
لەتیف فاتیح فەرەج
یەكێك لە كێشە هەرە مەزن و مەترسیدارەكانی كورد بابەتی جاشێتیە ، جاشێتی كە بە درێژای مێژوو ڕۆڵی گەورەی لەوەدا بینیوە كە كورد نەگاتە سەربەخۆیی ، ئەگەر هەر زۆر سەر پێیانە ئاوڕ لە 250 ساڵی ڕابردوو بدەینەوەو گەشتێك بە پارچەو بەشگەلی كوردستاندا بكەین ، دەبینین دوژمنانی كورد لە ڕێگەی جاشسازیەوە كارێكیان پێكردوین با بە دەواری شڕی نەكردوە ، كێشەی گەورە لەمەدا هەر جاشێتێكە نەبووە ، كێشەی گەورە ئەوەبووە دوژمن گەڕاوە كارەكتەری كاریگەرو پایەداری خزاندوەتە نێو زەلكاوی جاشێتیەوە ، چیرۆكی فریودانی حەسەن خەیری و بە جاشكردنی و نیشاندانی بە بەرگی كوردیەوە، نمونە ئاشكراكەی ئەو جاشێتێیە یە لێ جاشێتی پەردە پۆشكراو هەر باس مەكە ، ئەوەی دوژمن كەسێك وەك ئەوە نمایش دەكات كە دژی ئەوەو خەڵكی دەخاتە بن دەست ، یان باشترە بڵێین خەڵكی بۆ كەوی دەبن ، كەچی هەنگاوی، هەڵوێستی ،كارو كردەوەی دوا جار دەچێتە خزمەتی دوژمنەوە ، نەیارانی كورد بە جۆرێكی زۆر بیژیانەو تەناهیانە كاریان لەسەر ئەم وازیە قێزەونە كردوە، كەسیش نەبووە ڕۆژێك گۆڕی ئەوانە هەڵداتەوەو بە دەردی میرابۆیان بەرێت .
جاشێتی پەردە پۆشكراو ئەو جاشێتیە نیە كە دوژمن چەكدارت دەكات و بەرت دەداتە میلەتەكەی خۆت وەك ئەوەی لە هەر سێ بەشی باشورو باكورو ڕۆژهەڵات هەبوونەو شانازیان بەوەوە كردوە كە پیاوی دەسەڵاتن ، ئەمانەلای دوژمن ناوی لە بەر دڵان و لای كوردیش ناوی ناشرینیان لێنراوە ، توركیا جاشی وەك پاسەوانی گوند ناساندوە ، لە كاتێكا دەوڵەت نیە لە مێژودا بە هەندەی توركیا گوندی كوردی وێرانكردبێت، لێ جاشێتی پەردە پۆشكراو ، یان شاراوە زۆر جار وا سەر لە مرۆڤ دەشێوێنێت وەك ئەوەی ئەو دەیكات نیشتمانپەروەری بێت ، ئەمە لە هەموو پارچەكانی كوردستان هەیەو زۆرجارانیش بە ناوی خەمخۆری و ئاشتیەوە میلەت بە گورگان خوارد دەدەن ، ئەم جۆرە جاشایەتیە ڕەنگە بە زمان سەری زارو بنی زاری باسی سەربەخۆی كوردو ئازادی كوردان بێت ، بەڵام بەردەوام وەك لەمپەرێك وەستاوە لەبەردەم خۆخاوەنی كوردا ، بە جۆرێك لە هەركوێیەك كورد تروسكەیەكی لێدەركەوێت ، ئەو بە پاساوی جۆراو جۆر ئەو تروسكەیە دەكوژێنێتەوە ، ئەمجۆرە جاشێتیە گەورەترین زیانی لە بزاوتی رزگاری كوردی داوە ، بیانوو پاساوی بۆ شكست و لە دەستدانی هەموو دەرفەتێك هەیەو ڕێگریشە لەوەی گەلی كورد بەرەو پێش بچێت ئەمە ئەگەر كەوی كراوی خۆی نەبن .
جاشایەتی پەردە پۆشكراو هەمیشە چەكێكی كاریگەرە بە دەست دوژمنەوە بۆ ئەوەی كورد لە دەرەوەی مێژودا بن، ئەم جۆرە لە جاشایەتی زۆر مەترسیدارترە لە شێوازی بە كرێگرتنی سەرۆك هۆزو ناودارەكانی هۆزەوە كە لە توركیا دەكرێنە سەرۆكی پاسەوانی گوند و لە عێراقیش دەكرانە موستەشاری بەعس، دواتریش بەشێكی زۆری ئەو موستەشارانە بونە داردەست و هەروەها فریاد ڕەسی حزبەكانی باشورو لە سایەی ئەو حزبانەشدا دیوەخانانەو ژیانی شایستەتریان بۆ دابین كرا ، بۆ خۆم بڕوای تەواوم بەوە هەیە لە ڕوی كۆمەڵایەتیەوە هێشتنەوەی میلەت بەو جۆرەو بایەخدان بە دیوەخانانەو قوتكردنەوەی گەورەی هۆز لێرەو لەوێ دەچێتە خانەی خیانەتێكی گەورەوە چونكەهێشتنەوەی میلەت بە لەت لەتكراوی و لە تخوبی هۆزدا هەوڵی لێبڕاوانەیە بۆ ئەوەی نەتەوە دروست نەبێت ، ئەم شێوازەش بە ئاگایانە بێت یان بێئاگایانە جۆرێكە لە جاشایەتی پەردە پۆشكراو.
ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگەو بونیاد نانەوەی پێویستی بۆ هۆشیاری خۆ ناسی و كورد ناسی و نیشتمان ناسیە، تا ئەمچركە ساتەلە پشتئاوەزی كوردیدا تۆوێك چێنراوە كە كورد ناتوانێ دەوڵەتداری بكات ، كورد توانای خۆ بەڕێوە بردنی نیە، كەسێتیەك ، یان خێڵێك لە كوردا لە نەتەوە و گشتە خەڵك باشترە ، دوژمن بە مامەڵەكردێكی مەترسیدارانە ئەم جیاكاریانە دەكات و كەسێك یان لایەنێك ، هۆزێك ، یان بنەماڵەیەك هەڵدەنێت و هەر بەوەش شەڕی ئەوانی تر دەكات ، لە پشتئاوەزی كوردیدا مرۆڤی كورد وەك مرۆڤی دەستە پاچە ، پارە پەرست و پولەكی ، شەڕەنگێزو خۆخۆر ، كۆیلەی دوژمن وێنا كراوە ، دیرۆكی كورد بە سەدان چیرۆكی بێمانای لەم جۆرە پڕكراوە ، ئەمەش بە بیانوی تێكشكاندنی كەسێتی كورد ، دوژمنانی كورد كاتێك ئێمە بە ئازاو پاڵەوان دەبینن كە شەڕ بۆ ئەوان بكەین ، نەك بۆ خۆمان ، سەلاحەدین تا ئەو شوێنە پاڵەوانەكە شەڕی بۆ عەرەب كردوە ، ئەمە قسەی موعین بەسیسۆیە ، شێخ مەحمود و سوپاكەی كە زۆربەیان لە شوعەیبە نەگەڕانەوە بۆیە سێیەكی بەهەشتیان پێدرا كە شەڕیان بۆ عەرەب كرد ، هەر ئەوەندەی شێخ مەحمود داوای سەربەخۆی كوردستان و ئازادی گەلی كوردی كرد ئیتر عەرەب لێی بوونە دوژمن .
ئەوان شێخ مەحمود و سەلاحەدینیان بۆ خۆیان دەوێت نەك بۆ گەلی كورد ، ئێ كاتێك ئەو كارەكتەرانە دەبنە كاركتەری گەلی كورد ئیدی دوژمن ڕقیان لێهەڵدەگرێت ، قسەكە لە سەر ئەوەیە مرۆڤی كوردیان بە جۆرێك بارهێناوە كە زۆر كەم بڕوای بە خۆی هەبێت ، یان هەر كات ئەوان بیانەوێت كورد باوەڕ بە كێ بێنێت ئەوی بۆ ئامادە بكەن ، ئەم مێژوە سەر لەبەر پێویستی بە پیاچونەوەو هەڵوەشانەوەیە، دوژمن زۆر بە ئاسانی لەڕێگەی مەلایەكەوە ،پیاوێكی كۆمەڵایەتیەوە ، پارەدارێكەوە یان هەر كارەكتەرێكەوە دەتوانێ زۆر بە ئاسانی ڕەوتی گەشەكردن و پێشكەوتنی میلەتێك ڕابگرێت ، هەر دوژمنیش دەتوانێت وا بكات بۆ هەر كەسایەتیەك دوژمن و نەیار دروست بكات ، چۆن كاتێك شێخ مەحمود داوی سەربەخۆیی كرد ئەوەیان لە گەڵیدا كردو تا ئێستاش لە ناو كۆمەڵگەدا تیرو توانجی تێدەگرن .
دوژمن دەتوانێت نەتەوەیەك وێرانبكات ، ئەگەر ئەو نەتەوەیە خۆی لە بەر بێت بۆ ئەوەی وێرانبكرێت لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ئامەد لە گەڵ هاوڕێم ڕابەر رەشیدا وەستابوین بە ساڵاچویەكی ڕیشسپی جوان سروتی ئاینی دەخوێند و تەسبیحەكەی دەجوڵاند گوتم مام چەوانی وتی باشی گوتم ئاپۆ ناس دكەی " ئۆچئالان " وتی ئەو كافرە ، ڕابەر زۆر توڕە بوو من ساردم كردەوە ، بەڵام سەرسام بووم بەوەی پیرێكی سەرو هەشتا ساڵ لانی كەم حەفتا ساڵ چەوسانەوەی میلەتەكەی خۆی بە دەستی توركیاو پیاوەكانی ئەتاتورك بینیبێت ، ئەتاتوركی پێ پیرۆز بێت و ئۆچئالانی پێ نەیار، ئەو پیاوە بێ ئەوەی جاش بێت گۆشی جاشێتی كراوە، دوژمن ئەمجۆرە كەسێتیە دروستدەكات .
دوژمنانی كورد هەمیشە لە كوشتن و لە ناودانی كوردا ئەركیان زۆر قورس نەبووە ، لەبەر ئەوەی لە چەندین ڕێگای ئاشكراو شاراوەوە لە ناو میلەتا جاشسازیان كردوە ، ئەم دۆخەیان بە جۆرێك ئەفراندوە كە ئەوانەی بە ئاشكرا یان بە شاراوەیی دەبنە جاش هەمیشە پۆشتەو پەرداخ و هەبوو بن ، هەمیشە بە جۆرێك بن كە مرۆڤی سادە خۆزگە بە ژیان و گوزەرانیان بخوازێت ، ئەم بابەتە چەندین لك و چڵی لێدەبێتەوە كە لە ڕوی كۆمەڵناسی كوردەواریەوە دەبێت كۆمەڵناس و زانای ئەو بوارە قسەی وردی لە بارەوە بكەن ، گێڕانەوەی مرۆڤی كورد بۆ نێو مێژوو ، بڕواهێنان بە مرۆڤی كورد بەوەی دەتوانێت لە سەر پێی خۆی بوەستێت ، خۆی بەڕوەبەرێت ، دەوڵەتداری بكات كارێكی ئاسان نیە ، لێ نەكردەش نیە .
سەراوە ؛ سپی میدیا