فارس نەورۆڵی
ئاگر بڕ چەمکێکی جوتیاری یە، جاران لە گوندەکان کە گەنم و جۆیان دەچاند لەکۆتایی بەهاردا خەڵکی گوند یان جوتیارەکان دەچوون بەدەوری، یان هەندێ جار لە چەند شوێنێکی ناوەڕاستی گەنم و جۆکەیاندا بۆشاییەکیان دروست دەکرد و پاکیان دەکردەوە لە پووش و پەڵاش.
بۆ ئەوەی ئەگەر ئاگرێک کەوتەوە نەگاتە گەنم و جۆکەیان یان ئەگەر گەشت زیان زۆر نەدا تاکو جوتیارەکان یان خەڵکی گوند فریا دەکەون، بۆ ڕێگا گرتن لەئاگرەکە ئەوەی جێگای هەڵوێستە و خاڵێکی پرشنگدارە لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە ئەگەر دوو جوتیار یان دوو ماڵ لەگوندەکەدا ناتەبابن ئەوا لەکاتی ئاگر کەوتنەوەدا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ئاگر بڕکردنی، هەموویان پێکەوە و بەهەرەوەزی هەڵمەت دەبەن، ئەم هەرەوەزی یە دەکرێ تەوزیف کرێت بۆ فەزای سیاسی، کاتێک قەیرانێک یان ئاشوبێک سەر هەڵدەدا دەبێت هێزەکان جیاوازییەکانیان سڕبکەن و وەکو ئەو جوتیارانە بەهەرەوەزی کاربکەن بۆ ڕێگرتن لەئاگر یان ئاشوب.
نموونەیەکی دیکەی جوانی ئەقڵانی دەڵێ: دوو پیاو لەگوندێکدا دوژمنی یەک دەبن ڕۆژێک یەکێکیان لەڕۆژێکی سەختی زستاندا بارێکی پێ دەبێت و لەڕێگادا بارەکەی بەسەر وڵاخەکەیەوە لار دەبێت و بۆی ڕاست ناکرێتەوە لەوکاتەدا هاوگوندییەکەی کە دووژمنێتی دێت و دەبینێ کە کابرای هاوگوندی بارەکەی لار بووە دەڵێ برا با دووژمنایەتیەکە بخەینە ئەو لاوە بارەکەت لەتەکدا ڕاستکەمەوە، ئەم نموونەش دەکرێ لەفەزای سیاسیدا تەوزیف بکرێت.
ئێستا ناوچەکە لەو دۆخەدایە کە هەموومان دەیبینین، کورد بەهۆی ناتەبایی خۆیەوە بارەکەی لارە بۆیە پێویستە ئەحزاب پەند لەو دوو نموونە گوندیە وەربگرن و جیاوازیەکانیان وەلاوەبنێن بۆ قۆناغێکی دیکە و هەم ئاگر بڕ دروست بکەن و هەم بارە لارەکەی کورد ڕاستکەنەوە. ئاخر ناکرێ جوتیارێکی هەژاری گوندی (٧٠)ساڵ پێش ئێستا پێش کاردانەوەی دووژمنایەتی و ناکۆکی نێوانیان بیری کردۆتەوە کە بچێتە ناو دەستەی هەرەوەزی بۆ ئاگربڕی یان کوژاندنەوەی ئاگرێ کە دەغڵی خەڵکی گوندەکەی نەسوتێنێ یان ڕاستکردنەوەی باری لاری هاوگوندییەکەی کە باراشی بۆ ئاش بردبێت، کەچی لەسەردەمی زیرەکی دەستکرد و لەدۆخێکی وەهادا لەناو شەڕ و ئاشوبی ناوچەکە ئەحزاب و دەسەڵاتدارانی کورد و ئۆپۆزسیۆنەکەی لەم هەرێمەدا نەتوانن کارێکی هەرەوەزی بکەن بۆ ئەوەی ئاگری شەڕ نیشتیمانەکەمان نەسوتێنێ ،هیچ حیزبێک وابیر نەکاتەوەکەئاگرهەبولەئەودوردەبێت چونکە کەئاگر نزیک بو تۆش بەشێک نەبی لەئاگرەکە ئەو بەشێکە لەتۆ .
سەرچاوە : هاوڵاتی