نۆسیبۆ

د.هەژار عوسمان مەعروف
ئەگەر مرۆڤ بیروباوەڕێکی چڕ و بێگومان و یەکلاکەرەوەی هەبێت لە سەر ئەوەی بە خواردن یا خواردنەوە یا بە دەرزی لێدان یا بە بەرکەوتن یا بە هەڵمژینی هەرمادەیەک یا بە هەر کارلێکێکی مادی لە سەر جەستە و دەرونی توشی کێشەیەکی تەندروستی یا نەخۆشیی تەواو دەبێت ئەوا ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەونەخۆشیە و سکاڵای تەندروستی گەلێک زۆرترە لەوەی ئەگەر ئەوباوەڕەی نەبێت ، وە ئەگەر کەسەکە ویڕای باوەڕە نەگۆڕەکەی ترسی زۆریشی هەبو لەوەی کە توشی نەخۆشیەکە ببێت ئەوا ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە چەند ئەوەندە زیاد دەکات. ئەم کارلێکە دەرونیە ڕوت و پەتیە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی جەستەیی و دەرونی کارلێکی نۆسیبۆیی پێدەڵێن کە لە وشەی لاتینیی (Nocebo) وە هاتوە و واتاکەی (زیان و ئازارم پێ دەگەیەنێ) یە، ئەمە ڕێک پێچەوانەی (Placebo) یە کە واتا کەی (دەبێت باشمبکاتەوە ) کە لە نوسینێکی ترم دا باسمکردوە. کارلێکی نۆسیبۆیی بە تایبەتی لەم دۆخە تەندروستیانەدا دەردەکەوێت: سکاڵای ئێشی جۆراوجۆر و دۆخە دەرونیەکانی وەک هاوارکردنی بێ هۆی دەرەکی و کۆنترۆل لە دەستدان و جم و جوڵی لە پڕ و بێ ئامانج و زیانبەخش، بورانەوەی دەرونی و دۆخی دەرونیی وەک ئەوەی هەست بکەیت بە لەخۆنامۆبون و یا هەست بەوەی لە خەون و جیهانێکی سەیر و گۆڕاودا بیت.
کارلێکی نۆسیبۆیی وێڕای بواری تەندروستی لە بوارەکانی تری ژیاندا بە گشتی،کاتێک شتێکی نەباش و نەخوازراو ڕودەدات، هەیە و دەردەکەوێ، بۆ نمونە کچێک شوناکات یا دەیکات بەڵام جیادەبێتەوە، خوێندکارێک ئەو نمرەیە ناهێنێ کە چاوەڕیی دەکرد، کاسبێک شکست دەهێنێت، ڕوداوێکی هاتوچۆی قورس مردنی لێدەکەوێتەوە و....هتد، کەسەکە هۆی سەرەکیی نەهامەتیەکاندەگێڕێتەوە بۆ باوەڕە خەرافیە زۆر زیانبەخش و نەخۆشخەرو پوچ وبێبنەماکانی وەک لێدان بە چاوی پیس و سیحر و نزای شەڕ و جنۆکە و .. کە زۆربەیان ڕەگوڕیشەی ئاینیان هەیە و ترسێکی زۆریشیان لەگەڵدایە. خوێندکارێکی زیرەک باوەڕی تەواوی بە چاوی پیس هەیە و زۆریش لێی دەترسێ، ڕۆژێک هاوپۆلێکی بە دو چاوی کراوەی زەقەوە هاواردەکات (وەی خوایە تۆ بۆ ئەوەندە زیرەکی؟)، خوێندکارە زیرەکەکە دوای ئەم قسەیە توشی ترس و بیرکردنەوەی زۆر و کەمخەوی و دڵتەنگی و .. دەبێت و ناتوانێ سەعی بکات و بێگومان لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتو نابێت، لەم خوێندکارەدا (باوەڕبونی تەواوی بە کارلێکی وێرانکەری چاوی پیس) دەبێتە کارلێکێکی نۆسیبۆیی و کاری ڕوخێنەری سەعی نەکردنی تێدەکات و ڕێک ئەوە دێتە دی و ڕودەدات کە باوەڕی پێیەتی کە ئەمەیە (چاوی پیسی هاوپۆلەکەملێم دەدات و ناهێڵێ نمرەی بەرز بهێنم). بۆ سەلماندنی کارلێکی نۆسیبۆیی ئەم نمونانە دێنمەوە:
چەند لێکۆڵەرێک لە تاقیکردنەوەیەکی دەرونیدا بە خوێندکارەکانیان وت ئەم غازە زیانبەخشە هەڵمژن کە لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکەوتنی کۆکە و سوتاندنەوەی قوڕگ، لێکۆڵەرەکان ئەوەیان شاردەوە لێیان کە غازەکە هیچ مادەیەکی زیانبەخشی تێدا نیە . ئینجا کەسێکی تر کە خۆی ئەندامی تیمی لێکۆڵەرەکان بو بەڵام خوێندکارەکان ئەمەشیان نەدەزانی ، بە بەرچاو خوێندکارەکانەوە غازەکەی هەڵمژی و کەوتە کۆکە کۆک و سکاڵای سوتاندنەوەی قوڕگ، دوای ئەم خوێندکارەکانیش کەوتنە هەڵمژینی غازەکە ، کەم تا زۆر هەمان نیشانەی کۆکە و سوتاندنەوەی قوڕگ لە هەمو خوێندکارەکاندا دەرکەوت.
ژنێك لە ماڵەکەیدا نایلۆنێکی چرچ و لۆچاوی دەدۆزێتەوە و دەڵێت ئەمە سیحری ڕەشە ناحەزێک لێمی کردوە و توشی کێشە و بەدبەختیم دەکات، وردە وردە ئەم باوەڕە نەرێنی و زیانبەخش و پوچ و نازانستی و بێبنەما و بێواتایە بەردەوام مێشکی داگیردەکات و ئینجا ترسی زۆریشی دێتە سەر لەوەی کە چ ڕوداوێکی ناخۆش چاوەڕێی خۆی و خێزانەکەی دەکات. ئەم ژنە لە ماڵەکەیدا لە پڕدەکەوێتە هاوارکردنێکی زۆر بەرز و ترسناک ، هەمو جەستەی دەکەوێتە جم و جوڵی لە پڕ و بێئامانج و لەرزینێکی سەیر و ترسناک ، ئینجا بیر و هۆشی لای خۆی نەدەما و دەکەوت. لە ترسی ئەوەی لە دەرەوە توشی دۆخێکی ئاوا نەبێت ئیتر زۆر کەم دەچێتە دەرەوە و لە ئیش و کاری ئاسایی ژنێکی ماڵ دەکەوێت. وێنەی کۆمپیوتەریی مێشک و هەمو تێڕوانینە تاقیگەیی و جەستەییەکان دەریانخست کە لە ڕوی جەستەییەوە پاکن و هیچی نیە. ئەم نەخۆشە دوای چەندین جار چون بۆ لای دوکتۆرێکی دەرونی، دەرکەوت کە باوەڕبونی تەواو بە وەی جادوی ڕەشی لێکراوە و کارلێکی نۆسیبۆیی ئەم باوەڕە خەرافیە نەخۆشی خستوە، دوای چارەسەری دەرونیی زۆر و ڕونکردنەوە و پێدانی زانیاریی تەواو وردە وردە باش بۆوە.
پیاوێک باوەڕی تەواوی بە چاوی پیس هەیە، دوای ئەوەی لە بۆنەیەکدا خەڵاتێکی دەدەنێ بۆ نەگبەتی توشی ئەو ناسیاوەی دەبێت کە ئەم خۆشی ناوێ و باوەڕیشی وایە چاوی پیسە، ناسیاوەکەی بە ناڕاستەوخۆ ئیرەیی دەردەبڕێ بەوەی کە ئەم ئەو خەڵاتەی وەرگرتوە. کاتێک دەچێتەوە ماڵەوە دەچێتە سەر کورسیەکی لەق و لۆق بۆ ئەوەی گڵۆپێکی سوتاوی ژورێکی ماڵەکەی بگۆڕێ بە دانەیەکی نوێ، لە کورسی دەکەوێتە خوارەوە و بڕێک ئازاری پێدەگات.کارلێکی نۆسیبۆیی باوەڕ بە چاوی پیسی ناسیاوەکەی وای دەشڵەژێنێ و دەترسێنێ کە ڕێک ئەوە دێتە دی کە باوەڕی پێیەتی ئەویش ڕوداوێکی خراپ و نەخوازراو کە لێرەدا کەوتنەکەیە و ئازارپێگەیشتنەکەیەتی، باشە ئەگەر ئارام بوایە و نەترسایە و مێشکی ئەوەندە بە چاوی پیسی ناسیاوەکەیەوە مەشغوڵ نەبوایە و یا هەر باوەڕی بە چاوی پیس نەبوایە و بە هۆش و وریایی و بیرچڕییەکی تەواو کورسیەکی توند و تۆلتر یا پەیژەیەکی ناوماڵی بەکار بهێنایە دەکەوت ؟
لە پاکەتی هەمو دەرمانێکدا کاغەزێک هەیە کە هەمو کارلێکە نەخوازراوە لاوەکیەکانی دەرمانەکەی تێدا چاپکراوە، هەر نەخۆشێک زۆر هەستیار و ترساو و بەگومان بێت لە دەرمان ئەگەر بە وردی هەمو ئەو کارلێکە خراپانە بخوێنێتەوە ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر کە دەرمانەکەی خوارد بە هۆی کارلێکی نۆسیبۆییەوە هەست بە هەندێ لەو کارلێکە خراپانە دەکات و کارلێکە باشەکانی دەرمانەکەی لە بیردەچێتەوە و ئەگەری هەیە ئیتردەرمانەکە نەخوات.
مەخابن ئیمڕۆ لە کوردستاندا باوەڕبونی تەواو بە بیروڕای پوچ و بێبنەما و نازانستی (خەرافی) بوەتە هۆی نەخۆشیی دەرونی و جەستەیی سەدان هەزار هاوڵاتی بەتایبەتی کچان و ژنانی لاو و کەم ئەزمون و نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیر یا تەنانەت ژنان و پیاوانی خاوەن بڕوانامەی بەرزی زانکۆیی، کە ئەمەیان لەم سەردەمی زیرەکیی دەستکردەدا زۆر سەیرە، سەیر!!
سەرچاوە : سپی میدیا