زیندانەكانی قەڵای سەربازی نزاركێ و ئاكرێ و سەربازگەی سەلامییە

 

 

عەلی مەحمود محەمەد

 

قەڵای نزاركێ لە رۆژهەڵاتی ناوەندی شاری دهۆكە, لە نزیك گوندی بەڕۆشكێڤە, لەناو سنوری گوندی نزاركێیە, لە گەلی بێسێرێ و بەرزاییەكانی ئەردێ كەلهێ یە.

لە كۆتایی ساڵی 1976 دەست بە دروستكردنی ئەم تەلارە زەبلاحە كۆنكریتییە كراوە, لەسەر رەنگڕێژی تەلارسازی سۆڤیەتی,  لە ماوەی 5 ساڵ تەواو كراوە, هەموو قەڵاكان عێراق یەك رووبەر و ئەندازیارییە  15000  مەتری چوار گۆشەیە و لە چوار لاوە چەكی دژە فڕۆكە پاراستونی.

قەڵای نزاركێ یەكێكە لە 2 قەلاكەی بادینان, لە پاڵ  قەڵای سەربازی ئاكرێ, هەروەها چەند قەلایەكی دیكە بە دیزاینێكی زۆر بچووكتر هەن  كەلها دەڤەرا بێرسڤێ و شێخان و زاخۆ.

لە رێكەوتی 28-8-1988 ەوە, سێ رۆژ دوای دەستپێكردنی ئەنفالی بادینان، ئەنفالكراوانی بادینانیان هێناوەتە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ, ئەم قەڵایە تا نزیك مانگی دەی هەمان ساڵ بەردەوام ئەنفالكراوانی تێدا بووە, چونكە لە لێبوردنە گشتییەكەی 6-9-1988 یش بە دواوە لە جوگرافیای ئەنفالی بادینان ئەنفالكردن بەردەوام بووە, تەنانەت ئەوانەشی خۆیان داوە بە دەستەوە كار بە  بڕیاری لێبوردن و ریكارە راگەیەنراوەكان نەكراوە بەرامبەریان.

ئەنفالكراوانی بادینان ژمارەیان چەند بووە

بەهۆی دەستكەوتنی بەڵگەنامەیەكەوە, هەموو ئاماری ئەنفالكراوانی بادینان لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا ئاشكرا دەبن, بەپێی راپۆرتی ژمارە 28/8 لە  رێكەوتی 3-9-1988ـی فەیلەقی پێنج كە لیوا روكن یونس محەممەد زەرب فەرماندەی فەیلەق واژۆیكردووە، لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا كۆی گشتی 14473 كەس دەستگیركران، لەو ژمارەیە  2252 یان پیاو بوونە، 3303 كەسیان ژن بوونە, 7847 كەسیشیان منداڵ بوونە, هەروەها 211 كەس خۆیان داوە بە دەستەوە، 482 كەسی دیكەش لەوانەی بە موستەلەحی ئەوان "تێكدەر" ناویانیانی بردووە دەستگیركراون, بەشی زۆری ئەمانە بە قەلای نزاركێدا تێپەڕیوون جگە لەوانەی زیندانی سەربازگەی قەڵای ئاكرێ بوونە. زیندانیان لەم زیندانە لە رۆژێكەوە تا دوو هەفتە بۆ بەشێك لە پیرەكان زیاتریش ماونەتەوە.

ئەنفالكراوان لە كوێوە هێنران؟

خەڵكە دەستگیركراوەكەی قۆناغی ئەنفالی هەشت, كە پانتایی جوگرافیایەكەی زیاتر لە 10 كیلۆمەتری چوارگۆشە بووە, لە كۆمەڵێك جێگاوە گواستراونەتەوە بۆ هەردوو قەڵای سەربازی نزاركێ لە شاری دهۆك و قەڵای سەربازی لە قەزای ئاكرێ. 

یەكەم قۆناغی زیندانیكردنی هەندێكیان كۆمەڵگای دێرەلوك بووە, هەندێكی دی سۆری ژێرێ و كوانێ و قوتابخانەیەك لە هاوینە هەواری سەرسەنگ, لە قەزای ئامێدیش ناوەندی پۆلیس و سەربازگەی شارەكە و بارەگای یەكێتی مامۆستایان جێگای كۆكردنەەی ئەنفالكراوان بوونە, لە قەزای زاخۆ كۆمەڵگای بێرسفێ و هێزاواو  وە قەڵا سەربازییەكەی مانگێش.

لە ناحیەی مانگێش هەندێك لە ئەنفالكراوان بردراون بۆ شوێنی ئاژەڵان, بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێشی ئەوكات كە پیاوێكی كریستان بووە, پاڕاوەتەوە لە ئەفسەری بەرپرسی سەربازی نەیان كوژن, رۆژی دواتر بردراون بۆ تەلاری ناحیەی مانگێش, ژن و منداڵی كەمتر لە 15 ساڵ  بە پاس, پیاوەكانیش بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ. بەشێك لە ئەنفالكراوانی زیندانیكراو لە ناحیەی مانگێش, سێ رۆژ لە ناحیەی مانگێش ماونەتەوە, ئەو ماوەیە خواردنیان نەداوە پێیان, هاووڵاتیانی ناحیەی مانگێش خواردنیان بۆ بردوون. هەندێكی دی لە زیندانیان وەك دەگێڕنەوە, سەرەتا بردراونەتە ناو قوتابخانە لە ناحیەی مانگێش, رۆژی دواتر بردراون بۆ زیندانی قەڵای نزاركێ, لە قوتابخانەی مانگێش پیاو لە ژورەوە دەرگایان لێ دخراوە, منداڵ و ژنانیش لە گۆڕەپانەكەی كۆكراونەتەوە. بەشێكیش سەرەتا لە نافشكە كۆكراونەتەوە, لەوێوە گواستراونەتەوە بۆ مانگێش, دواتر بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی مانگێش, ئەوجا بۆ سەربازگەی قەڵای نزاركێ.

مریەم كەڕەم مەرعان سیتەیی رێكانی  هاووڵاتی  گوندی سیتە دەڵێت دوو گیان بووم بە زیل بردراین  بۆ ئۆردوگای دێرەلوك, كە گەیشتین هەزاران كەس لە دێرەلوك  بە زیندانی كۆكرابوونەوە, ژن و پیاویان لەوێ لە یەكتر جیا كردەوە, دوو رۆژ لە ئۆردوگای دێرەلوك ماینەوە. ئوسمانی باوك منداڵەكانم بۆ ماوەیەك لەوێ بینی, ئەفسەرەكە رێگەیانی داوە بۆ بینینی, ئەو وتبووی بە شەق و پۆستاڵ ئێمەیان كردە ناو زیلەكە كە هێنامانیان بۆ ئێرە. دواتر لە ئۆردوگای دێرەلوكەوە هێنامانیان بۆ سەربازگەی قەڵای نزاركێ بە ئۆتۆمۆبیلی زیلی سەربازی.

هەروەها بەشێك  لە خەڵكە ئەنفالكراوەكان بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی بردراون بۆ قەڵای سەربازی قدش, لە كۆمانەوە بە سەیارەی سەربازی بردراون بۆ قەڵای قدش, لەوێ لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ كراوەو ئەشكەنجەی پیاوەكان دراوە. بەشێكی دی براونەتە گوندی فرشا؟؟ لەوێ ژن و منداڵ جیاكراونەتەوە, بە جادەی سەرەكی كانا وە بەڕێ كراون, بەدوای یەكا بەسەر شەقامەكەیا, پیاوەكان كراونەتە ناو زیلەوە, ژن و منداڵیش بە جیا بۆ قەڵای قدش ؟, دوای كاتژمێرێك مانەوە ئەوجا بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ.

دوای دەرچوونی لێبوردنە گشتییەكەش لە ئەنفالی هەشت خەڵك دەستگیر كراون, ئەوانەی كە خۆیان تەسلیم كردووە, بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی برداون بۆ قەڵای قدیش, دواتر گواستراونەتەوە  بۆ زیندانی قەلای سەربازی نزاركێ.

هەرچەندە میدل ئیست ۆچ وا رادەگەیەنێت "بە گوێرەی قسەی ئەفسەرە مەیدانییەكانی ئەوسا لە بادینان، كەوا فەرمانیان پێگەیشتبوو چیتر بەندییەكانیان نەكوژن" وەلێ دوای لێبوردنە گشتییەكە لە كوشتنی پیاوانی گەنجی ئەنفالی بادینان بەردەوام بوونە.

كەتان تاهیر زێوەیی  هاووڵاتی گوندێ  زێوا شێخ پیرامیسی  نزیك بامەڕنی دەڵێت"دوای لێبوردنە گشتییەكە كە گرتمانیان جاش و جەیش  بردمانیان بۆ كۆمەڵگای قەدش, جنێویان پێمان دا, چیمان پێ بوو لێمانیان سەند, ئەو ماوەیە خواردنیان پێمان نەدا, دوایی بە ئیڤای عەسكەری بردمانیان بۆ زیندانی قەلای نزاركێ.

گروپێكیش دوای لێبوردنە گشتییەكە خۆیان تەسلیم كردۆتەوە, بردراون بۆ ئەنشكا دواتر راستەوخۆ بۆ سەربازگەی قەڵای نزاركێ.

بەشێكیش لە ئەنفالكراوان بردراون بۆ قەڵای سەربازی ئاكرێ, كە لەسەر تەرزی قەڵای نزاركێ دروست كراوە, لە قەبارەرەو شێوەدا وەك ئەوە, راستەوخۆ لەوێشەوە بردراون بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی جێژنیكان, نایف رەشو لەم بارەوە دەڵێت " روزا 5/9 ئەم نەچاربووین زاروك و خێزانیت خۆ مە تەسلیم كرن ،و ئەم هاتین دابین چیایێ گارەیی نێزیك 10هەزار كەس لناف چیایێ گارەیی ئاسێ مابۆن ئەم ژی وەك هەزاران كەسین دی هاتن گرتن.

ئەم ڤەگوهاستین بۆ قەلعا ئاكرێ و پاشی بۆ بارگەیی جیش شعبی، سوپاس بۆ جەماوەرێ ئاكری بومە خوارن ئینا ئەو جەند روژ بوو مە خوارنەك دورست نەخوار بوو ئەم سیاری سەیاڕێت ئیڤایێن سەربازی كرین، من ج ژ خێزان و زاروكێت خۆ نەد زانی ئەم برین بۆ ناحیا كەلەكێ توماركرین ئەم برین بەحركێ و مە ل و ێدەرێ خێزان و زاروكین خۆ ل جەژنیكان دیتن ،  " " ل دوو میحوەرا شەر بوو هەر ژ ئەتروش هەتا زاخو ئەو كەسێن د گرتن د برنە قەلعا نزاركێ ئانكو قەلعا هنگافتنێ و ژ ئەتروش هەتا خواكورك وسوران ئەوێن د هاتنە گرتن و ڤەدگوهاستن بۆ قەلعا ئاكری". قەلای سەربازی ئاكرێ  " 95 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە و ١٢٠ كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری دهۆكەوە، لە نێوان سێ چیادایە".

ئەم دوو قەڵایە كە ئەنفالكراوانی بادینانیان بۆیان گواستۆتەوە, هەر یەكەیان لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتییەكی ئەمنی شارێكدا بوونە, قەڵای سەربازی ئاكرێ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شاری موسڵ سەرپەرشتی زیندانییەكان ناوی كردووە, قەڵای سەربازی نزاركێش لە دهۆك لە ژێر سەرپەرشتی  بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی دهۆك بووە.

جیاكردنەوە

لە سەربازگەی قەڵای نزاركێ  وەك سەربازگەی تۆپزاوا ئەوانەی تازە دەگەیشتنە جێ, یەكسەر جیادەكرانەوە, پیاو و كوڕە گەنجەكان دەكرانە لایەكەوە, ژن و منداڵ و خەڵكی بەتەمەنیش لە لاكەی دیكەی گۆڕەپانی سەربازگەكە رادەگیران.

پۆڕێ سندی دەگێڕێتەوە  دەڵێت لە دهۆك مەبەستی زیندانی قەلای سەربازگەی نزاركێیە, بە قامچی بەرەو روومان هاتن لەو كاتەی دەگەن,  گەنج و پیریان جیا كردەوە.

كاتێك كە  جیاكردنەوە تەواو دەبوو، بەندییەكانیان بە سەر هۆڵە گەورە پیس و بۆگەنەكاندا دابەش دەكرد, هۆڵی رەق و تەقی تەڕ بە میز و پیسایی زیندانییەكان پێشتر سواق درابوو, بە تایبەت ئەوانەی درەنگ دەگەیشتن.

لە سەربازگەی قەڵای  نزاركێ  پیاوەكان لە نهۆمی خوارەوە دەمانەوە, ژن و منداڵیش  لە بەشی سەرەوە.

زۆربەی زیندانییەكان لە نهۆمی دووەمی قەڵاكەدا بەندكرابوون، چونكە پیاوە گەنجەكان وێڕای ئەوەی ژمارەیان كەمتر بوو,  زووتریش رەوان دەكران بۆ مەرگ,  نهۆمی سەرێ ئەوەندە  پڕ و قەرەباڵغ بووە, زیندانیان یان بە چینچكەوە دانیشتوونە, یان لەبەر قەرەباڵغی و پیسی لە تاوا دەچوونە بەر هەیوانەكان.

لێكۆڵینەوە

لە زیندانی سەربازگەی قەلای نزاركێ لێكۆڵینەوەی ورد و جیاكردنەوەی بە دیقەت لە گەڵ ئەنفالكراوان وەك زیندانی سەربازگەی تۆبزاوا نەكراوە, كەمە زانیارییەكیان لە پیاوەكان وەرگرتووە و ئەشیای بەرباخەڵ و ناسنامەكانیان لێسەندوون، بەڵام پرسیار لە ژن و منداڵەكان نەكراوە,.

 دام و دەزگای ئەمن  كە سەرپەرشتی زیندانی قەلای نزاركێیان كردووە بەو پێیەی كە پەرۆشی هەڵگرتن و پاراستنی تۆماری بەڵگەنامەیی بوون، ئەو كورتە لێپرسینەوەیان بە ڤیدیۆ تۆمار كردووە كە لە گەڵ پیاوەكانیان كردووە.

ئەشكەنجە 

ئەو پیاوانەی لە ناو ئۆتۆمۆبیلەكان كە گەیشتوونەتە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ, بە لێدان دایانیان گرتووەتە خوارەوە, هەندێكیان لە هۆش خۆیان چوونە, دوای سووكە لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی, ئەوجا بە راكێشان بردراون بۆ نهۆمی خوارەوە, ئەوەندەیان لێیان داوە, تەنانەت هەندێكیان لە جێگا كەوتوونە. 

پیاوەكان بە بەرچاوی ژن و خوشكەكانیانەوە لەو لایانەوە مات و مەلول و بێدەسەڵات بە كزی راوەستابوون,  منداڵەكانیش دەگریان و هاواریان دەكرد بۆ بینینیان, قیژە و هاواریان بوو و بۆ لای باوكەكانیان ڕایاندەكرد،  بەڵام بە سۆندەو شەق و جنێو دەیانگێڕانەوە بۆ لای دایكیان.  پیاوەكان بە دار و سۆندە و كێبڵ  فەلاقە دەكران و بەر شەق و مستەكۆڵە و زلەیان دەدان و سوكایەتیان پێ دەكردن, رێزیان لە كەرامەتیان ناگرت. 

 سكالاكەرانی دادگای بالای تاوانەكانی عێراقی وێنای چەند جۆرە  ئەشكەنجەیەك بۆ دادگای بالای تاوانەكانی عێراقی دەگێڕنەوە, لەوانە ریشی زیندانییەكیان سوتاندووە تەنها لە بەر ئەوەی درێژ بووە,  پێنج لە زیندانییە پیاوەكان  بە دەست و چاو بەستراوەییەوە ئۆتۆمۆبێل بەسەر سكیانا  رۆیشتووە و  كوشتویانیانە, بە بلۆك  كێشاویانە بە سەری زیندانییا شەهیدیان كردووە, هەروەها بەستنەوەی زیندانیان بە ستوونی نا حەوشەی زیندانییەكەوە لەبەر گەرمای مانگی ئاب و سەرەتای سەپتەمبەر.

زیندانییەكان پەڵە خوێنیان بە دیواری هۆڵەكانی خوارەوەی زیندانەكەوە بینیووە, كە شوێنی ئەشكەنجەدانی پیاوە گەنجەكان بووە. هاوكات لەسەر شێوەی دیزاینی جل و بەرگی گەنجەكان, جۆری دوورینی, درێژی ریش و زۆری پشدێن  و درێژی  تەزبێح و شوێنەواری كەتافەی سەر شان و  لێپرسینەوە تا ئاستی فەلاقەو لێدانی زۆر بەرامبەر بە پیاوە گەنجەكان كراوە.

چەندین حالەتی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ  لەسەر زاری زیندانیان و  هەندێك شایەدحاڵ دەگێڕدرێتەوە,  وەك كۆمەڵكوژی 18 گەنجی گوندەكانی سپێندارەو سوارێی,  وە سەلام زێوەیی رزگاربوویەكی ئەنفالە ئەو شاهیدی كۆمەڵكوژی 13 پیاوی ئەنفالكراوە, كە لەژێر ئەشكەنجەدا شەهیدبوون و لە تەنیشت قەڵاكە نێژراون. "هەموو ئەوانە بە دار و بەرد و بلۆك شەهیدكران، تاوەكو گیانیان دەرچوو ئەشكەنجەدران، خوێنی ئەوان بە دار و دیوارەوە بوو. من بینیم دوای ئەوە هەموویان بردن و نەیان هێنانەوە.",  شایەدحاڵی دیكە دەڵێن تەنها لە دوو رۆژی مانگی ئەیلول 20 كەس لە نزاركێ  مردوونە,  بەڵام تا ئێستا گۆڕی هیچ كام لەو كۆمەڵكوژیانە نەدۆزراوەتەوە, تاكو لە رێی دۆزینەوەی روفاتەكانیانەوە پشت راست بكرێنەوە,  سێ ئەگەر هەیە" یان روفاتیان تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە, یان ئەمن لە جێگایەكی دیكە ناشتویانن, یان تەنها ئەشكەنجە دراون دواتر بردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لەوێ كۆتایی بە ژیانیان لەگەڵ پیاوە گەنجەكانی دی هێنراوە.

بەڵام زیندانی قەڵای سەربازگەی ئاكرێ, بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شاری موسڵ سەرپەرشتی كردووە, ئەشكەنجەدان تیایدا وەك سەربازگەی قەلای نزاركێ نەبووە كە ئەمنی پارێزگای دهۆك بەڕێوەی بردووە, پێی دەچێت ئەوەی گەیشتبێتە ئەو قەڵایە بەخت یاری بووبێت.

ئەو ئەنفالكراوەی بە بلۆك شەهید كرا

كەم لە ئەنفالكراوانی بادینان هەن كە دەم دەكاتەوە, چیرۆكی ئەو ئەنفالكراوە ناگێڕێتەوە لە سەربازگەی قەڵای نزاركێ, بە بەرچاوی هەموو زیندانەكانەوە  بە بلۆك شەهید كراوە.

ئەو كەسەش حەیدەر عەبدوڵا حەمۆ گەرماڤی یە,  یەكەم گیان بەختكردووی زیندانی سەربازگەی  قەڵای نزاركێیە كە بە بلۆك درا لە سەری, گیانی بەختكرد. 

ئەو پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لە گەڵ پێنج برای, خەڵكی گوندی گەرماڤی  دەڤەری دۆسكییە,  كوڕێكی لە تۆپباران لە ساڵی 1985  شەهید بووە, ئەو  لە رێكەوتی 25-8-1988 , لە یەكەم رۆژی ئەنفالی بادینان لە گوندی بیسكێ ئەنفال كرا, پاش ئەوەی گوندەكەیان  لە رۆژهەلاتی برجینی, كەوتە بەر كیمیاباران.

 هەروەها فەریدا عەلی گوندی ئیسیان دەڵێت دوو برام بە ناوەكانی شەهید ئەرجان و شەهید فەرید لە قەڵای نزاركێ و قەڵای ئاكرێ بە دارو  و بلۆك كوژران.

نان و ئاو

لە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ خەڵكەكە برسی, نەخۆش, پێ پەتی بوون, لێرە  خواردنیان بە گیراوەكان نەدەدا، هەرچەندە هەندێك دەگێڕنەوە كە سەموونی رەقیان بە شەق بۆیان تێگرتووە. هەروەها رێگایان نەداوە خەڵكەكە بۆڕی ئاوی حەوشەی سەربازگەكە بەكار بهێنن, ئاوی ناو تەنكی گەرم كە پیس بووە داویانە بەو خەڵكەكە.

بەشێك لە پیاوە پیرەكان ماوەیەك زیاتر لەم سەربازگەیە ماونەتەوە, دواتر ئەوانیش كەوتوونەتە شت كڕین لە حەرەسەكان, یاخود خەڵكی دهۆك خواردنیان لە نزیك تەلبەندەكە بۆ داناون, ئەوانیش چوونە هەڵیان گرتۆتەوە.

پیاوەكان چارەنووسی نادیار

لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا كۆی گشتی 2945 پیاو دەستگیر كراون یان خۆیان داوە بە دەستەوە, بە پیاوە پیرەكان و  ئەوانەشی دواتر ئازاد كران, یان وەك  ئەوانەی لە قەڵای ئاكرێ ئازاد كران.

پیاوە گەنجەكانیان كە جیا كردەوە , دوا جار بوو  ئەوان بینران وەك گەنجەكانی تۆبزاوە, لەماوەی كورتدا لە چاو بزركران,  لە پارەو سەعات و تەزبێحەوە بۆ ئەوەی پێیان بووە لە لێیان سەنراوە, گەنجەكانی نزاركێ جیاكرانەوە بە روتی تەنها بە دەرپێیەكی ژێرەوە بە ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی بردران بۆ شوێنی نادیار ئیتر ببڕای ببڕ نەبینرانەوە. شایەدحاڵێك دەگێڕێتەوە كە رۆژی دوای هێنانیان, پیاوەكان بە چاو و دەست بەستراوی لە پشتەوە,  لە سەربازگەی قەڵای نزاركێوە بردراون بۆ جێگای تا ئێستا نەزانراو, كە منداڵی كەمتر لە 15 ساڵیشییان لە گەڵدا بووە. بەڵام پیاوە پیرەكان هەندێكیان 10 رۆژ بۆ 2 هەفتە لە نزاركێ ماونەتەوە.

ناردن بۆ سەربازگەی سالمیە

سەربازگەی سەلامییە لە باشوری رۆژئاوای سەنتەری شاری موسڵە بە دوری 30 كیلۆمەتر, دەكەوێتە ناو سنووری ناحیەی نەمرودەوە, لە ژێر كارگێری شارۆچكەی نەمرودە, سەربازگەی سەلامییە دەورە درابوو بە سوپا, بۆ خۆشی پێشتر سەربازگەی سەربازی بووە.

ئەنفالكراوانی ژن و منداڵ و پیرەكان, پاش چەند ڕۆژێك لە مانەوەیان لە قەڵای نزاركێ و بینینی ئەو رۆژە حەشرە, یەكەم گروپیان رەوانەی جێگایەك كرد, كە  ژن و منداڵەكان زۆریان قەت بەو رێگایەیا نەرۆیشتبوون, دوای پێنج كاتژمێر دەگەنە جێگاكە, لە كاتی گواستنەوەی یەكێك لە كاروانەكان, بە دەم رۆیشتنەوە ژنێك منداڵی دەبێت ناوی دەنرێت هاوار.

 زیندانییەكان بە پاسی داخراوی بچووك و هەندێك جاریش پاسی بچووك یان كۆستەر و جاری واش بووە ئیڤای سەربازی ئاسایی بردراون, كە چەكداری ئەمن و ئیستیخبارات لە پاش و پێشی كاروانەكەوە دەڕۆیشتن و بە وردی چاودێریانیان كردووە.

لە زیندانی سەربازگەی سالمییە بۆ یەكەم جار نانووسین و لێكۆڵینەوەی زیندانیان دەستی پێكردووە, لەم سەربازگە یەك نهۆمییە گەورەیە كە كرابووە دوو بەشەوە, زیندانییەكان لە ئۆتۆمۆبیلەكان دابەزێنران و  تەسلیمی پۆلیس و جەیشی شەعبی كران, خرانە ناو هۆڵەكانەوە, رۆژانە تەنها سەمونی سەربازی و ئاوی گەرمی تانكییان پێ دراوە.

زیندانیان لەناو ئەو هۆڵە گەورە گەرمانە بێ بان و بن دەخەوتن, ئاودەستەكانی پیس و بۆگەن بووە, هەروەها زیندانییەكان لە ماوەی ئەو دوو بۆ سێ هەفتەییەی كە لێرە بوونە, پەیوەندی لە نێوان قاوشەكاندا نەبووەو زیندانییەكان ئاگایان لە یەكتر نەبووە.

زیندانییەك دەڵێت دوو شەو  لە نزاركێ ماینەوە, دوواتر بردمانیان بۆ زیندانی سەربازگەی سەلامییە, كۆستەر و گەڵابەو سەیارەكان پێشتریان هێنایەوە بۆ گواستنەوەمان, بە روت و قوتی هیچمان پێ نەبوو, كردمانیانە ناو ئەو هۆڵە گەورانەوە بێ هەواو پانكە بەو گەرمایە, برسی و تێنی بووین, لە سەربازگەی سەلامیە مامەڵەیان خراپتر بوو لە سەربازگەی نزاركێ.

پۆڕێ سندی رزگاربووی ئەنفالی بادینانە دەگێڕێتەوە رۆژی پێنجەم  كۆكراینەوە بۆ بردن, نەچوینایەتە ناو ئەو ئۆتۆمۆبیلەی بۆ ئێمە راگیرابوون  بە قامچی  دەمانیان كردە ناویەوە, بردمانیان بۆ  سەربازگەی سەلامییە, چەند كاتژمێر بەڕێوە بووین, مونشەئەكان لە رێگا هیچ رانەوەستان, لە سەرەتا  لەو زیندانە برسی بووین,  بارودۆخمان زۆر خراپ بوو, بەڵام  لە كۆتایی حانوتیان دانا, ئەوجا شتمان كڕی باشتر بووین.

ئەنفالكراوێكی دیكە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان قسە دەكات و دەڵَێت دوای 8 رۆژ بردمانیان بۆ زیندانی سەربازگەی سەلامییە, ژمارەی هۆڵەكانی 12  هۆڵ بوو, ژیان لەو سەربازگەیە زۆر ناخۆش بوو, لە كۆتاییدا  دوای دەرچوونی لێبوردنە گشتییەكە بە زۆر هەڵپەڕكێیان بە خەڵكەكە كرد بە دەهۆڵَ و زوڕناوە لە خۆشی  لێبوردن گشتی.

زیندانییەكی دیكە بۆ دادگای بالای تاوانەكانی عێراقی  دەگێڕێتەوە كە پیاوەكانیان بۆ ماوەی 3 رۆژ بردۆتە زیندانی سەربازگەی سەلامییە, دوایی  لەوێ بردویانیانە بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی داخراو براون بە دەست و چاو بەستراوەیی ئیتر نەبینراونەتەوە, ئەو دەڵێت خواردن خراپ بووە, خزمەتگوزاری تەندروستی نەبووە, سەربازگەكە و هۆڵەكان پیس بوونە, بۆیە منداڵ و پیر زۆر لەوێ مردوونە.

زیندانیانی كریستان و ئێزیدی

هەر لە سەربازگەی قەڵای نزارێكێ ئەنفالكراوانەوە, ئەنفالكراوە موسڵمانەكانیان لە ئەنفالكراوە كریستان و ئێزیدییەكان بە دیوارێكی دابڕكەر جیا كردۆتەوە.

هەرچەندە بەشێك لە كریستانەكان لە فەوجە جاشەكەی ملكۆ بوون, بەڵام  لێبوردنە گشتییەكە ئەوانی ناگرتەوە, چونكە لە ئاماری ساڵی 1977 ەوە  كریستان و  ئێزیدییەكان  بە عەرەب درابوونە قەڵەم.

كریستان و ئێزیدییەكان بەشێكیان ئاوارەی توركیا بوون و بە لێبوردنی گشتی گەڕانەوە, بەشێكیشیان دوای روخانی لادێكانیان چوونە شاخەكان, لە ناویشیاندا زۆرێك هەبوون پێشمەرگە بوون.

دوای لێبوردنە گشتییەكەی ژمارە 736 ی رێكەوتی 6-9-1988, ژمارەیەك پەنابەری كریستان و ئێزیدی لە توركیاوە گەڕانەوە بە خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلا خۆیان رادەست كردەوە, هەر لەوێ ئەوانیان لە كوردە موسڵمانەكان جیا كردەوە, وەك ئەنفالكراوە گرتراوەكان نێردران بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ, بەلام كوردە وسڵمانەكانیان نارد بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی بەحركە, لە سەربازگەی نزاركێ شەش هۆڵیان لە نهۆمی سەرەوە لە جێگای ژن و منداڵەكان پێشتر, كە ئەوكاتە بردرابوون بۆ سەربازگەی سەلامییە بۆیان جیا كردبوەوە. 

ژن و منداڵ و پیرەكانیش پاش ئەوەی تاقە شەوێك لە دهۆك هێشتبوونیانەوە بە پاس ڕەوانەی ئۆردوگای بەحركە و جێژنیكانیان كردوون. هەر وەها تەواوی پیاوانی گەنجی كریستان  و ئێزیدییان بە ئۆتۆمبیلی داخراو وەك گەنجە كوردە موسڵمانەكان  بۆجێگایەكی نەزانراو رەوانە كردووە. 

هێشتا بنەو بارگەیان تەواویان نەخستبوو لە ئۆردوگای زۆرە ملێی بەحركەو جێژنیكان, لەو دەشت و دەرە لە ناو مارو دووپشك بوون, لە سەرەتای هەفتەی كۆتایی مانگی سەپتەمبەردا كریستان و ئێزیدییەكان  لە لایەن ئیستخباراتی عێراقییەوە دەستگیر دەكرێن, لەوێ پێیانیان وتبوو دەتانبەین بۆ لای پیاوەكانتان.

دواتر لە بنكەی پۆلیس هەموو ناوەكانیان بەراورد دەكرێن, كریستان ئێزیدییەكان لە یەك جیا دەكەنەوە, وە ئێزیدییەكانیش ئەوانەی لە سەربازگەی قەڵای ئاكری و قەڵای نزاركێ  بوونە, لە یەكتری جیا دەكرێنەوە, ئەوانەی لە  زیندانی قەڵای ئاكرێ وە هێنرابوون دەستگیر ناكرێنەوە لە گەڵ چەند كریستانێك لە ئۆردوگاكە دەمێننەوە, تا نزیك ئەوكاتەی سەدام كوەیت داگیر دەكات و قەدەغەی هات و چۆ هەڵدەگرترێت, ئیتر دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكان خۆیان. لەم پرۆسە زاڵمانەیە كۆی گشتی 152 هاووڵاتی ئاشورو كلدانی كریستان و 183 هاووڵاتی ئێزیدی ئەنفالكران .

گۆڕێكی بە كۆمەڵ

لە ساڵی 2018 لە رێورەسمی یادی 30 ساڵەی ئەنفالی بادیناندا 13 رووفات لە قەڵای نزاركێ بە خاكسپێردران,  كە لە ساڵی 2007دا لە گۆرستانی شاخكێ لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ دەرهێنرابوون، ئەو رووفاتانە تا ئێستا نەناسراونەتەوە، ئێستا شوێنی لە گۆڕنانیان وەكو گۆڕستانی ئەنفالكراوان دەناسرێت لە قەڵای نزاركێ، كەسوكاری قوربانیان داوا دەكەن پشكنینی DNA بۆ قوربانییان بكرێت, تا رووفاتەكان بناسرێنەوە, ئیتر تاكو ئێستا  هیچ گۆڕێكی بە كۆمەڵی پیاوە گەنجەكانی ئەنفالكراوانی بادینان نەدۆزراونەتەوە.

ئۆردوگاكانی بەحركەو جێژنیكان جهەنەمێك بۆ ئەنفالكراوان

ئەنفالكراوانی بادینان لە هەموو  لایەكەوە  رێگاكەی روو لە بەحركەو جێژنیكان بوو, لە زیندانی سەربازگەی سالمییەوەو لە زیندانی قەڵای ئاكرێوە, لە زیندانی قەلای سەربازی نزاركێوە, لە ئیبراهیم خەلیلەوە, لە سنووری ئێرانەوە,  تەنانەت هەندێك لە ناحیەی بێكوڤای زاخۆوە, لەو ماڵەی  هەڵاتووی ناوچەی ئەنفالكراوی بادینانی تێدا گیراوەو بە دوایدا زیندانی كراون, پاش ماوەیەك ئەشكەنجەدان  بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون و رەوانەی ئۆردوگای زۆرە ملێی بەحركە كراون.

ئەم ئۆردوگایانە توند ئابلووقە درابوون, بواری هات و چۆ زۆر كەم بوو, هیچ خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابین نەكرابوو, لەناو خۆڵ و تۆزو مارو دووپشك لە ژێر خێمە, بێ نەخۆشخانە و قوتابخانە و ئاو و كارەبا لە سەرەتا, لەسەر هاوكاری و میهرەبانی خەڵكە میهرەبانەكەی هەولێر دەژیان. ئەنفالی هەشت تا راپەڕین بەردەوام بووە, مردن لە بەحركەو جێژنیكان بێسنوور بووە وەك درێژەی ئەنفالكردن, تەنانەت هەندێك باس لە مردنی حەوت سەت منداڵ  دەكەن, كە لەو دوو ئۆردوگایە مردبێتن.

 

 

 

 

 

سەرچاوەكان:

 

1- گەلها نزاركێ  خالد ئەحمەد بادی    كوردستان  - دهۆك  بەرگی دووەم 2024 چاپخانەها پارێزگوها دهۆكێ

2- ئەنفالا بادینان قوناغا هەشتێ ودوماهێک قوناغا قرکرنێ(خاتمە الانفال)/ نایف رەشو 

3- جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد  - هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ  چاپی سێیەم  2013  چاپخانەی كەماڵ  - وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە  محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق

4- سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال  لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.

5- محكمە الانفال  اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی

6- https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/250820239 

7- https://www.facebook.com/watch/?v=948272956677311