د. یوسف حەمە ساڵح
جەهلی (نەزانیی)پۆشراو: هەڵاوسانی نازناوە ئەکادیمیەکان و دابەزینی لێهاتوویی زانستی لە هەندێک لە زانکۆکانی عێراق و هەرێم”
پوختە:
هەندێک لە زانکۆکانی عێراق و هەرێم زیادبوونێکی بەرچاو لەخۆدەگرن لەڕووی ژمارەی ئەو ئەکادیمیانەن کە نازناوی زانستی پێشکەوتوویان هەیە وەک "پڕۆفیسۆر"، بەبێ ئەوەی ئەو زیادبوونە کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی زانست بێت یا بەرهەمی زانستی زیاد بکات، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرانە لە ئاستی ئەو نازناوە نین . ئەمەش ڕەنگدانەوەی دیاردەی "نەزانیی یا جەهلی پۆشراوە "ە، ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ پۆشینی نەزانی لە پشت ڕووبەری زانستەوە، کە بەهۆیەوە نازناوی بەرز دەدرێت بەو کەسانەی کە لێهاتوویی زانستی ڕاستەقینەیان نییە، ئەمەش ناهاوسەنگییەکی قووڵ لە سیستەمی ئەکادیمیدا دروست دەکات و هەڕەشە لە کوالیتی خوێندنی باڵا دەکات.
پێشەکی:
زۆر جار دەڵێین و دەبیستین : ئایا بەڕاست ئەمە پرۆفیسۆری زانکۆیە !؟
من لێرەدا گشتاندن ناکەم ، بەڵکو هەستکردن بە کێشەکە لە ڕێگای ئاستی نزمی ئەکادیمیی قوتابیانی ئەم سەردەمە بەبەراوورد بە نەوەکانی پێشوو دەبینیین ، بۆیە ئەمڕۆ کارگە ئەکادیمییەکەی زانکۆکانمان تونای بەرهەمهێنانی هزرە خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵکەیان نەماوە ، و لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو گوێبیست دەبوین کەوا مامۆستایەکی دیاریکراو پڕۆفیسۆرە! و ئەوانە ژمارەیان ئەوەندە کەمبوو بە پەنجەکانی دەستێک دەژمێردران ، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی زانستی بەگشتی زۆر بەرزبوو ، بەڵام ئێستا ژمارەی پڕۆفیسۆرەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا ئەوندە زۆرە ، ئایا ئەوانە لە ئاستی زانستی ڕاستەقینەی ئەو نازناو و بڕوانامەیەن ؟!.
لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمیدا، نازناوی "پڕۆفیسۆر" ئاماژە بە ڕەوتێکی زانستی
پڕ لە زانیاری فراوان و لێکۆڵینەوەی تۆکمە و وانەوتنەوە و فێرکردنێکی جیاکار و نایاب دەکات . بەڵام واقیع لە هەندێ دامودەزگا ئەکادیمییەکانی عێراق و هەرێمدا بەگشتی ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی "نەزانیی یا جەهلی پۆشراو" دەکات، کە لەوێدا لاوازی توانست و ئەزموون لە پشت نازناوە ئەکادیمییە بەرزەکانەوە دەشاردرێتەوە کە زۆرجار لەسەر بنەمای توانا و لێهاتووی جیددی نییە. ئەم دیاردەیە بریتییە لە لادانێکی مەترسیدار لە پێوەرەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی قووڵ لە سیستەمی خوێندنی باڵادا.
و کەسانێک هەن هەڵگری نازناوی پرۆفیسۆرن خاوەنی تەنها بەشێکی زۆر کەم لە مەعریفەن بە گشتی ، کە لە هەڵسانگاندنی خوێندکاران و هاوڕیی پیشەکانیان بۆ ئەدا و رەفتاریان گەواهی لەوە دەدا ، لەبەر ئەوەی ناخوێننەوە و بەدواداچوونیان نییە و نوێکاری لە زانیارییە بەسەرچووەکانیان ناکەن و خۆیان لە ژێر نازناوە زانستییەکە«نازانستییەکە!» دەشارننەوە دوور لە هەستی بەرپرسیارییەتی یا چاودییەرێکی دەرەکی ، و بەو پاشماوە زانیاریانەی کە لە خوێندنی بەرایی و باڵا وەریانگرتووە کاری ئەکادیمی خۆیان پێ دەبنەسەر.
پێناسەی دیاردەکە:
"نەزانین یا جەهلی پۆشراو یا شاراوە" بریتییە لە دۆخێک کاتێک تاکێک پێگەیەکی ئەکادیمی یان نازناوێکی بەرز بەدەست دەهێنێت، لە هەمان کاتدا لێهاتویی لە ئاستی ئەو نازناوە نییە یا زانیاری یان بنەمای کارامەیی پێویستی نییە. ئەم تاکە ڕەنگە بتوانێت لە مەرجە فەرمییەکان تێپەڕێت، بەڵام توانای ڕاستەقینەی نییە بۆ ئەنجامدانی ڕۆڵی ئەکادیمی بە شێوەیەکی دروست. ئەم نەزانییە زۆرجار پۆشراوە بە شێوازە دەرەکییەکان ، وەک بڕوانامە و نازناو و پۆستە فەرمییەکان و دەمامک دەکرێت.
هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە:
1. بایەخدان بە چەندایەتی زیاتر لە جۆرێتی یا کواڵەتی زانستی و ڕۆشنبیری ،
بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی لەسەر بنەمای ژمارەی توێژینەوەکان دەبێت نەک بە پێی بەها و جۆری یان ئاستی ڕاسیەقینەی زانستی.
2. گەندەڵی و واسیتە :
جاری واهەیە بۆ ئەو مەبەستە پشت بە پەیوەندییە کەسییەکان دەبەسرێت بۆ جێبەجێکردنه مامەڵەی پلەبەرزکردنەوە، کەواتا پشتگوێخستنی هەڵسەنگاندنی بابەتیانە.
3. نەبوونی لێپرسینەوەی زانستی:
لاوازی لیژنەکانی هەڵسەنگاندن و نەبوونی شەفافیەت دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پلەی کەسانی ناشایستە.
4. بڵاوبوونەوەی گۆڤاری لاواز:
بڵاوکردنەوە لە گۆڤارە لاواز و بازرگانییەکان بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینەی ، ئەو گۆڤارانە ورک ئامرازێکی ڕواڵەتی بۆ بەرزکردنەوەی پلە بەکاردەهێنرێت.
لێکەوتەکانی دیاردەکە:
• دابەزینی کوالیتی خوێندن:
ئەکادیمییەکی نەزان خوێندکاری لاواز بەرهەم دەهێنێت و هەمان شێواز دووبارە دەکاتەوە.
• نەبوونی متمانەی کۆمەڵگە:
ڕێزی کۆمەڵگە بۆ دامەزراوە ئەکادیمییەکە لاواز دەکات، و سووکایەتیکردن بەو نازناوانە زیاد دەکات.
• پەراوێزخستنی کەسانی لێهاتووی ڕاستەقینە:
کەسە ماندوونەناسەکان پەراویزدەخرێن ، یا هەست بە بێزاری و ناکامی دەکەن ، ئەمەش گیانی کێبڕکێی زانستی دادپەروەرانە لاواز دەکات.
• دابەزینی ناوبانگی زانکۆکان:
ئەو زانکۆیانەی کە ئەم شێوازە لە خۆیان دەگرن، جێگەی خۆیان لە ڕیزبەندی ئەکادیمی جیهانیدا لەدەست دەدەن.
• دابەزینی کوالیتی خوێندن:
بوونی پرۆفیسۆری ناشارەزا لە پۆستە کاریگەرەکاندا دەبێتە هۆی خراپی بڕوانامەی خوێندکار و نزمیی ستانداردی دەرچوون.
• شێواندنی پێگەی زانستی:
ناونیشانە هەڵئاوساوەکان مانای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن، زیان بە ناوبانگی دامەزراوە عێراقییەکان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا دەگەیەنن.
• پەکخستنی توانسیە ڕاستەقینەکان:
ئەکادیمیستە ماندووەکان هەست بە ناکامی دەکەن کاتێک هاوتا دەکرێن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بە ڕێگەی نازانستی نازناوەکەیان بەدەستهێناوە.
• قووڵکردنەوەی بۆشایی نێوان ناونیشان و واقیع:
"پڕۆفیسۆر" لە هێمای زانین و مەعریفەوە دەگۆڕێت بۆ تەنها نازناویکی سادە و بێ ناوەرۆک ، کە ئەمەش گومانی گشتی لەسەر متمانەپێکردن بە نازناوە ئەکادیمییەکان دروست دەکات.
چارەسەر و پێشنیاز:
1. پەیڕەوکردنی هەڵسەنگاندنی چۆنایەتی:
وەک سەرچاوە زانستییەکان، پڕۆژەی کردارییەکان ، و کاریگەری کۆمەڵایەتی.
2. دامەزراندنی لیژنەی هەڵسەنگاندنی خاوەن بڕیار و سەربەخۆ و باوەڕپێکراو لەلایەن دەزگا ئەکادیمییە ناوخۆیی یان نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
3. بەیوەستکردنی نازناوەکان بە ئەدای ڕاستەقینە:
نابیت نازناو ببەخشرێت تەنها دوای هەڵسەنگاندنێکی وردی بۆ ئاستی وانەوتنەوە و لێکۆڵینەوە نەبێت.
4. بەرەنگاربوونەوەی گۆڤاری لاواز و ناپەسەند :
دەبێت بە پێی پێوەرەکانی بەرزکردنەوە، بڵاوکردنەوە لەو جۆرە گۆڤارانە هەژمارنەکرێت .
5. پەیڕەەکردنی میساقێکی ئەکادیمی شەفاف:
بۆ هەر بەرزکردنەوەیەک دەبێت دان بە پێوەرەکانی دەستپاکی و شایستەیی و کارامەیی بنرێت .
ئەنجام:
جەهلی پۆشراو یا شاراوە مەترسییەکە کە لە ناوەوە هەڕەشە لە پێکهاتەی زانستی و پەروەردەیی دەکات و دەبێت ڕووبەڕووی یاسایەکی توند و ئیرادەی ئەکادیمی دڵسۆز بێتەوە. پاراستنی ناوبانگی نازناوی ئەکادیمی و کوالیتی دەرئەنجامە پەروەردەییەکان تەنها بە گەڕاندنەوەی ڕێزگرتن لە زانستی ڕاستەقینە و بەستنەوەی پۆستەکان بە لێهاتوویی نەک بە ڕواڵەت بەدەست دێت. عێراق وەک وڵاتێکی دێرین لە مێژووی ئەکادیمیدا، نابێت ملکەچی ساختەکاری نازناوەکان بێت. بەڵکو پێویستە پێشەنگی وڵاتان بێت کە بەرەنگاربوونەوەی "جەهل یا نەزانیی پۆشراو " بێت .
لە هەر کۆمەڵگەیەک ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری تاکەکان لە زۆر نزمەوە دەست پێدەکات بۆ ئاستێکی زۆر بەرز ، بێگومان زۆرینە دەکەونە ناوەڕاستەوە، لەگەڵ ئەو بەشەی کە پێی دەوترێت مرۆڤی نیمچە خوێندەوار ، و کەمینە بچووکەکەش کە خاوەن ڕۆشنبیری و هۆشیارییەکی فراوانن، ئەوانە نوخبە یا بژاردەیەکی تایبەتن یا نامۆن ، خاوەن ئاستێکی بەرزن لە درککردنیان بۆ ڕاستی و بە شێوەیەکی بابەتیانە مامەڵە لەگەڵ واقیع و لایەنەکانی دەکەن، لە ڕووی فیکرییەوە دوورن لە مشەخۆرەکانی عەقڵ کە خۆیان لە لایەنگری و بیرۆکە پێشووەکان ڕزگاکردووە . ئەمە ئەو کارەساتە گەورەیە کە کۆمەڵگەی ئێمەی بە تایبەت دامودەزگا ئەکادیمییەکانمان توشیبووە، کە بریتییە لە زیادبوونی ژمارەیەک لە ستافی مامۆستایان لەسەر حیسابی کوالیتی، کە بووەتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە ئاستی خوێندن، و نەزانینی یا جەهلی پۆشراویش جێگای خۆی گرتووە لە زۆرینەی خاوەن بڕوانامەی باڵاکان و نازناوی بەرزە ئەکادیمییەکان! تا ئەوپەڕی کارەسات، لە ڕاستیدا هیچ هەوڵێکیان لە پەرەپێدانی خۆیان نەداوە ، و ئەو هەوڵەش نادەن تاکو بەو شێوەیە خۆیان دەرخەن کەوا تەنها خاوەن بڕوانامە و نازناوی ئەکادیمی بەرزن ! و لە ئاستێکی تەسکی زانیاری کە پەیوەندی بەو پسپۆڕییەوە هەیە دەسوڕێنەوە، و ئەمەش تەنها کۆپیکردنێکی دووبارەبوونەوەی زانیارییە ئەکادیمیەکانە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی گشتگیری مەعریفی بکرێت لە سەردەمی لیبرالیزم و پۆست مۆدێرنیزم و جیهانگیری و زیرەکی دەستکرددا، کە ئەکادیمیست دەبێت ئاشنایی هەندێک لایەنی گرنگ بێت کە پەیوەندییان بە ژیانی گشتیەوە هەیە و ڕۆڵ دەبینن لە بەرزکردنەوەی لێهاتوویی و توانستی فیکری زانستی لە هۆڵەکانی وانەوتنەوەدا. بۆیە لووتبەرزی ئەکادیمی خاوەنەکەی فریو دەدات کەوا لەڕووی مەعریفییەوە کامڵبووە بەبێ ئەوەی درک بەم لاوازی خۆی بکات ئەویش پێبەشبوونە لە مەعریفەیەکی گشتگیر و لە «ڕۆشنبیری ژیان» کە تەنیا لە ڕێگەی سۆراغێکی فراوان دەتوانرێت چارەسەر بکرێت کە بریتییە لە خوێندنەوەی هەمەچەشن لە ئەدەب و فەلسەفە و پراکتیزەکردنی خولیاکان دەگرێتەوە کە دەوڵەمەندی و چێژ و تێگەیشتن لە ژیانمان پێدەبەخشێت، وەک هونەر، مۆسیقا، وەرزش و سەفەرکردن.
نەبوونی ڕۆشنبیریی ژیان بە کەموکورتیەک لە کەسایەتی ئەکادیمی دادەنرێت، ئەمەش بە شێوەیەکی نەرێنی لە ڕەفتار و مامەڵەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. ڕێژەیەکی دیاریکراویان هەیە کە لە ژێر بریقەی بڕوانامە یان نازناوەکەدا تووشی ئەم نەخۆشییە تاریکە بوون. ئەوە "جەهلی پۆشراو" ە یان هەژاری مەعریفییە، بەو پێیەی ئەوان بەم هاوسەنگییە نزم و تەسکەی زانست ڕازی دەبن بەبێ ئەوەی لە ڕێگەی خوێندنەوە و بەدواداچوونێکی بەئەمەکەوە بچنە دەرەوە بۆ جیهانی فراوان کە شایەنی مامۆستایەکی زانکۆیە.
* مامۆستای زانکۆ /زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، دکتۆرا لە دەروونزانی "کەسایەتی و دروستی دەروونی” /زانکۆی بەغدا.
سەرچاوە : سپی میدیا