لێکدانەوەیەک بۆ بڕیارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

 

 

 د. جەبار قادر

 

                               

ڕاگەیاندنی دوازدەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان و گوتەکانی کاربەدەستانی تورک لە بارەی "برایەتی هەزار ساڵەی تورک و کورد"ەوە، وەڵامی هەموو پرسیارەکان نادەنەوە سەبارەت بەو پرۆسە بێ ناوەی لە تورکیا دەستپێکردووە. ئەوەی شارەزایی لە کاروباری سیاسی و کارگێڕیدا هەبێت، دەزانێت ئەم جۆرە ڕاگەیاندراو و گوتارانە بە چەند فلتەردا تێ دەپەڕن پێش ئەوەی بڵاو بکرێنەوە. بۆ لێکدانەوەی پرسەکان تەنیا ئەو فاکتانە گرنگن کە لەوێدا هاتوون. لە ڕاگەیاندنەکەی پارتی کرێکارانی کوردستاندا ئەوە هاتووە کە ئەو کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت و خۆی وەک حیزب هەڵدەوەشێنێتەوە، لە گوتاری فەرمی دەوڵەتیشدا ئاماژەی ناڕوون هەن کە لە دوای ئەو دوو هەنگاوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، ڕەنگبێ حکومەت هەندێک بڕیار بە قازانجی کورد دەربکات. مەرجەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ئەو هەنگاوانە چین و بڕیارەکانی حکومەت لە بەرامبەردا چی دەبن، هێشتا ڕوون نین. لایەنەکان لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە بۆچوون و داخوازی جۆراوجۆر دەخەنە ڕوو و نازانرێت چی لە پشتی پەردەوە ڕوو دەدات.
 

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەی خوارەوە بۆی هەیە تیشکی زیاتر بخاتە سەر پرۆسەکە: دەبێت هۆی ڕاستەقینەی ئەو بڕیارانەی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوێستی نوێی حکومەتی تورکیا چی بێ؟
 

پارتی کرێکارانی کوردستان بەرهەمی سیاسەتی کۆڵۆنیالی تورکیا و هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری تورکیایە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، هەوڵەکانی کورد چ لە ڕێگەی ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ١٩٢٥ و ١٩٣٠ و ١٩٣٨ەوو و، چ بە خەباتی سیاسی کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی پەنجاکان و شەستەکان و حەفتاکان لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە کاربەدەستانی تورکیا ناچار بکەن دەست لەو سیاسەتانە هەڵبگرن. خەباتی کورد لە ڕیزی حیزب و ڕێکخراوە تورکییەکانیش بە ڕاستڕەو و چەپەکانیانەوە بەرهەمێکی ئەوتۆیان بۆ گەلی کورد نەبوو. کودەتا سەربازییەکانی ساڵانی ١٩٦٠، ١٩٧١ و ١٩٨٠یش باری کوردیان ئەوەندەی تر سەخت کرد. لەو بارودۆخە سیاسییە ناوخۆیییە و ململانێی شەڕی سارد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پارتی کرێکارانی کوردستان لە ١٩٧٨ دامەزرێنرا. لەو سەردەمەشدا ئایدیۆلۆژییای باو لە نێو بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی گەلانی جیهانی سێیەمدا مارکسیزم بوو بە ڕەوت و ڕێبازە جیاوازەکانەوە. پارتی کرێکارانی کوردستانیش وەک گروپێکی چەپی مارکسی – لینینی توندڕەو دامەزرا و دەستی کرد بە چالاکی سیاسی کرد و لە ئابی ساڵی ١٩٨٤یشەوە دەستی دایە چەک و ڕووی لە خەباتی چەکداری کرد.
 

تێزێک لە ئارادایە کە دەڵێت پارتی کرێکارانی کوردستان ڕۆڵی کەم نەبووە لە بە ئاگاهێنانەوەی کوردانی باکووردا لە بارودۆخی ژێردەستیی خۆیان و وڵاتەکەیان. لێرەدا پێوەرێکمان لەبەردەستدا نییە ئەو ڕۆڵە بپێوین و بزانین تا چەند لەو کارەیدا سەرکەوتوو بووە. ئەی ئەگەر ئەو پارتە هەر نەبووایە پرۆسەی بە ئاگاهاتنەوەی کورد لەوێ چەندێ درێژەی دەکێشا؟، ئایە تورکیا لە سەردەمی شۆڕشی زانیاری و تیکنۆڵۆجیشدا دەیتوانی بەردەوام بە دووریان بگرێت لەو پرۆسەیە؟. ئەوەی گومانی لێ ناکرێت ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئەو بەشەی کوردستان لەگەڵ باری ژێردەستەییدا خۆیان ڕاهێنابوو و دروشمیان ئەو بوو: کەس ناتوانێت لە بەرامبەر دەوڵەتی تورک شتێک بکات!. نابێت بە دووری بزانین کە لە دوای ئەم پێشهاتانەی ئەم ڕۆژانەش جارێکی تر ئەو بۆچوونە زیندوو بکرێتەوە و پەرە بستێنێت!.

بۆ چی تورکیا دەستی بەم پرۆسە کرد؟

 

مەترسییەکانی کاربەدەستانی تورکیا لە گۆڕانکارییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بە قازانجی نەیارانی تورکیا، بە هۆیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا. هەندێک لە چاودێرانی سیاسی تورک ،کە نزیکن لە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە، باس لە پێنج قۆناخ دەکەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پرۆسەیە. بە بۆچوونی ئەوان قۆناخی یەکەم بە گوتەکانی ئەردۆگان لە یادی شەڕی مەلازگردا لە ٢٦ ئابی ٢٠٢٤دا دەستی پێ کرد کاتێ ئاماژەی بە "پتەوکردنی قەڵای ناوخۆییی تورکیا لە بەرامبەر هەڕەشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان" کرد، لەوێدا ئاماژەی بە "برایەتی هەزار ساڵەی کورد و تورکی"ش کردبوو. بە کردەیەیی قۆناخەکە بە تەوقەکردنی دەولەت باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتیدا لە یەکی ئوکتۆبەری ٢٠٢٤دا و دواتر داواکردنی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ٢٦ هەمان مانگدا دەستی پێ کرد، ئەردۆگانیش لە کۆتایی هەمان مانگدا بە هەندێک گوتەی گشتیی پشتیوانی لە بۆچوونەکەی باخچەلی کرد. پێم وایە چاودێرانی تورک نایانەوێت دان بە ڕاستییەکاندا بنێن. هەر لە دوای ٧ ئوکتۆبەری ٢٠٢٣ کاربەدەستانی تورک ترسیان لێ نیشت و کەوتنە داڕشتنی پلان بۆ هەموو ئەگەر و سیناریۆکانی شەڕی ئیسرائیل لە دژی حەماس و حیزبوڵڵا و ئێران. سیناریۆکان بریتی بوون لە دۆڕان یا بردنەوەی ئێران کە لە هەمان کاتدا بردنەوە یا دۆڕانی ئیسرائیلی دەگەیاند و لێکەوتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەر یەک لەو ئەگەرانە بۆ سەر تورکیا. لێرەدا مەترسی هەڵکشانی پێگەی کورد و ئەگەری بەکارهێنانی کارتی کوردیی لە لایەن نەیارانی تورکەوە پرسێکی سەرەکی بوو، بۆیە بە بۆچوونی من دەستپێکردنی قۆناخی یەکەمی پرۆسەکە بە کردەیی لە ئوکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە بووە، نەک ئاب و ئوکتۆبەری ٢٠٢٤. قۆناخی دووەم بە ڕاگەیاندنی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥ دەستی پێ کرد. لەم قۆناخەدا وەڵامی داخوازییەکانی باخچەلی درانەوە و دەم پارتی دیداری زۆری لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا و هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان و باخچەلی و ئەردۆگاندا کرد. بەمەش ئەم قۆناخە کۆتایی هات و قۆناخی سێیەم دەستی پێ کرد کە لە ١٢ ئایاردا بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان سەبارەت بە ڕاگرتنی خەباتی چەکداری و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە. ئێستا لەم قۆناخەداین کە بە هەستیارترین و سەختترین قۆناخ دادەنرێت و داهاتووی پرۆسەکە بەندە بە هەنگاوەکانی ئەم قۆناخەوە.  
 

هەرچی قۆناخەکانی چوارەم و پێنجەمە بە بۆچوونی ئەو چاودێرە تورکانە بریتین لە هەنگاوەکانی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕیفۆرمی دەستووری و قانوونی پێویست، کە گوایە ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە دەوڵەت بە تەواوی لە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی دڵنیا دەبێت. لەم قۆناخەدا پەرلەمان ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و ئەو چاکسازییە دەستووری و قانوونیانە لە ئەنجامی دان و سان و وتووێژ لە نێوان پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا دەردەکرێن. قۆناخی کۆتاییش دەبێت سەردەمی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و گەڕانەوەی چەکداران بێت بۆ ناو کۆمەڵگە و ڕێرەوی خەباتی سیاسی کورد لە چوارچێوەی پارتی قانوونیدا  دوور لە فشار و کۆنترۆڵی گروپی چەکدار.
 

ئەم نەخشەڕێگایە لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە کە هەنگاوەکان بەبێ کێشە بەرەو پێشەوە بچن و هیچ و تەگەرەیەک پرۆسەکە پەک نەخات. لێدوانەکانی بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان باس لە نەخشەڕێگایەکی هەندێ جیاواز دەکەن، کاتێ پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە دەبێت لە دوای بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ ئەوان حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و بەبێ کێشە بەرەو پێشەوە ببرێت. حکومەتیش پێ لەسەر نەخشەڕێگاکەی خۆی دادەگرێت. ئایە ئەم جیاوازییانە دەبنە کۆسپ لە بەردم پرۆسەکەدا یا نا، لە ڕۆژانی داهاتوودا دەردەکەن. ئەوەی دەبینرێت ڕێکەوتی دیاریکراو بۆ قۆناخەکان دانەنراون، ئەمەش لە لایەکەوە جۆرێک لە کارئاسانی بۆ هەر دوو لا فەراهەم دەکات کە لە ژێر فشاری کاتی دیاریکراودا کار ناکەن،بەڵام بە دیوەکەی تردا پرۆسەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و دەرفەتی خۆدزینەوە لە جێبەجێ کردنی خاڵەکان بۆ لایەنەکان دەڕەخسێنێت.
 

دوای سەدەیەک لە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی کورد و چل ساڵ لە شەڕ و پێکدادان کاربەدەستانی تورکیا لەوە تێگەیشتوون کە بە زەبری هێز ناتوانن کورد بێدەنگ بکەن و پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناو ببەن، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگە بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە. هەڵبەت ئەمە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستانیش دروستە کە دوای ئەو هەموو ساڵە  لەشەڕ و پێکدادان ئەویش نەیتوانیوە ئامانجەکانی لەو ڕێگەوە بەدەست بێنێت بۆیە ئەم ڕیگە نوێیەی هەڵبژارد.  
 

 ڕووداوەکانی غەززە و لوبنان و سووریا بۆ تورکیا لە دوو سەرەوە گرنگ و چارەنووسساز بوون، لە لایەکەوە دەکرا ببنە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە و دۆز و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نزیک پەرە بستێنیت و پێگەی بەهێزتر بێت و نەیارانی تورکیا بەکاری بهێنن، جا ئەوە ئێران ببووایە یا بەرەی بەرامبەر (ئیسرائیل، ئەمریکا، فەرەنسا...تاد). لە لایەکی ترەوە دەکرا ئەو ڕووداوانە دەرفەتێکی ناوازە بن بۆ تورکیا گەر خۆی بەباشی بۆیان ئامادە بکردایە. پێشهاتەکانی سووریا بە قازانجی ئیسرائیل و  تورکیا و شکستی تەواوی پلانەکانی ئێران شکانەوە. لە هەمان کاتدا دوورکەوتنەوەی ئەمریکای ترەمپ لە یەکێتی ئەوروپا پێگەی تورکیای لە مەسەلەی بەرگری لە ئەوروپا بەهێزتر کرد، بۆیە جارێکی تر باس لە ئەندامەتی تورکیا لەو یەکێتییە هاتووەتەوە ئاراوە. لەم ڕۆژانەدا تورکیا بووەتە ناوەندی دان و سانی ڕووسیا و ئوکرایینا و کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ. وا پێ دەچێت ئەمانە نیشانە بن بۆ ئەو پێگەیە نوێیەی تورکیا لە ساڵانی داهاتوودا بەدەستی دێنێت ئەگەر تورکەکان غەڕا نەبن و خەونی ئیمپراتۆریی جارێکی تر لە کەلەیان نەدات. 
 

گرتنەبەری ئەم سیاسەتە نوێیە لە لایەن تورکیاوە ئەنجامی فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە. سەبارەت بە فشارە ناوخۆیییەکان دەکرێت بەر لە هەر شتێک ئاماژە بە هەوڵی ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادان و خوێنڕێژی بکرێت. ئەم شەڕ و پێکدادانانە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا کاولکاری و مەینەتی زۆریان بۆ کوردانی باکوور دروست کردووە و بوونەتە هۆی مردنی خەڵکێکی زۆر. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەردەوام باس لە چل هەزار کوژراو دەکرێت،کە ئەمە ڕێی تێ ناچێت چونکە لەم ساڵانەی دواییدا هەزاران کەس بوونەتە قوربانی، بۆیە بە پێی سەرچاوە متمانە پێ کراوەکان دەبێت ئێستا ژمارەکە لە پەنجا هەزار بەسەرەوە بێت. شەڕ لە ناوچە چیاییە سەختەکان ڕوو دەدەن و هیچ لایەنێکی سەربەخۆ نییە ژمارەی کوژراوەکان بە وردی بژمێرێت، هەر دوو لاش وەک بەشێک لە شەڕی دەروونی زیانەکانی خۆیان بە کەم ڕادەگەیەنن و ئەوانەی لایەنی بەرامبەر گەورەتر دەکەن. پێکدادانەکان دیمەنێکی ناشیرینی تورکیایان بە دونیای دەرەوە پیشان داوە و مایەی ڕەخنە و سەرزەنشتی زۆرن.
 

زیانە ئابوورییەکانی شەڕیش زۆر گرانن، ئێستا کاربەدەستانی تورکیا دان بەوەدا دەنێن کە نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلاریان لەو شەڕانەدا بە فیڕۆ داوە، ئەمەش بارگرانییەکی قورسە بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا. لە سەردەمی تورگوت ئوێزالەوە زۆر پرۆژە پێشکەش کران و بیر لەوە کرایەوە کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، هەڵبەت بە مەرجەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا کە سەرکەوتوو نەبوون. لەم پێناوەدا زۆر جار باس لە گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی باکووری کوردستان دەکرا، وەک چارەسەر بۆ دۆزی کورد دەخرانە ڕوو. لەمەدا کاربەدەستان خۆیان لە ناوەڕۆک و گەوهەری سیاسی دۆزی نەتەوەیی کورد دەدزییەوە. هەڵبەت ئەمەش بۆی نەبوو ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستەوە بدات. هەر لە بواری ئابووریدا دەبێت فاکتەری وزە لە بیر نەکرێت. وا خەریکە باکووری کوردستان دەبێتە ناوەندێکی گرنگی وزە لە تورکیا، نەک تەنیا بە دۆزینەوە و دەرکردنی نەوت لە شڕناخ و گابار و زۆر شوێنی تر، بەڵکوو پێگەی جوگرافی ناوچەکەش لەسەر ڕێگەی گواستنەوەی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕێگای گەشەپێدانەوە دەبنە فاکتەری گرنگ بۆ هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بێنێت و هەوڵی جێگیرکردنی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی بدات.
 

فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر تورکیا بە هۆی دۆزی کوردەوە بەردەوام لە ئارادا بوونە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەمیشە ڕەخنەیان لە سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر کورد گرتووە. تورکیا تۆمارێکی ڕەشی لە ڕاپۆرتەکانی ئەو ڕێکخراوانەدا هەیە. لە ڕاستیدا هەڵوێستی کاربەدەستانی تورک بەرامبەر بە کورد بە درێژایی تەمەنی کۆماری تورکیا پەڵەیەکی ڕەشە بە مێژووی ئەو وڵاتەوە. کاربەدەستانی تورکیا ڕەخنەیان لە مافی مرۆڤ لە هەر وڵات و دەسەڵاتێک گرتبێ، یەکسەر باری سەختەی کوردیان بە چاویاندا داوە و پێیان گوتوون: بۆتان نییە وانە بە خەڵکی دیکە بڵێنەوە لە بواری مافی مرۆڤدا، ئەمە بەتایبەتی لەگەڵ کاربەدەستانی ئیسرائیلدا زۆر بە زەقی بەدی دەکرێت. هەوڵەکانی تورکیا لە ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشیپێداندا بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، کاربەدەستانی تورکیایان ناچار کرد بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ نۆرم و پێوەرەکانی ئەوروپادا کۆمەڵی ڕیفۆرمی قانوونی بکەن . لە ئەنجامی ئەو ڕیفۆرمانەدا هەموو هاووڵاتیانی تورکیا بە کورد و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەشەوە لێیان سوودمەند بوون، بەڵام تورکیا لەمەشدا دەیویست بە مەرجەکانی خۆی ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ئامادە نەبوو پێوەرەکانی کۆبنهاگن جێبەجێ بکات، بۆیە لەم بوارەشدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. کاتێ "بەهاری عەرەبی"یش قەوما، تورکیا پشتی کردە ئەوروپا و ڕووی کردە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هیوای ئەوەی لەو ڕێگەوە ببێتەوە هێزێکی مەزن و ڕۆژئاوا ناچار بکات وەک زلهێزێک مامەڵەی لە گەڵدا بکات، لەوێشدا شکستی خوارد و لێکەوتەکانی زۆر زیانبەخش بوون بۆی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆر لە وڵاتانی ناوچەکەدا ئاڵۆز بوون. لە کاتی شەڕیشدا لە دژی داعش فشاری زۆری خرایە سەر بۆ ئەوەی مامەڵەی بەرامبەر کورد بگۆڕێت و دۆزەکەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکات.
 

فاکتەرێکی تری گرنگ کە کاربەدەستانی تورکیای هێنایە سەر ڕێی گەڕان بەدوای چارەسەریدا ئەوەیە کە پارتی داد و گەشیپێدان لەو کاتەوە گەیشتوەتە دەسەڵات هەوڵی ئەوەی داوە دەنگی دانیشتوانی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەندێک هەنگاوی شەرمنانەی نا بۆ کەمکردنەوەی فشار لە سەر کورد و زمانی کوردی. لە ئەو هەنگاوانەدا لە ترسی سوپا شەرمنانە هەڵس و کەوتی دەکرد و  هەنگاوێکی بۆ پێشەوە دەنا و دوو هەنگاو بۆ دواوە، بۆیە ئەنجامێکی وایان بەدەستەوە نەدا و پارتەکەی ئەردۆگان نەیتوانی متمانەی کورد بەدەست بهێنێت. دوای ئەوەی پێگەی سیاسی خۆی و پارتەکەی بەهێز کرد و سنووری بۆ دەسەڵاتی ژەنەراڵەکان دانا، لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە دەستی بە پرۆژەیەک کرد سەبارەت بە دۆزی کورد کە وتووێژەکانی ئۆسڵۆ و ئەوەی ناوی لێ نرا "کرانەوەی کوردی" و "کرانەوەی دیموکراتی" دەگرتە خۆی و ئەنجامەکەی پرۆسەی ئاشتی ساڵانی ٢٠١٣ - ٢٠١٥بوو کە بە شێوەیەکی دراماتیکی لە ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی هات و شەڕ و پێکدادان سەرلەنوێ دەستیان پێکردووە. لەو پرۆسەیەدا ئەردۆگان بە خۆی کارەکانی بەڕێوە دەبرد و کاتێ پرۆسەکە شکستی هێنا، هەندێ زیانی سیاسی بەر کەوت بۆیە ئەم جارەیان خۆی لە پشت دەولەت باخچەلییەوە حەشاردا.
 

پارتی کرێکارانی کوردستانیش دەستبەرداری ئەو دروشمانە بوو کە لە دەستپێکدا بەرزی کردبوونەوە، بە تایبەتی دروشمی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و کۆتایی هێنان بە سیستەمی کۆڵۆنیالیزمی تورکی لە ولاتی کوردان. لە دوای  گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە لە شوباتی ١٩٩٩دا لە بری سەربەخۆیی و فیدراسیۆن و ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری، دروشمی کۆمەڵگەی دیموکراتی هاتە ئاراوە، ئەم تێزەش هەندێ کارئاسانیی بۆ حکومەتی تورکیا کرد. ئەمانە و کۆمەڵی هۆی وردتر کاربەدەستانی تورکیایان ناچار کرد دەست بەم پرۆسەیە بکەن.
 

هۆی بڕیارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان:
 

تا ئێستا زانیاری تەواو و متمانە پێکراو لە ئارادا نین سەبارەت بە کۆی پرۆسەکە و هۆی ڕاستەقینەی هەڵوێست و بڕیاری کاربەدەستانی تورک و پارتی کرێکارانی کوردستان. پێم وایە دوو فاکتەر ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە بڕیارەکانی کۆنگرەی دوازدەی پارتی کرێکارانی کوردستان، یەکەمیان فشاری نێودەوڵەتییە لەسەر ئەو پارتە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بریتانیا و ڕۆژئاوا بە گشتی سەرئێشەی زۆریان بۆ دروست بوو بە هۆی هاوکارییان لەگەڵ هێزە سەرەکییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە. لە کاتێکدا ئەو وڵاتانە پارتی کرێکاری کوردستانیان لەسەر داوای تورکیا لە لیستی تیڕۆڕدا داناوە، ئەستەم بوو بۆیان پاکانە بۆ ئەو هاوکاری و هاوپەیمانییە لەگەڵ هەسەدەدا بکەن، تورکیاش ڕۆژانە لەم بارەیەوە سەغڵەتی دەکردن ڕەخنەی لێ دەگرتن و هەوڵی دەدا لەو پەیوەندییانە پەشیمانیان بکاتەوە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو وڵاتانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان ناتوانن بە پێچەوانەی ئەو دروشمانە کار بکەن کە بەرزیان دەکەنەوە، بەڵام پێناچێت ئامادەبن لەبەر خاتری کورد ئەوە بکەن، بۆیە هەمیشە فشاریان لە هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد کە خۆیان لە پارتی کرێکارانی کوردستان بە دوور بگرن، ئەمەش ئەگەری جێبەجێ کردنی مەحاڵە. لێرەوە فشارەکانیان لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان زیاد کرد. ئەم سیاسەتە چەند ساڵێکە لە وڵاتانی ئەوروپا بە زەقی هەستی پێ دەکرێت. ئەو پرسە زیانی زۆری پە پارتی کرێکارانی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد  گەیاندووە و هەوڵی زۆر دراوە لەو کێشەیە ڕزگاری بێت. وا پێ دەچێت گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە باشتر وایە بە جۆرێکی دیکە و لە بەرگێکی دیکەدا خۆی بە دونیا بناسێنێت. خاڵێکی تری گرنگ لەم بوارەدا کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە، کە بە بۆچوونی گەلێک لە چاودێران و توێژەران ڕێی تێ ناچێت لە مەودای نزیکدا هیچ پارت و ڕێکخراوێکی تورکی خاوەن سەنگ ئامادە بێت لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا مامەڵە بکات، بۆیە هەڵبژاردنی شێوازێکی دیکەی ڕێکخستن بە دەرچەیەکی گونجاو دەزانرێت.
 

تیکنۆڵۆجیای شەڕ و توانای سەربازیی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا پەرەیان سەندووە و ناهاوسەنگی لە نیوان هەر دوو لادا بە زەقی دەرکەوتووە، ئەرکی شەڕڤانانیان زۆر سەخت کردووە و بە کردەیی ساڵانێکە لە باکووری کوردستان چالاکی سەربازییان نەماوە. لە بارودۆخی باڵادەستیی درۆن و هێزی ئاسمانی تورکیادا بەردەوامیدان بە خەباتی چەکداری لە زیان زیاتر هیچ بەرهەمێکی نابێت. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین کە دەمێکە زۆر کەس ئەوەیان داوە بە گوێێ سەرکردەکانی ئەو پارتەدا کە دەمی خەباتی چەکداری لە بارودۆخی ئەمڕۆی تیکنۆڵۆجیای جەنگ و نابەرابەری هێزەکاندا بەسەر چووە و ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت. ئەگەر خەباتی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان ڕۆڵێکی هەبووبێت لە بە ئاگا هێنانەوەی کوردانی باکوور و هاندانیان بۆ خەبات، ئەوا لەسەر گۆڕەپانی شەڕ و جێگیرکردنی هێز لەسەر خاکی داگیرکراوی باکووری کوردستان ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، بۆیە ئێستا لە نێو کورددا بە گشتی ژمارەی ئەوانەی لە گەڵ خەباتی چەکداریدا زۆر کەمن. هەڵبەت خەڵک بۆی هەیە پرسیاری ئەوە بکات، کە دەستهەڵگرتن لەو شێوازەی خەبات لە بەرامبەر چیدا دەبێت؟. گەلێ کەس پێی وایە کە زۆر باشتر دەبوو گەر پارتی کرێکارانی کوردستان بە خۆی لە سەر داخوازی دۆستان و ناوەندە ئاشتیخوازەکان دەستبەرداری چەک ببووایە نەک باخچەلی و ئەردۆگان.
 

لە لایەکی دیکەوە ڕاپۆرتە متمانە پێکراوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە گەنجانی کورد لە باکووری کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا وەک جاران نەدەچوون بەپیر داخوازییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بۆ ئەوەی ڕوو لە شاخ بکەن و ببن بە شەڕڤان. ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆی بیانی لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەی مەیدانییان لە باکووری کوردستان کردووە و ئەم ئەنجامەیان خستووەتە ڕوو. گەنجەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەوان لە ڕێگەی ئەو پارتانەوە کە بەرگری لە مافەکانی کورد لە تورکیا دەکەن دەتوانن خەباتی سیاسی بکەن و لە ڕێگەی دەنگدانەوە نوێنەرانی خۆیان دەنێرنە پەرلەمان، بۆیە پێیان وایە دەمی ڕووکردنە چیا و چەک هەڵگرتن بەسەر چووە. دەبێت سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستانیش ئەمەی بەدی کردبێت و لەوە تێگەیشتبێت کە شەڕی بەردەوام لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا خەڵکی شەکەت کردووە و بەردەوام بوون لەسەر ئەو ڕێگەیە ئەنجامەکانی باش نابن.
 

پێم وایە پارتی کرێکارانی کوردستان لە کاتی دامەزراندنێوە کێشەی ئایدیۆلۆژی گەورەی هەبووە. لە کاتێکدا دونیا مامەڵەی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی لە گەڵدا دەکات، ئەو زۆر لە دژی دەستەواژەی ناسیۆنالزم و نەتەوەپەروەرییە. ئەو هەر لە ناوەکەیەوە وەک پارتێکی پرۆلیتاریا، کە لە کوردستان ئێستاش بە پێناسە مارکسییە – لێنینییەکەی لە ئارادا نییە، خۆی بە دونیا ناساند. ئەوەی سەرنجی توێژەرانی ڕاکێشاوە ئەوەیە کە ئەم پارتە خاوەن دوو گوتارە، گوتارێکی کوردی کە هەستی نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەروەری دەورووژێنێت و گوتارێکی تورکی کە خۆی وەک هێزێکی شۆڕشگێڕی چەپ، جاران مارکسی و ئێستا کۆمەڵگەی دیموکراتی و کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتی نمایش دەکات. لە دوای داڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت وەک هەموو پارتە چەپەکان ئەمیش تووشی گێژاوەی هزری هات و کەوتە باسی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە. دواتر دەمێکی زۆری ویست تا تێزەکانی مارکسیزم – لێنینیزم کاڵ بوونەوە. ئێستاش لە بەر ڕۆشنایی تێزەکانی ئۆجەلان باس لە کۆمەڵگەی دیموکراتی و سۆسیالیست وەک ئامانجی بزووتنەوەکە دەکرێت. بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گەلێ بیرمەند و فەیلەسووف بیریان لە دروستکردنی کۆمەڵگای یەکسان و دادپەروەرانە کردووە. لەم بارەیەوە بەرهەمی زۆر لەبەر دەستن: "کۆماری" ئەفلاتوون، "بۆچوونی دانیشتوانی شاری فەزیلەت"ی فارابی، "یوتۆپیا"ی تۆماس مۆر، "شاری خۆر"ی تۆماس کامپەنێلا..تاد نموونەی ئەو جۆرە بیرکردنەوانەن. بیرۆکەی کۆمەڵگەی دیموکراتی و کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتی هی مۆرای بوکچینە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی چێاباس (زاپاتیستا)ی مەکسیک و کۆمۆنەی کەتەڵۆنیاش لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٣٦ نموونەی هەن یا هەبوونە. ئەزموونی مێژوویی ئەوەی دەرخستووە کە بە ڕەهایی کۆمەڵگەی دیموکراتی و نا دیموکراتی لە ئارادا نین و هەموو ئەزموونە دیموکراتییەکانی لە چوارچێوەی دەوڵەت و دەزگا ددان پێدرانەوەکاندا جێبەجێ کراون و لە دەرەوەی ئەو قەوارانە هیچ ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبووە. پارتی کرێکارانی کوردستان بە ئایدیۆلۆجیا و پەیکەری ڕێکخراوەییەوە هی سەردەمی شەڕی سارد بوو، دەمێکیش بوو لە کەوانەیەکی داخراودا خۆی دووبارە دەکردەوە. ئەم گوتانە لە ڕاگەیاندراوی سەرۆکی پارتەکەدا ئاماژەیان پێ کراوە. ناکرێت لەم بوارەدا داخوازییەکانی سەرۆک و دامەزرێنەری پارتەکە   عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئەندامانی پارتەکەی بۆ دەستپێکردن بەم پرۆسەیە بە دید نەگیرێن کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە.
 

 گومان لەوەدا نییە کە لە داهاتوویەکی نزیک یا دووردا زانیاری و نهێنی زۆر لە بارەی ئەم پرۆسەوە ئاشکرا دەبن و دەتوانن وەڵامی زۆر لە پرسیارەکان بدەنەوە و گەلێ لێکدانەوە و بۆچوونیش بە نادروست دەربخەن.

سەرچاوە  : سپی میدیا