شهریف عەلی
ئەو سەردەمانەی بەشێک لە سەرکردە، نوسەر، ڕۆژنامەوان، مەلای ئاینیی، سەرۆک عەشیرەت، هونەرمەندان و شاعیرانی باشوری کوردستان پیاوی بەرەی مقاومە بون؛ تیکەیان چەور بو! یادی بە شەڕ بو، چونکە کەسانێکی نەتەوەیی-بێلایەنیی وەک من؛ دوچاری چەندین پیلانی سیخوڕانی ئەو بەرەیە بوین!!
ئێستا نەک تەنیا وەک قەڵەم بەدەستێکی کورد، بەڵکو وەک یەکەم نوسەر لە جیهان دا، کۆتایی بە بەکارهێنانی دەستەواژەی (بەرەی مقاومە) دێنم و، دەستەواژەی (بەرەی المهزومة)یان بۆ بەکاردێنم، چونکە دۆڕاون و تێکشاون و هەر لە پاشەکشەی زیاتریش دان. بۆیە ئیتر بەرەی دۆڕاوەکانن.
واتە: پێموایە بەکارهێنانی دەستەواژەی (جبهة المقاومة) ئیتر نالۆژیکییە، بەڵکو (جبهة المهزومة)ن.
لە دەورانی حوکمڕانی سەرۆک وەزیرانیی مەسرور بارزانیی دا؛ بەرەی مقاومەی جاران (بەرەی المهزومەی ئێستا) بە ڕێبەرایەتیی ئێران هەمو بژاردەکانی خۆیان بۆ شکستپێهێنانی مەسرور گرتەبەر. ئامانجیان ئەوەبو: کۆپییەکی مەسعود بارزانیی لە بەرانبەریان هەڵنەتۆقێ. ئەوان نێچیرڤان بارزانییان بەلاوە پەسەندە. چونکە بەرەی المهزومة، مەسعود بارزانیی بە پرۆ-ئیسرائیل دەزانن و، پێشیان وایه: مەسرور کۆپیکراوی دەقاودەقی مەسعودە!
لەگەڵ ئەوەی، گورزەکانی بەرەی المهزومة بۆ شکستپێهێنانی مەسرور لە سەرۆک وەزیرانییەکەی دا، مەسروری نەخست. بەڵام ئەو گورزانە بونەهۆی زەرەروزیانی بێئەندازە بۆ جەماوەری باشوری کوردستان لە هەمو ڕویەکەوە.
بەرەی المهزومة لە ڕێی بەکارهێنانی هێزە کوردییەکانی دژبەری پارتیی، توانیان کەیسی نەوت و غاز، بەتایبەت هی زۆنی سەوز، لە ژێر فەرمانی مەسرور دەربێنن.
بەڵام، مەسرور، بە نەفەسێکی سیاسیی جوو-ئاسا، حەوسەڵەی درێژ بو، تا ئەو تەوقیتەی بۆ هەڵکەوت و، لە خراپترین دۆخی بەرەی المهزومة دا، بەرەکەی زیاتر قڵیشاند!
ڕۆشتنی مەسرور بۆ ئەمریکاو، ئیمزاکردنی ئەم دو ڕێکەوتننامەیە بۆ ئەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان بکاتە بیست و چوار کاتژمێریی، ئەگەر تەنانەت بشیکاتە پانزە کاتژمێریی، هەر سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ مەسرور، لەم ڕوانەی خوارەوەدا:
یەکەم: ئەم کۆمپانیایانە، کە یەکێکیان ئەمریکییە، لە زۆنی سەوز دەبێ کار بکەن. کەوابو، مەسرور سەلماندی کە دەتوانێ زۆنی سەوزییش بەکاربێنێ و، نفوزی ئەوێش بگرێتەوە. ئەمە لەلایەک ئەو پڕوپاگەندەی سەرکردەکانی یەکێتیی پوچەڵ کردەوە کە بەڵێنیان دابو ئەوان بتوانن ڕێ لە مەسرور بگرن لە بەکارهێنانی گاز و نەوتی زۆنی سەوز دا.
لەلایەکی تریشەوە، بەم هەنگاوە، مەسرور توانی ناکۆکی بخاتە نێوان بەرەی المهزومەوە؛ نێوان یەکێتیی لەلایەک و، ئێران و هێزەکانی حەشدی شەعبییش لەلایەکی ترەوە. هەرچەندە، بۆی هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتو گوێبیستی ئەوە بین کە سەرکردەکانی یەکێتیی ڕایبگەیەنن کە لەم هەنگاوەدا پرس بەوانیش کراوە. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە: مەسرور توانی بیسەلمێنێ کە دەتوانێ بڕیار لە دژی بەرژەوەندییە خودییەکانی یەکێتیی-حەشدی شەعبیی بەتایبەت و، بەرەی المهزومة بە گشتیی، بدات.
دووەم: لە ئاستی دبلۆماسیی دا، ئەم هەنگاوەی مەسرور، وەڵامدانەوەیەک بو بۆ [بریتیش کەمپانیی] کە ماوەیەک لەمەوبەر کۆمپانیا بەریتانییەکە، کە پاشخانێکی گەورەی مێژوویی لە دژایەتیکردنی کورد هەیە، لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێکەوت کە لە کێڵگەنەوتییەکانی کەرکوکی کوردستان دا، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق دا، کار بکات.
بە هێنانی ئەم دو کۆمپانیایە بۆ زۆنی سلێمانیی، مەسرور وەڵامی کۆمپانیا بەریتانییەکەو حکومەتی عێراقی، بە هەنگاوێکی کاریگەرتر، دایەوە.
بیریشمان نەچێت، هاتنی هەر کۆمپانیایەکی ئەمریکیی بۆ هەر ناوچەیەک، لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە پارێزگاری لێ دەکرێت. تەنانەت ئەگەر گروپەکانی سەر بە ئێرانییش بیانەوێ کارمەندەکانی ئەم کۆمپانیایانە بکەنە ئامانج. دیسانەوە، مەسرور توانی ململانێ و شەڕەکە بخاتە گۆڕەپانی ئەمریکا لەلایەک و، یەکێتیی و گروپەکانی سەر بە ئێران لەلایەکی ترەوە، چونکە ئاسایشی ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵات و لە ئەستۆی یەکێتیی دایە.
واتە: ئەگەر بەریەککەوتن و ململانێش دروست ببێ، هەر بە قازانجی مەسرورە. هەربۆیەش لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەکان دا، مەسرور خەنی بو بو، چونکە لە ناو زۆنی یەکێتیی دا؛ شەڕی ئابوریی و سیاسیی لەگەڵ یەکێتیی بەتایبەت و، بەرەی المهزومة بەگشتیی، بە ئەمریکا، دەکات.
سێیەم: بێگومان، دەستوریی بێ یان نا، هەر حکومەتی عێراق خۆی گرژ دەکاتەوە دژی ئەم دوو ڕێکەوتننامەیە. بەڵام پرسێک ئەمریکای لەگەڵ دا بێ و، ئۆکەیی لەسەر کردبێ، با حکومەتی عێراق هەر خۆی گیڤ بکاتەوە. خۆ لە باشترین دۆخییش دا حکومەتی بەغدا هەر ئامادە نەبوەو نییە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەڕێکوپێکی بنێرێت، چونکە ئامانجی؛ ڕوخاندنی قەوارەی هەرێمە.
بێگومان، سیاسەتێکی هاوبەشی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا بەرانبەر بە کورد ئەوەیە: کورد ببەستنەوە بە پایتەختی دەوڵەتە دەستکردەکانیانەوەو چەک لە کورد دابماڵن.
لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی و پارتیی داغانن لە گەندەڵیی دا، بەڵام نەناردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمییش لەلایەن بەغداوە بەڕێکوپێکیی: سیاسەتی بەستنەوەی دانیشتوانی هەرێمە بە بەغداوە. بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێم هانا بۆ بەغدا بەرن وەک فریادڕەس. کرۆکی ئەو سیاسەتەش: فاشیستبونی بەغدا، ئاسمیلاسیۆنی کورد، گرێدانیان بە بەغداوەو، خاپورکردنی هیوای سەربەخۆیی کوردە.
لەم بابەتەدا، دەکرێ ئاماژە بەوەش بدەم، ڕۆژێک پێش سەفەرەکەی مەسرور، مەسعود لە لایەک هەڕەشەی لە بەغدا کرد و، لەلایەکیش نێچیرڤانی نارد بۆ تاران. واتە: هەر سێ ڕوداوەکە پەیوەندی بە ستراتیژی پارتیی و دابەشکردنی ڕۆڵی سەرکردەکانییەوە هەیە.
مەسعود بە هەڕەشەکردنەکەی لە بەغدا، ویستی زەمینەیەک بسازێنێ بۆ ئەم دوو ڕێکەوتنامەیەی کە کوڕەکەی دەڕواتە ئەمریکاو ئەنجامی دەدات.
واتە: ویستی بە پەیامێکی توند، نیگەرانیی و بێهیوایی خۆی بەرانبەر بەغدا نیشان بدات. ئەمەش لەلایەک بۆ ئەوە بو تا کاردانەوەی بەغدا بەرانبەر ئەو هەنگاوەی مەسرور دەیگرێتەبەر زۆر توند نەبێ و، لەلایەکی تریش بە بەغدا بڵێن: بژاردەمان بە دەستەوەیە!
مەسعود کە نێچیرڤانیشی بە چەند ڕۆژێک پێش ئەم ڕێکەوتننامەیەی مەسرور و دوو کۆمپانیایەکە، بۆ تاران نارد، ئامانجی ئەوەبو کاردانەوەی تاران بەرانبەر ئەو هەنگاوەی مەسرور دەینێ؛ زۆر توند نەبێ.
ئەو ڕۆڵەی کە جەلال تاڵەبانیی دەیبینی لەگەڵ ئێران و تورکیا، مەسعود ئێستا ئەو ڕۆڵەی بە نێچیرڤان بەخشیوەو، نێچیرڤانییش وەک تاڵەبانیی باوک؛ ئەو ڕۆڵەی پێخۆشە. ئەو جۆرە ڕۆڵبینینە دەبێتە هۆی ناشیرینبونی کاراکتەرەکە لای میللەتی کورد. ئەوەش لە ستراتیژ دا هەر بە سودی کوڕە گەورەکەی مەسعودە لای میللەتی کورد. بە جۆرێ ئەو ڕۆڵبینین و پیاهەڵدانانە بە سیاسییەکانی ئێران و تورکیا ترسناکە، کە بەڵگەنامەکانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە داوە: "ڕەفسەنجانی لە ١٩٨٧ ەوە هەتا ١٩٩٧ هەڵدەسا جەلال تاڵەبانیی وەک بەریدی خۆی ئاڕاستە دەکرد!". ئەمە بۆ منی توێژەری کورد؛ زۆر داخدار بو! چونکە پێمخۆش نییە سەرکردەیەکی کورد وەها ناوببرێت. بێگومان، ئەگەر نێچیرڤان وردبین بێ؛ بە زویی بەخۆیدا ئەچێتەوە. بەتایبەت کە کەناڵەکەی، کەناڵی ڕوداو: بوەتە سەکۆیەک بۆ جاشبیریی و ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ پیاهەڵدان بە سیاسەتەکانی تورکیاو ئێران. ڕاستە تۆ سەرۆکی هەرێمییت؛ بەڵام دەبێت دبلۆماتکارانە هەنگاو بنێیت و هەمیشە بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەمو کورد لە بەرچاو بگریت. بەتایبەت ڕۆڵی [ڕۆژهەڵاتی]ی و [باخەوان]ەکانی کەناڵی ڕوداو لە پیاهەڵدان بە سیاسەتی بەجاشکردنی پەکەکە بۆ ئەردۆگان و، هەروەها ستایشی باڵی بەناو ڕیفۆرمخوازەکانی تاران.
هیوادارم پەکەکە بەخۆیاندا بچنەوەو، بە بێ دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە باکوری کوردستان؛ لەوە زیاتر بۆ تورک خۆنەچەمێننەوەو، تەسلیم نەبن و، چەکدانەنێن.
لەگەڵ ئەوەی مەسرور لایەنی ئەرێنیی هەیە لە نەفەس درێژیی جوو-ئاسا دا! بەڵام لایەنە نەرێنییەکانیشی زۆر ڕونن. بەتایبەت لە ئەنجامنەدانی چاکسازی گشتگیر لە تەواوی سێکتەرەکانی ناوخۆی هەرێم دا. لە قبوڵکردنی کەسانی قبوڵ خاس و لاوازترینەکان بۆ وەزیریی و بریکاری وەزارەتەکان. لە بەردەوامیدان بە هێشتنەوەی موچەی نایاسایی خانەنشینبونی پەرلەمانتاریی بە [تەمەنی گەنجی]ی و، تەرخانکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ کەناڵە ڕاگەیاندنە خودییەکانیی، بە هەمان کلتوری کەناڵی ڕوداوی نێچیرڤان و کەناڵی هەشتی تەموزی بافڵ. بێگومان، ئەم کەلێنانەو هتد وا دەکەن، هەمیشە بەغدا بتوانێ هەم بەئاسانیی بیانو بۆ سیاسەتە دژە کوردییەکانی دژی هەرێم بدۆزێتەوەو، هەمیش خەڵکی کوردستان زیاتر و توندتر ڕقئەستورتربن بەرانبەر دەسەڵاتدارانی پارتیی و یەکێتیی.
وەک سەرەتاش ڕونکرایەوە، ئەم هەنگاوەی مەسرور بە [ئۆکەیی ئەمریکا]، کراوە. ئەمەش دەریدەخات لەم تەوقیتەدا ئەمریکا گۆبەندێکی بۆ بەغداو تاران بەدەستەوەیە، کە: یان دەبێت تەسلیمی ببن، یاخود وەک جاران لێیان قبوڵ ناکات.
بەکارهێنانی کارتی کوردییش لەم تەوقیتەدا لەلایەن ئەمریکاوە دژی بەغدا-تاران؛ پەیامێکی ڕونی کابینەکەی ترامپە کە بەغدا-تاران دەبێ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ چین-ڕوسیا سنور دابنێن و ملکەچی ئەمریکا بن، ئەگینا کارتەکانی تریش لە دژیان بەکاردەهێنرێ!!
[یەکڕیزی کورد] و [چاکسازیی گشتگیری ناوخۆیی]: دو بنەمای سەرەکیین کە لە داهاتودا کورد سەرکەوتو ببێت. پێچەوانەکەشی ڕاستە کە کورد دوچاری شکست و لە دەستدانی دەرفەتەکە دەکات!
لە ٢٠١٥ وە تا ئێستا بۆ سەدەیەمینجار ئەیڵێمەوە: دەستی-دەستیکردن بە موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، تەنیا پەیوەندی بە گەندەڵیی یەکێتیی و پارتییەوە نییە. بەڵکو ستراتیژی بەغدایە، بە فەرمانی ئێران و، هاوبۆچونی تورکیا، بە ئامانجی: ڕوخاندنی [قەوارە]ی هەرێم.
سەرچاوە : ئاوێنە