ "گەنجم و حەز دەکەم شتی جیاجیا فێربم."
بوون بە فڕۆکەوان هێندە ئاسان نییە، بەتایبەت ئەگەر خوێندکاریش بیت، کارەکە قورسترە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، کاتەکانی بەباشی رێکخستوون؛ رۆژانە هەشت کاژێر کاردەکات. لە ماوەی کارکردنیدا، بەگوێرەی دووری و نزیکی شوێنەکان، رۆژانە دوو بۆ چوار گەشت دەکات؛ "ئەو کاتانەشی کە لە ماڵەوەم، وەرزش دەکەم و کتێبیش دەخوێنمەوە."
هێشوو ئامۆژگاریی ئەو کچانە دەکات کە خولیای فڕۆکەوانییان هەیە: "قەت بیر لە خەڵکی دیکە مەکەوە کە دەڵێن تۆ ئافرەتی، کوردی و ناتوانیت ئەم کارە بکەیت. تۆ بۆخۆتی دەکەیت، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردین، واتای ئەوە نییە، وەکو هەر نەتەوەیەکی دیکە توانامان نەبێت، بە پێچەوانەوە، دەتوانین وەکو هەر خەڵکێکی دیکە و بگرە باشتریش بکەین."
سەرچاوە : ڕووداو