کەمپی سوپای میلی تۆبزاوەی ئەنفالكراوان

 

 

عەلی مەحمود محەمەد

 

كەمپی سوپای راهێنانی میلی تۆپزاوە, بە ناوی گوندی تۆبزاوەی449 ماڵەی 11 كم لە باشووری خۆرئاوای ناوەندی شاری كەركوكەوە ناونراوە, گوندەكە لە ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگدایە لەسەر رێگای حەویجە - تكریت, لە زۆر ناوچەی كوردستان بە هەمان ناوەوە چەندین گوندی دیكە هەیە,  گوندی تۆبزاوە لە رێكەوتی 20-5-1987 دوای 20 رۆژ ئاگاداركردنەوە, دوا ماڵی گواسترانەوە, كە هەموویان كورد و كەمایەتییەكی شەش ماڵەی توركمان بوون. دوای گواستنەوەی هاووڵاتییە كورد و توركمانەكانی ناوچەكە, بە تایبەت دوای چۆڵكردنی سەربازگەكە بۆ كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان تیایدا, ناوچەكە بووە بە ناوچەپەكی سەربازی, تۆبزاوە بۆ یایچی, بۆ گوندەكانی دوبەك تەپە و كەیوان ....ئاوەدانیان تێدا نەما, جگە لە سەربازو چەكدار نەبێت. 

سەربازگەی راهێنانی سوپای میلی تۆبزاوە لە سەر رووبەری 122 دۆنم زەوی لە ساڵی 1979 دەست بە درووستكردنی كراوە, لە ساڵی 1980 تەواو كراوەو كراوەتە سەربازگەی راهێنانی سوپای میلی, لەو زەوییە 20 دۆنمی بۆ 22 هۆڵی گەورەی 25 بە 8 مەتری و ژوری دیكە تەرخان كرا, 102 دۆنمەكەی دیكەی كراوەتە گۆڕەپانی راهێنانی سەربازی بۆ سوپای میلی, راهێنانی سەربازی فەرمانبەران و قوتابیان و خەڵكانی دیكە لە ریزەكانی جەیشی شەعبی كە لە دوای دەستپێكردنی جەنگی ئێران- عێرق توێژێكی بەرینی خەڵك بە زۆر لە لایەن حكومەتەوە پەیوەست بوون پێوەی.  

وەك ناوەندی كۆكەرەوەی ئەنفالكراوان

سەربازگەی تۆبزاوە, وەك ناوەندی سەرەكی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان لە 7 پرۆسەی ئەنفال " یەك بۆ حەوت" و زیندانیانی هەڵەبجە بەكار هاتووە, رۆڵی ئاوشفیتزی جینۆسایدی جولەكەی لە عێراق بینیوە بۆ پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال, لێرەوە ئەنفالكراوان بەسەر سەربازگەكانی دیكە دابەشكراون" ئەنفالكراوان لە رۆژێكەوە بۆ مانگێك و زیاتریش لێرە ماونەتەوە".

تۆپزاوە جگە لە ناوەندی كۆكەرەوە, هەروەها جێگای لێكۆڵینەوەو  جیاكردنەوەو دابەشكردن بووە, بۆ دابەشكردن و ناردنی قوربانیان بۆ سەربازگەكان و گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ناوەندی سەرەكی دابەشكردنیش بووە لە بەشی زۆری حەوت پرۆسەی ئەنفال, لێرەوە قوربانیان نێردراون بۆ سەربازگەكانی"دوبس  و نگرە سەلمان" و گۆڕە بە كۆمەڵەكان.

دواتر زیندانی دوبزیش بۆتە ناوەندی دابەشكردن بۆ نگرە سەلمان و تكریت, لەوێوە لە تكریتەوە ئەنفالكراوان نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, هەر چەندە پێم وایە زیندانی سەربازگەی دووبز هەر لقێكی زیندانی سەربازگەی دووبز بووە.

یەكەم گروپی ئەنفالكراوان كێ بوون هێنرانە تۆبزاوە؟

ژنێكی لە دایك بووی ساڵی 1955 ناوچەی گەرمیان, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دگێڕێتەوە, دەڵێت "لە گەڵ خەڵكی گوندی محە بارام سوار ترێكتەر بووین بۆ چەچەماڵ, چوینە گوندی قرخ, لە گوندی قەرەتامور دەستگیركراین, بارق پیاوە گەنجەكانی جیاكردەوە بە لێدان بردیانی, ژن و منداڵەكان چوار رۆژ لەوێ ماینەوە,  پێنجەم  رۆژ بە ئۆتۆمۆبیلی گەڵابە بردیانین بۆ بارەگای قائمقامیەتی چەچەماڵ, ئەو  رۆژەی خۆپیشاندان كرا لە چەمچەماڵ" دەوترا 11 ی چوار خۆپیشاندان كراوە, هەندێك بەڵگەنامەم لایە بە پێی ئەوان بێت گوایە 12ی مانگ خۆپیشاندان كراوە",  هەر ئەو عەسرە  بردمانیان  بۆ سەربازگەی تۆبزاوە. ئێمە كە گەیشتینە تۆبزاوەو هۆڵەكان هەموو بەتاڵ بوون, ئێمە یەكەم گروپ بووین بردراین بۆ ئەوێ و كراینە ناو هۆڵە گەورە ساردو سڕەكانەوە, رۆژی دواتر پیاوە گەنجەكانی سلێمانی ئەوانەی كە لە گەڵ ئێمە بوون هێنایانیان بۆ سەربازگەكە, سێیەم شەو منداڵەكانیان لێمان جیاكردۆتەوە, دواتر گەڕاندیانیانەوە بۆ كەسوكارەكانیان, شەشەم رۆژ  پیرو گەنجەكانیان لە یەكتر جیاكردۆتەوە بۆ سێ بەش, هەر ئەم ژنەو ئەوانەی لە گەڵیا بوونە هەمان رۆژ یەكەم  گروپ  بوونە نێردراون  بۆ زیندانی سەربازگەی دووبز. 

ئەنفالكراوان لە كوێوە هێنران ؟

زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, ناوەندی سەرەكی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان بووە, هەموو ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالەكانی" یەك, دوو, چوار, پێنج, شەش, حەوت"یان بە گشتی بۆی هێناوە, زۆرینەی ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالی سێ ش, جگە لە ئەنفالكراوانی ناوچەی داوێ بردراون بۆ زیندانی مەركەز شەبابەكەی دووز.

جگە لە ئەنفالكراوانی ئەنفالی هەشت و كامپی سوپای میلی تكریت "ئەنفالكراوانی داوێی گەرمیان", و كۆمەڵێك لە ئەنفالكراوان راستەوخۆ بردراوان بۆ گولەبارانكردن, وە ئەنفالكراوانی ناو زیندانێك لە نێوان دوبس و كەركوك, كە زیاتر لە 180 زیندانی تێدا بووە" بە وتەی ئەوان پێش ئەوانیش زیندانی ئەنفالی دیكە لەو زیندانە هەبوونە, دوای لێبوردنی گشتییەكە زیندە بەچاڵ كران, ئەوانی دیكە هەموو هێنراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, لێرە پۆلێن و دابەش كراون, هەندێكیشیان یەكسەر لێرە كوژراون یان مردوونە, وەك لە ئەنجامی پشكنینی گۆڕە بە كۆمەڵە هەڵدراوەكەی سەربازگەی تۆبزاواوەو ئەو وەفاتنامانەی كە بەردەستن دەردەكەوێت.

زیندانەكانی ئێرە, لە تەوارییەكەی سلێمانی" ئەنفالی یەك, دوو, ئەنفالكراوانی هەڵەبجە", كۆیە, تەق تەق, شوان, چەمچەماڵ" قادر كەرەم و باوە شاسواری سەنگاو, ناو سیمەكەی لەیلان و ئالیاوەو قۆڕەتوو و فرقەی چوارقوڕنەو هەولێرو "سپیلك" ەوە هێنراون بۆی.

چۆن و كەی هێنران؟

قوربانیانی ئەنفالی یەك بەم  شێوەیە باسی ناردنی خۆیان دەكەن  بۆ سەربازگەی تۆبزاوە" خەڵكی سێدەر لە رێكەوتی 5-3-1988 ئەنفالكران, بە دە  ئۆتۆمۆبێل بردرانە ناحیەی بنگرد, لەوێوە بۆ چوارقوڕنە (بارەگای فرقەی 4), چوار رۆژ  لەوێ مانەوە, دوای جیاكردنەوەی ژن و منداڵەكان لێیان, نێردراون بۆ هەولێر, 5 رۆژ لە هەولێر ماونەتەوە, شەوێكیش لە كەركوك, دوایی لە تەواری شاری سلێمانی نزیك دوو مانگ  ماونەتەوە, لە گەڵ ئەنفالكراوانی  پرۆسەی ئەنفالی دووی ناوچەی قەرەداغ, بە 22 ئۆتۆمۆبێل بردراون بۆ  سەربازگەی تۆبزاوە".

"خەڵكی گوندی سێكانیانی ناوچەی پرۆسەی ئەنفالی یەك, چونەتە ئێران, لە گەڕانەوەیان لە سونێ دەستگیركراون, "36  كەسیان روفاتیان لە حەزەر دۆزراونەتەوە" یەكسەر بە 3 ئیڤای سەربازی بردراون بۆ شاری هەولێر, دوو رۆژ لە سەربازگەیەكی هەولێر بوونە, دواتر 28 رۆژ لە سەربازگەیەكی دیكە,  بە پاس بردراون  بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, سێ رۆژ لە تۆبزاوە ماونەتەوە".

یەكێكی دیكە لە زیندانیانی ئەنفالی یەك ئاوا چیرۆكی ناردنی خۆیان بۆ تۆبزاوا دەگێڕێتەوە" 20 كەس لە ئەشكەوتێك گیراون, چوار رۆژ لە گوندەكە زیندنیكراین, دوو شەو لە سەربازگەی سوسێ ماینەوە, چل رۆژ لە تەوارییەكەی شاری سلێمانی, دوایی نێردراین بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە. 

یەكێك دیكەی قوربانیانی ئەنفالی یەك دەڵێت" 32 كەس دەستگیركراین, حەفتەیەك لە گوندەكەیان زیندانی بوونە, لە سەربازگەی سوسێ شەوێك, لە تەوارییەكەی شاری سلێمانیش پێنج شەو, لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ كراوە, دواتر لە پۆلیسی قەزای دوكان  بە كەفالەت ئازاد كراون, دوای كەمتر لە مانگێك بانگ كراونەتەوەو جارێكی دیكە دەستگیر كراونەتەوە, دیسان نێردراونەتەوە بۆ سەربازگەی سوسێ, یەك كاتژمێر لەوێ ماونەتەوە, هەژدە رۆژیش لە تەواریەكەی شاری سلێمانی, دواتر  نێردراون بۆ  زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە".

هەرچی قوربانیانی ئەنفالی دووە, ئەوان نموونەی چیرۆكیان بەم شێوەیە دەگێڕنەوە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان" پێش سەری  مانگی چوار, جاش  بە  هاوولاتیانی سێوسێنانیان وتووە خۆتان رزگار بكەن, سوپا  هێرش دەكەن و  دەتان گرن", لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, منداڵ و ژنانیان ناردووە بۆ سلێمانی, بە مێگەلی مەڕەوە ویستویانە خۆیان دەربكەن, گەیشتۆتە تانجەڕۆ, لەوێ دەستگیركراون, بردراون بۆ تەوارییەكەی شاری سلێمانی..... لەوكاتە  تەوارییەكە نزیك 500 كەسی لێبووە, ئەو رێكەوتە نزیك سەری مانگ بووە 31 ی سێ بۆ یەكی چوار بووە, خەڵكی دیكەش  دەستگیركرابوون, دوای  هەژدە رۆژ  مانەوەمان لە تەوارییەكە ئەوجا بردراین بۆ سەربازگەی تۆبزاوە".

لە گەرمیان سەرەتا, پێش دەستپێكی پرۆسەی ئەنفالی سێ, ئەنفالكروان نێردراون بۆ تەوارییەكەی سلێمانی واتا ئەمن, ئەم ئەنفالكراوە ئەوا چیرۆكی خۆیان بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەگێڕێتەوە" لە رێكەوتی 5-4-1988  لە قەزای كەلار دەستگیركراون, تا رێكەوتی 10-4 لەوێ هێڵراونەتەوە, واتا دوو رۆژ پێش پرۆسەكە دەستگیر كراون, نێردراون بۆ تەواری شاری سلێمانی, هەموویان نزیك 180 كەس بوونە, لە رێكەوتی 23-4 بە پاس لە تەوارییەكەوە  نێردراون بۆ  سەربازگەی تۆبزاوە".

هەرچی ئەوانەی چواردەی چوار  و دواتر دەستگیركران لە پرۆسەی ئەنفالی سێ, نێردراون بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو, دواتر تاكو جەلەولا بردراون بە ئۆتۆمۆبێل بۆ ئەوەی بیان بەن روو لە باشوور, كۆپتەر لە ئاسمانەوە چاودێرییانی كردووە, لە پڕ فەرمانیان بۆ هاتووەو گەڕاندویانیانەتەوە بۆ سەربازگەی قەلای قۆڕەتوو, ئەوجا نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوا, واتا حكومەت ویستی خۆی گۆڕیوە لەو ماوەیە. 

لێ ئەوانەی لە سنووری سەنگاو و قادر كەرەم دەستگیركراون, یەك لەوان دەگێڕێتەوە" بۆ سوكایەتیكردن بە گەلەكەمان, لە لیواكەی چەمچەماڵ شەرواڵی ژن كرابووە چەنچی تراكتۆرا, ئەوان تەنها 45 دەقە لە لیواكەی چەمچەماڵ راگرتراون, جارێكی دیكە سوپا ناونووسیانی كردۆتەوە, لە چەمچەماڵ پێیانیان وتووە هەموو گولە باران دەكرێن, بە هەمان ئۆتۆمۆبێل  دوای كەمتر لە كاتژمێرێك گواستراونەتەوە بۆ  سەربازگەی تۆبزاوا".

لە چەمچەماڵ مەقەڕ لیوا و قایمقامیەت شوێنی كۆكردنەوەی خەڵك بوونە,  لەوێوە هەندێ بردراون بۆ تەواری شاری سلێمانی, دواتر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, زۆریش  راستەوخۆ بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, یان لە چەمچەماڵەوە براون  بۆ هەیئەی ئەمنی كەركووك, لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.

بەڵام هەرچی قوربانیانی ئەنفالی چوارە ئاوا قوربانیان چیرۆكی ناردنی خۆیان دەگێڕنەوە" شەوێك  لە سەربازگەی سوسێ, شەوێكیش لە تەوارییەكەی سلێمانی, لەوێوە نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.

یەكێكی دیكە دەڵێت" لە ناحیەی تەق تەق رۆژێك ماونەتەوە, دواتر بە ئیڤای سەربازی بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, هەندێكی دی شەوێك لە دەواجنێكی ناحیەی تەق تەق ماونەتەوە, رۆژی دواتر بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە".

لە قۆناغی ئەنفالی چوار, ئەنفالكراوان لە تەوارییەكەی سلێمانی, چەمچەماڵ, تەق تەق و كۆیەو شوانەوە بۆ  سەربازگەی تۆبزاوە بردراون. 

هەرچی قۆناغەكانی پرۆسەی ئەنفالەكانی 5 و 6 و 7 ە, كە ماوەیەكی  زۆری خایاند  و كەمترین  زیانی مرۆیی  هەبوو, بەشێك لە ئەوانەی دەستگیركران لە رێكەوتی 30-8 كە دەستگیركراون,  ژنانیان بردووە بۆ ناحیەی خەلیفان, پیاوەكان بە ئیڤا یەكسەر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, منداڵەكانیان بردووە بۆ سەربازگەی سپیلك, بە هەمان ئۆتۆمۆبێل دوای دوو رۆژ بۆ  ئەمنی هەولێر, دوای 3 رۆژ ئەوانیش بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, بەمەش ئەوان لە رێكەوتی 4-9-1988  گەیشتونەتە  سەربازگەی تۆبزاوە, دەڵێ 6 مانگ لە سەربازگەی تۆبزاوە ماینەوە, ماوە  ماوە  گروپێك زیندانیان دەبرد بۆ كوشتن, بە وتەی ئەمان بێت تا ئازاری 1989 لە سەربازگەی تۆبزاوە ماونەتەوە.

بەلام هەڵەبجەییەكان, ئەوەی لە سنوری سەقزو بانەوە گەڕاونەتەوە, دوای تەوارییەكەی سلێمانی, بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, هەروەها ئەوانەی لە ناو شار سلێمانی دەستگیركران, برانە ئەمنی بەرامبەر فیرقە, نزیك مانگێك لەوێ ماونەتەوە, ژن و پیاویان جیا كردۆتەوە, دواتر گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, لەوێ  ژن و پیاویان لە یەكتر جیا كردۆتەوە, سەدو پەنجا كەس لە تۆبزاوە بووە, كاتی لێبوردنی گشتییەكە, لە 8-9  هێنراونەتەوە بۆ شاری سلێمانی لای حەسیب ساڵەح, لەوێوە بۆ عەربەت, ئەوجا  ئازادكراون. 

ئەنفالكراوان چۆن وەرگیراون

سابیر دوری  بەرپرسی  ئیستخباراتی عێراقی دەڵێت"ئیستخباراتی عەسكەری  كەرتەكانی باكورو رۆژهەڵات دیلەكانی ئەنفالیان وەرگرتووە. سابیر دووری لە درێژەی وتەكانیدا بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەڵێت"مەوزومەی ئیستخباراتی شیمالی ئەركی وەرگرتنی خێزانە ئەنفالكراوەكانی لە ئەستۆ بوو, كە فەرحان ساڵەح موتڵەگ جبوری بەرپرسی بوو, ئەمان وەریان گرتوون و تەسلیم تەنزیم شیمالیان كردووە, سكرتاریەتی لیژنەی تەنزیمی شیمال كە بەرپرسەكەی تاهیر تۆفیق عانی بووە وەریانی گرتووە.

خەڵك لە رێگەی سەربازو  ئۆتۆمۆبیلی سەربازی, دەبردران بۆ مەوزومەی ئیستخباراتی عەسكەری لە شاری كەركوك, دوای ئەوە رەوانی مەكتەبی تەنزیماتی شیمال دەكران, هەروەها  فەرمان لە عەلی حەسەن مەجید  و نزار خەزرەجی  وەرگیراوە بۆ راپەڕاندنی  ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و چارەنووسی  ئەنفالكراوان.

هەروەها پیاوە ئەنفالكراوەكان لە ئیستخباراتەوە  نێردراون بۆ ئەمن, ئەوان وەریانیان گرتووە.

ئەوەی شایانی باسە, لە سەردەمی پرۆسەكانی ئەنفالدا مەوزومەی ئیستخباراتی شیمالی و شەرقی لە ئیستخباراتی گشتی دابڕان, خرانە سەر مەكتەب تەنزیم شیمال, لە ساڵی 1987 بۆ 1989 ئەوەی دەستگیر بكرابایا لە دائرەی قانوونیەوە نا نێردرا بۆ مەحكەمەی تایبەت, بەڵكە رەوانەی مەكتەب تەنزیم شیمال دەكرا, ئەوان بڕیاریان لەسەر چارەنووسی گیراوەكان دەدا. 

بەڵام ئەفسەرێكی پێشكەوتووی شوعبەی سێ دەڵێت"خەڵكەكە دابەش  كراونەتە دوو بەشەوە, یەكەم چەكدارەكان" ئەوانەشی تۆمەتبار كراون یان چەكیان كڕیوە كڕیوەتەوە كە مستەشارو مەفرەزە خاسەكان تەسلیمیانیان كردۆتەوە وەك پێشمەرگە " ئیستخباراتی فەیلەق راستەوخۆ دوای بەناو لێكۆڵینەوە لە گەڵیان كە نەبووە,  ئیعدامیانیان كردووە, بێ  ناردنیان بۆ دادگا ......". بەشی دووەم خەڵكە سڤیلەكە,ئەوان نێردراون بۆ ئەمنی پارێزگاكان, بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی پارێزگاكە مامەڵەی لە گەڵیان كردووە, زۆریان نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, عەلی حەسەن مەجید  زۆر متمانەی  بە ئەمن  بووە, بۆیە ناردویانیەتی بۆ دائیرەی ئەمن".

ژمارەی زیندانییەكان

بە وتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی لە ئەمنی پارێزگای كەركوك, كە بە وتەی خۆی بەشداری لە پۆلێنكردنی ئەنفالكراوان و وەرگرتنی ئیفادەیان و ئاماركردنیان كردووەو مونەسقی نێوان زیندانی سەربازگەی تۆبزاوەو زیندانی سەربازگەی دووبزی ئەنفالكراوان بووە, بە وتەی ئەو ژمارەی ئەنفالكراوان نزیك 17000 كەسە. وەلێ جەعفەر موسەوی سەرۆكی دەستەی داواكاری گشتی دەڵێت, ژمارەی ئەو ئەنفالكراوانەی بردراونەتە سەربازگەی تۆپزاوا بە 26000 كەس دیاری دەكات.

بەڵگەنامە نییە لەسەر كۆی ژمارەی هاتن ودەرچوونی قوربانیان لە سەربازگەی تۆبزاوە, لەو بوارە تەنها یەك بەڵگەنامە تا ئێستا بەردەستە, بە پێی بەڵگەنامەیەكی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی ژمارە 25163ی رێكەوتی29-10-1988 بۆ بەرێوەبەری ئەمنی ناو نەبراوی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ناردووە, دوای 53 رۆژ لە تەواو بوونی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, لە بەشێكیدا دەڵێت" 9030 كەس لە ئەنفالەكان كە لە لایەن ئەوانەوە دەستگیر كراون, پێك دێن لە 2532  كەسی سەڵت و  1869 خیزان, نێردراون بۆ بارەگای جەیشی شەعبی, مەبەستی سەربازگەی تۆبزاوەیە, ئەم ئامارە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە لە تەوارییەكەی شاری سلێمانی و لقەكانی دیكە ئەمن لە پارێزگای سلێمانی نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە" بەڕێوەبەری ئاسایشی هەرێمی باكور لە كەركووك = داوای ڕاپۆرتی پێشەوەچوونی كاروباری دەكرد لە ئەمنی پارێزگای سلێمانی، وەڵامەكەش كە "نهێنی و  شەخسی و تەنها ئەو كەسەی بۆی نێردراوە بیكاتەوە" بەم شێوەیە دەست پێدەكات: "بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان: جەنابی بەڕێز بەڕێوەبەری ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، ئاماژە بە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەمان، ئەو ئامارەی داوای دەكەن ئەمانەی خوارەوەیە ..." "نۆ تێكدەری تاوانبار لەگەڵ هەژدە كەس لە خێزانەكانیان ئیعدامكران، بە پێی فەرمانی مەكتەبی هەڤاڵ علی حسن المجید، نۆزدە كەسی تر ئیعدامكراون لە بەر ئەوەی لە ناوچە قەدەغەكراوەكاندا بینراون و بڕیاری ژمارە 4008ی 20ی حوزێرانی 1987 یان پێشێل كردووە، چل و حەوت تێكدەری تر حوكمی سێدارە دراون لە لایەن دادگای شۆڕشەوە. لە كۆتاییشدا دێتە سەر ئەوەی كەوا " 2532 كەس و 1869 خێزان كە سەرجەم ژمارەیان 9030 كەسە، لەوانەی كە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی قارەماندا گیراون، نێردران بۆ كەمپی سوپای میللی لە پارێزگای تەئمیم (كەركووك), یان بە واتایەكی تر بۆ تۆپزاوا. " نووسراوی ژمارە 25163 لە 29ی ئۆكتۆبەری 1988دا، لە ئەمنی سلێمانییەوە بۆ ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی .

هەروەها ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە, كە لە دادگا پشت راستكراوەتەوە, كۆی ناوەكان 1031 ناوەو كە لە چوارچێوەی ژمارەكەی ئەمنی سلێمانی نییە, لە سەركردایەتی هێزەكانی پارێزگاری نەوت" بارق فەرماندەی بووە" اركان استخبارات -ژمارە 304 لە رێكەوتی 12-4-1988 بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی كەركوك, بابەت ناردنی تێكدەران لە  پاشكۆیدا 312 ناو هەیە, هەروەها ژمارە 284 یش لە رێكەوتی 10-4-1988  لەویشدا 30  ناو هەیە. وە ژمارە 295 لە رێكەوتی 12-4-1988 , 151 ناو هەیە,  عوائل  سلموا انفسهم    نەك مخەرب  نرسل الیكم العوائل المرفقە  والژین سلموا انفسهم الی القگاعات العسكریە فی 11-4-1988 نرجوا اتخاژ ما یلزم, هەرەها نووسراوی ژمارە  323  لە رێكەوتی 14-4-1988, 399  ناو پێك هاتووە,  وە نووسراوێك بێ ژمارە لە رێكەوتی 11-4-1988  لە  139  ناو پێك هاتووە, لە خوارەوە ناوەڕۆكەكەی دادەنێین.

"الكتاب صادر من قیادە حمایە النفگ الاركان العامە للاستخبارات الی مدیریە السلیمانیە  مدیریە امن جمجمال الموچوع ارسال اشخاص - موچوع ارسال الاشخاص نرسل الیكم الاشخاص مدرجە اسمائهم فی القائمە المرفقە والژی سلموا انفسهم الی قگعاتنا یوم 11-4-1988 بدون الهاربین و المتخلفین من الخدمە نرجوا اتخاژ ما یلزم بصددهم حسب توجیە مكتب الشمال و اعلامنا الاستلام المرفقات 4 قائمە تتچمن 139 اسم".  

یەكێك لەم قوربانیانەی كە لەم نووسراوانە ناوی هاتووە, لە گۆڕی بە كۆمەڵ گەڕاوەتەوە, دەڵێت هەندێكمان لە لای بارقەوە راستەوخۆ بردراین بۆ سەربازگەی خالید لە شاری كەركوك, لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە كە نزیكی یەكترن.

هەروەها ڕاپۆرتی دەستنووسی ڕۆژانە ژمارە 8280 لە 6ی مایسی 1988دا لە فەرماندەی فەیلەقی یەكەوە بۆ بارەگای ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا نێردراوە تیایدا  هاتووە" ڕاپۆرتێكی مەیدانیی ڕۆژانە كە لە لایەن فەیلەقی یەكەوە دەردەچوو، بۆ ڕۆژی 6ی مایس"چوارم رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار" تێبینی ئەوەی داوە كە ئەوانەی ئەو ڕۆژە لە نزیك تەقتەق خۆیان بە دەستەوە داوە 60 پیاو، 129 ئافرەت و 396 منداڵ بوون، بێجگە لە 37 تێكدەر" كۆی گشتییان 622 كەسەو ئەم ژمارەیەش لە چوارچێوەی ژمارەكەی ئەمنی سلێمانی نییە.

ئەمەی باسمان كرد تەنها بەشێكن لەو ئەنفالكراوانەی  لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە ئەوانەی نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, ئەمە جگە لەوانەی لە ناو سیمەكەی  لەیلان, قۆڕەتوو, كۆیە, تەق تەق و شوان  و گوندی جەلەمۆردو بناری خاڵ خالان و ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت و شاری هەڵەبجە" زۆربەیان"و دەوروبەرو گەڕاوەكانی ئێران....... هیچیان بەشێك نین لەو ژمارەیەی ئەمنی سلێمانی داویەتی, هەروەها تا ئێستا ئەم ئامارانەی باسیان دەكەین, ئەنفالی 8 و  ئەنفالكراوانی سەربازگەی تكریت ناگرێتەوە, كە ئەوانیش بەشێكن لە كۆی ئەنفالكراوانی كوردستان.

تۆماركردن

ئەوانەی بە سواری ئیڤای سەربازی و كۆستەرو ... دەهێنران, بە تایبەت لە  كاتی قۆناغەكانی ئەنفالی 3 و 4,  چونكە قوربانیانی ئەنفالی یەك و دووش, لە نێوان ئەو دوو قۆناغە گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە. هەر ئۆتۆمۆبێلەكان دەگەیشتن, بە خێرایی و راكێشان ئەنفالكراوان دادەگرتران, دەست دەكرا بە رێكخستنیان بە گروپ گروپ, دواتر پیاوانی ئەمن دەستیان دەكرد بە ناو نووسینیان, پێش ئەوەی بیان بەن بۆ هۆڵەكان كاری خۆیان تەواو دەكرد, لە كاتی زۆر قەرەباڵغی بڵندگۆو  گۆڕەپانی راهێنانەكەش  بەكار دەهێنران.

كە ئەنفالكراوان ناو نووس كراون, زانیارییەكانیان لێ وەرگیراوەو پۆلێن كراون, بە پێی رێنماییەكان, ئەو جا بە پاڵ بە خێرایی خراونەتە ناو یەكێك لە هۆڵە گەورەكانی سەربازگەكەوە.

ئەو پرسیارانەی كە لە زیندانییەكان دەكرا, ناوی سیانی, ناوی سیانی دایك, ساڵی لە دایك بوون, ناو و ژمارەی خوشك و براو منداڵەكان, ساڵی هاوسەرگیری,, پیشەو شوێنی نیشتەجێ بوون.

بۆ پیاوان پرسیاری پێشمەرگایەتی و لایەنی سیاسی و بەشداریكردن لە شەڕیشیان لێیان پرسیووە, ئەوانەی چەكیان لە گەڵیان تەسلیم كردۆتەوە,  هەموو بە پێشمەرگە درابوونە قەڵەم. هەندێك جار پرسیاری دراوسێ و خزمی شاریشیان لێ كردوون.

محەمود مستەفا رەسول دەڵێت"ناوی سیانی, كار, خەڵكی كام دێهاتی, چەند منداڵت هەیە و لە كوێن؟, ئەم پرسیارانە دەكران لە تۆبزاوە. پرۆسەی پۆلێنكاری لە تۆبزاوە زۆر هەرەمەكی بووە, بە خێرایی و بێ بنەما بووە, چارەنووسی ئەو خەڵكە لە لایەن ئەو ئەفسەرانەوە دیاریكراوە كە لێكۆڵینەوەیان لە گەڵیان كردوون ", ئەوان چارەنووسی خەڵكەكەیان زانیووە, هەر لەوێ بە هەندێكیان وتووە بۆ مەرگ دەڕۆن.

جیاكردنەوەو پۆلێنكردن

بە پێی زانیارییەكان ئەوانەی پۆلێنی ئەنفالكراوان یان كردووە لە  سەربازگەی تۆبزاوە, سەر بە ئەمنی پارێزگای كەركووك بوونە. سەرەتا چەند رۆژێك لە سەربازگەی تۆبزاوە ئەنفالكراوان لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, ژن و پیاو و منداڵ و گەنج لەو هۆڵە گەورانەی تۆبزاوە پێكەوە بوونە,  دواتر دەستكراوە بە جیاكردنەوەی زیندانیان و پۆلێن كردنیان, دابەش چوار بەش كراون, ژنانی پیر, پیاوانی پیر, پیاوانی 15-50 ساڵی, ژن و منداڵ, ژنانی بێ منداڵی گەنج و كچانی گەنجیش لە هەندێك حالەت جیاكراونەتەوە بەڵام زۆرجار لەگەڵ ژن و منداڵەكاندا بوونە.

لە پرۆسەی پۆلێن كردندا نێرینەی 15 بۆ 50 ساڵی,  مامەڵەی تایبەتییان لە گەڵدا كراوە,  هەر لە كاتی جیاكردنەوەدا بڕیاری مەرگیان ئامادە بووە بێ دوو دڵی, بە پێی زانیارییەكان بۆ منداڵان كەم ریك كەوتووە منداڵێك لە پانزە ساڵ و  بە سەرەوە بووبێت لەو پۆلێنە رزگاری بوو بێت, بەڵام كەمترەكان زۆر جار تێكەڵ گەورەكان كراون, هەرچەندە زۆرینەی ئەوانەشی رزگاریان بووە لە ژن و منداڵەكان دواتر هەمان چارەنووسیان هەبووە لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان خۆیان بینیوەتەوە. 

هەندێك لە ئەنفالكراوان لە دانپێنانەكانیان بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەڵێن "لە 12 ساڵی بە سەرەوە  منداڵەكانیان برد نەگەڕانەوە, دەستیان لە پشتەوە  بەسترایەوە, پێشتر پیاوەكانیان بردبوو, گوێمان لە تەقە بوو هەر لەناو تۆبزاوە".

یەكی دیكە دەڵێت"13 ساڵ بووە  كردویانەتە ناو گەورەكان, دایكی بە گریان وەری گرتۆتەوەو هێناویەتەوە, واتا ئەوانەی ئاماریان كردووە, لە خاوەند بڕیارەكان دڵرەقتر بوونە" زۆربەی گۆڕە بە كۆمەڵە دۆزراوەكان ژن و منداڵن, كەواتە ئەوانیش رزگاریان نەبووە لە جیاكردنەوەكان.

پۆلێنكردن بە پێی ناسنامەی باری كەسی نەبووە, بەڵكە هەڕەمەكی بە پێی مەزندە بووە, دەشیا گەورەتر بێت بەڵام بچووك و منداڵ خۆی نواندبێت نەبردرابێت, یان بچووكتر بووبێت گەورە خۆی نیشان دابێت بردرابێت لەگەڵ پیاوەكان.

محەمەد حەمە فەرەج  لە دایك بووی ساڵی 1949 خەڵكی سێوسێنانی ناوچەی قەرەداغ دەڵێ, تەسكەرەم پێ نەبوو,"ئەوكات 39 ساڵ بووە " سەرو ریشم سپی ببوو, ئەفسەرەكە  وتی بچۆرە ناو پیرەكان, منیش زۆر هەوڵمدا نەمخەنە ناو پیرەكان, یەكێ لە ئەفسەرەكان پێ وتم بەخوا گەنجەكان یەكی ناگەڕێنەوە, لەو كاتەدا ئەوانەی ئاماریان كردووە, بڕیاری لەناو دانیانیان زانیووە, هەر لە سەرەتاوە پێیانیان وتووە ئێوە موخەربین دەتان كوژین, تەنانەت لە چەمچەماڵ پێیانیان وتووە هەموو گولەباران دەكرێن.

لە سەرەتاوە ویستوویانە منداڵەكانیش بە تەنها داببڕن و جیایان بكەنەوە, شەوێك بۆ ماوەی نزیك شەش كاتژمێر منداڵە ساواكانیان لە دایكەكان جیا دەكەنەوە, ئەو شەوە وەك دەڵێن لە بەر گریان و قیژەو فیزاح حەوت تەبەقەی ئاسمان رادەچەڵەكێت,  دوایی  دەیان گەڕێننەوە, نازانرێت نیازی چییان هەبووە.

تەنانەت ئەوانەشی لە ئامارەكەی 17-10-1987 بەشدارییان كردووە, لەكاتی دەستگیركردنیان بە رێكەوت لە مردن رزگاریان نەبوو, خاوەر قادر سەبارەت بە سەربازگەی تۆبزاوە دەگێڕێتەوە دەڵێت" منداڵی دوو سێ ساڵیان لە دایكی سەندووە داویان بە زەویداو كوشتویانە. پاشان كەوتوونەتە گیان زەلامەكان. كوڕەكە پانزە ساڵانەكەی خۆی بینیوە لە گەڵ پیاوەكان سەنگاودا گرتبوویان و بۆ ئەوێ هینابویان. كەش و هەوا باو بۆران دەبێت. دوای ماوەیەك گوێبیستی تەقەكردنەكان دەبێت", خاوەر ئەوە دواجاری دەبێت كوڕەكەی ببینێت, ئیتر ببڕای ببڕ نایبینێتەوە.

ئەشكەنجەدان

لە سەربازگەی تۆبزاوە, لێدان هەر لە گەیشتنە ناو سەربازگەكەوە تا دەرچوون لێی هەبووە, تەنانەت لە كاتی هێناندا ژنانیان بە لێدان لە ئیڤاكان داگرتووە,  پیاوانیش هەمیشە لێدانیان لەسەر بووە, لە دابەزاندنیان لە ناو ئیڤاكانەوە بۆ سواركردنیان بە روتی و دەست  و چاو بەستراوی دوو دوو بۆ ناو ئۆتۆمۆبیلە داخراوە سەوزەكان, هەموو بە لێدان و پاڵ نان بووە, پیاوە گەنجەكان ئەو چەند رۆژەی لە وێ بوونە, بێ لێدان ئاو و سەمونیان نەداوە پێیان, وە نەیانیان بردووە بۆ سەر ئاو, ئەوە ئەگەر یەكێك بەرگێكی رەنگ و شێوە گوماناوی بۆ ئەوان لە بەر بوایە و ریشی هەبوایە زیاتر دەكەوتە بەر ئەشكەنجە.

بە وتەی زیندانییەكان, لە تۆبزاوە لێدان هەبووە, فەلاقە كردن و بەستنەوە بە پانكە و  داخكردن و شەق وەشاندن, لە هۆڵێكی تایبەت زیندانییە پیاوەكان لێیان دەدرا,  پیاوە گەنجەكان روت كراونەتەوە, تەنانەت بە روتی و دەست و چاو بەستراوی, لەبەر سەرمای بەیانی زوو دوو دوو پێكەوە بردراون بۆ كوشتن, لەو كاتە بێ پێلاو تەنها شۆرت لە پێیان بووە خراونەتە ناو ئۆتۆمۆبیلە داخراوەكانەوە.

بەو سەرمایە  جل و بەرگی پیاوانیان داكەندووە, بە دەرپێیەك كورتەوە, ئاویان كردووەتە ژێریان لە ناو هۆڵ ساردە بێ پەنجەرەكان, لە خەڵك دراوە بە كێبڵ, بە تایبەت گەنجان ئەو كاتانەی بردویانیانە بۆ سەر ئاو, هەروەها سەری گەنجەكانیان سفر كردووە. ناسنامە, پارە, سەعات, شانە, ئاوێنە, تەزبێح, مووكێش,....چی لە گیرفانیان بووە لێیانیان سەندووە. زیندانییە پیرو ژنەكان بە چاوی خۆیان ئەشكەنجەدانی  گەنجە پیاوەكانیان بینیوە, تەنانەت لە پیرەكانیشیان داوە.

بارودۆخی ژیان

لە سەربازگەی تۆبزاوە, بارودۆخی ژیان زۆر سەخت بووە, دوای ئاماركردن, زیندانییەكان بە پاڵ و لێدان كراونەتە ناو هۆڵە گەورە ساردو سڕە تاریكە شێدارەكانەوە,  گڵۆپ لەناو هۆڵەكان نەبووە, دەڵێن روناكیمان نەبینی تەنها لەو كاتەی دەچووینە سەر ئاو, خواردنی خراپ تەنها سەمونە رەقێك بووە رۆژانە, زەوییەكەی پیس و شێدار, بێ بان و بن و پانكەش بە خێرایی بەردەوام پێ كراوە, بایە ساردەكە لە زەوییە تەڕەكەی دەدا زیاتر ساردی كردووە, لە گەرما پانكە نەبووە لە سەرما پێیان كردووە, پێ كردنی پانكە لەو سەرمایە بەشێك بووە لە سزا دان.

جار جارە چای و سەمونیان داوە پێیان, هەندێك جاریش شۆربایەك پیس زۆر جار نیسك بووە, پاشماوەی قزعەی سەربازی, یان شلەیەكی چەور, لە برسان پارچە سەمونیان لە دەرەوە كۆكردۆتەوە, شیر نەبووە بۆ منداڵ بۆیە بەردەوام لە برسان گریاون, دەست بە ئاو گەیاندن لە ناو هۆڵەكان بووە لە سەرەتا, لە ژورەوە دەستیان بە ئاو گەیاندووە, میزوو پیساییان كردۆتە ناو قوتی و سەر چەمنەتۆكە, یان لە دەرگاوە كردویانەتە دەرەوە, یاخود بە كۆمەڵ یان گروپ گروپ رۆژانە دووجار  بردراون بۆ ئاودەستەكان, لە ژێر چاودێری و هەندێك جار بە لێدان , كە سەربازگەكە 3  كۆمەڵە ئاودەستی تێدا بووە, هەر كۆمەڵەی 17 ئاودەست بووە, بەڵام زیندانیان لە تۆبزاوە, كێشەی تێنویەتیان وەك سەربازگەی نگرە سەلمان نەبووە.

یەكێك لەو گەنجە كەمانەی كە لە تۆپزاوا ڕزگاریان بوو, ئاوا باسی خواردنەكەیان دەكات:"چاكتر وایە هەر باسی نەكەین، تۆ ئەگەر برسیت نەبوایە قەت نەتدەخوارد، جۆرە شۆربایەك بوو تەنها لەگەڵ ئێسقانی ڕووتداو ڕۆنێكی زۆری بە سەرەوە بوو و هەموو كەس نەخۆش كەوتن". زۆربەی گیراوەكانی تۆپزاوا ئەمەشیان دەست نەدەكەوت بەڵكو ڕۆژانە هەركەسە و دوو سەموونی بچووكی كۆنی وشكهەڵاتوویان دەدانێ لەگەڵ تۆزێك ئاودا. هەندێكیش خواردنی هەر بەرنەدەكەوت., زۆرینەیان تەنها باسی سەموونە رەقەكە دەكەن رۆژانە پێیان دراوە 

لە سەربازگەی تۆبزاوە لە گەیشتنیانەوە تا ناردنیان, بەتایبەت ئەوانەی بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە ئۆتۆمۆبیلی داخراودا نێردراون مردن زۆر هەبووە, هەروەها منداڵ بوونیش لە ئاودەست و ناو هۆڵەكان لە كاتی گواستنەوەدا هەبووە.

ئەنفالكراوان ئەو چەند رۆژەی لە سەربازگەی تۆبزاوە بوونە, كێشەی نوێژكردن و راپەڕاندنی سرووتە ئاینییەكانیان هەبووە, بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا  كە هیچ خواردنێكیان نەداوە پێیان.

هەروەها بەهۆی قەرەباڵغییەوە ئەو هۆڵە گەورانە كە پانتاییان  نزیك 400 مەتر بووە , زۆریان لە پیاوان كردووە شەو تا بەیانی دەستەو ئەژنۆ لە سەر چیچكان دانیشن و هەر كەسێ بیویستایە هەڵبسێتە سەر پێ داركاری كراوە لە لایەن حەرەسەكانەوە, بەهۆی نە خەوی و دانیشتن لەسەر چوچكان زۆریان لە بەر پیری و بە هۆی بێهێزییەوە لە هۆشی خۆیان چوونە.

رەوانە كردن

سەربازگەی تۆبزاوە شوێنی كۆكردنەوەو  ئامادەكردنی ئەنفالكراوان  بووە بۆ زیندان و جێگاكانی دیكە, زیندانیانی تۆبزاوە زۆرینەیان لە رۆژێك بۆ سێ و چوار رۆژ لەوێ ماونەتەوە, هەندێكی كەمیش زیاتر, سەرەتا ژن و پیاوە پیرەكانی سەروی پەنجا ساڵیان بۆ نگرە سەلمان ناردووە, دوای سێ رۆژ لە ئاوەدانكردنەوەی تۆبزاوە, یەكەم وەجبەی زیندان نێردراوە بۆ زیندانی نگرە سەلمان.

بە هەمان شێوە ژن و منداڵیش نێردراون بۆ سەربازگەی دوبس,  كوڕە پیاوە گەنجەكانیش بە ئۆتۆمۆبیلی  داخراو  نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان.

بە پێی شوێنەواری قوربانیانی ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تەل شێخییە و وتەی تەیمور رزگاربووی گۆڕە بە كۆمەڵەكان, بەشێك لە قوربانیان  راستەوخۆ لە تۆبزاوەوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان نێردراون, بە پێی بەرگەكانی بەریان لە وەرزی سەرمای ئەو ساڵە واتا ناوەڕاستی مانگی چوار بۆ ناوەڕاستی مانگی پێنج  نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, هەروەها بە پێی وتەی شایەدحاڵەكانی نگرە سەلمانی ئەنفالی چوار, ژن و منداڵیان لە رێگا بینیوە لە كاتی بردنی ئەوان بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان, نەزانراوە بۆ كۆێ دەبردرێن.

لە ناو ئەنفالكراوان زیندانیانیش هەبووە لە تۆبزاوە ماوەتەوە تا لێبوردنەكە . هەرچی ئەنفالكراوانی كیمیابارای شاری هەڵەبجەیە ئەوان لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, هەموویان پێكەوە  نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان.

عوزێر یەكێك لە دەربازبووانی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە بەم شێوەیە كاتی رەوانە كردنی خۆیان دەگێڕێتەوە" تەماشای كردبوو هەر پیاوە و بە زنجیرە ژمارەیەكی دراوەتێ و ژمارەكەی ئەم 375 بوو، ئەوان هەر كە ناوەكانیان بانگ دەكرا دەس بەجێ لە قاوشەكە دەبرانە دەرەوە و هەشت هەشت كۆمەڵیان دەكردن. بە جووتە بە یەكەوە كەلەپچە كرابوون و پێڵاوەكانیشیان بردن، گەلێ جار پیاوەكان چاویشیان بەستراوەتەوە و بە پێی قسەی هەندێ كەسیش جلوبەرگیان لەبەردا نەهێشتوون و تەنها دەرپێیان لە پێدا ماوە. دواجار خستوونیانە ئەو ئۆتۆمبیلە شوومە بێ پەنجەرانەوە كە بە ڕەنگی سپی یان سەوز بۆیە كرابوون، وایش باسدەكرێن كە پاس، ئەمبوڵانس یان بارهەڵگری داخراو بوون.

ئەم  ئۆتۆمۆبیلانە ئەوەندە پڕ كراون, هاوكات بە هۆی داخراوی تەنگە نەفەس بوونە, ئەو چەند كاتژمێرەیان وەك ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكان بووە بۆ ژن و منداڵەكان, زۆر لە منداڵەكان پێش گەیشتنیان بۆ ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە رێگا مردوونە.

گۆڕی بە كۆمەڵ

تا ئێستا سەربازگەی تۆبزاوا یەك گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراوەتەوە, كە لە نێوان 80 بۆ 81  روفاتی تێدا بووە " بە وتەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان 81 روفاتە, وەلێبە پێی ژمارەی گۆڕەكان 80 گۆڕە", بەشێك لە روفاتەكان شوێنەواری گولە بە جەستەیانەوەیە, پێی دەچێت كۆمەڵكوژی پیاوە گەنجەكان لێرەوە دەستی پێكردبێت. ێشتا پشكنینی ورد بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری هەموو گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە سەربازگە 122 دۆنمییەكەی تۆبزاوە نەكراوە.

 نەخۆشی

هۆڵەكانی سەربازگەی تۆبزاوە جگە لەوەی چەمنتۆیەكی رەق و تەق بووە, هاوكات پیسیش بوون, ناو هۆڵەكان وەك زبڵدانێكی بۆگەن وا بووە, تەنانەت زیندانییەكان پیساییەكانیشیان زۆربەی كاتەكان لە هۆڵەكان كردووە, چونكە دەرگایان لێ داخراوە لێیانیان نەكردۆتەوە, بە هۆی سك چوونیشەوە زیاتر هەراسان بوونە, زەوییەكە تەڕ بووە, زیندانییەكان لە سەر زەویە رەقە ساردە تەڕە خەوتوونە بە برسێتی و سەرما, نەبوونی بان و بن, هاوكات پانكەكان وەك سزا بەو سەرمایە هەڵكراون و پەنجەرەكانیش شوشەیان پێوە نەبووە, زۆربەی زیندانییەكان جل و بەرگی پێویستیان لەبەر نەبووە, كۆكە و سك چوون و تیفۆئید و گرانەتا لەناو زیندانییەكان بڵاو بۆتەوە, لە مانگی دوانزەی ساڵی رابردووەوە"1987"ەوە, گرانەتاو تیفۆئید لە ناوچەكانی ئەنفالی سێ و چوار بە بەربڵاوی بڵاو ببوەوە, بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە بەردەوامی هەبوو, وێڕای ئەم هەموو نەخۆشییە پزیشك و چارەسەریش نەبووە, تەنها لە هەندێك حالەتدا كە ئەوانیش زۆریان مردوونە.

دەستدرێژی سێكسی

هەرچەندە  زیندانیان ماوەیەك كەم  لە سەربازگەی تۆبزاوە ماونەتەوە, بەڵام لەو ماوە كەمەشدا كچان و ژنان بێ بەری نەبوونە لە  پەلاماری سێكسی,  هەندێك دەڵێن كچە جوانەكانیان جیا كردۆتەوەو بردوویانەو ئیتر نەبینراونەتەوە, زۆر شایەدحاڵ هەبوونە شایەدییان داوە لەسەر ئەوەی پەلاماردانی سێكسی هەبووە لە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە.

بۆ نەدۆزرانەوە

لە دوای روخانی سەدام, دەكرا هەیكەلی بەڕێوەبەری ئەم كەمپانەی راگرتن و ناردنی ئەنفالكراوان  ئاشكرا بكرابانایا, لە كاتێكدا سەربازگەی تۆبزاوە و دووبز لە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی شاری كەركووكدا بوونە, لە پێشوازیەوە بۆ ناردن و بەڕێوەبردن.

دەڵێن سەربازگەی تۆبزاوە بە چڕی ئابلوقە دراوەو چاودێری توندو تۆڵ كراوە, كەس لەو پرۆسەیە هەڵنەهاتووە, بەلام  هیچكام لەوانە نەدۆزرانەوە.

حەرەسەكان بەرگی مەدەنی لە بەریان بووەو پێی دەچوو ئەمن بوبێتن, چونكە سەربازگەكە ئەمنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەی بردووە, هەندێك جەیشی شەعبی لە توركمانەكانی ناوچەكە لەوێ بوونە, بەڵام زوو لایانیان داوە. تا ئێستا بەرپرسانی ئەم كامپانە, هەیكەلی بەڕێوە بردنی نەدۆزراونەتەوە.

ئەمە پرسیارێكی شەرمەزاری كەر بوو, كاتێك  لە پرۆسەی دادگایی ئەنفالدا, هەردوو تاوانبار حوسێن رەشید و سەدام حوسێن باسی ئەوەیان كرد, ئەم حەجاجە هەر ناوی دووبارە دەبیتەوە, مەعقولە بەم هەموو پارە و كات و دەسەڵاتەوە نەزانرا كێیەو تا ئێستا نەدۆزرایەوە؟,  مەعقولە بەڕێوەبەری سەربازگەی تۆبزاوەو نگرە سەلمان نەدۆزرانەوە؟. ئایا مەعقولە حكومەتی عێراق و كوردستان.

سەرچاوەكان:

- ئاوشفیتز  تۆبزاوە  دالیا عومەر 2015 كەركوك چاپخانەی كارۆ

- هەڵەبجەییەكانیش ئەنفالكران   گوڵاڵەی گەرمیان  چاپخانەی كارۆ  2024

- سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال  لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.

- محكمە الانفال  اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی

- بەرنامەی بەڵگەنامەیی  خۆم لەوێ بووم , تەلەفزیۆنی ئازادی,كەناڵی گەرمیان

- جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد  - هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ  چاپی سێیەم  2013  چاپخانەی كەماڵ  - وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە  محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق 

- لە تاوانی ئەنفالدا: ژنێك ویستی بمرێ,كەچی ژیا! - دلێر كەریم  رێگای كوردستان ژمارەی تایبەت 11-4-2023