هێزی سیاسی لەنێوان نمایشی سیاسی و ووتاری سیاسیدا!!

 

 

دڵشاد مەجید

 

ووتاری سیاسی!!

سەرەتا هەوڵ دەدەین باسی ووتاری سیاسی بکەین. 
بەردەوام هێزی سیاسی خاوەن دیدگا، هەوڵ دەدات لەڕێگای ووتاری سیاسی و جوولەی سیاسی ، کۆنترۆڵی ووتاری شەقام بکات(  مەبەست لە ووتاری شەقام واتە ئەو جووڵە سیاسیە یا ئەو کردارە سیاسیە ببێتە باسی خەلک و راگەیاندن و ڕۆژنامە و مەجلسەکان).
لێرە ئەو هێزە سیاسیە ، هەوڵی درووستکردنی رووداو  دەدات، پێی دەڵێن ( فاعلی سیاسی، بکەری سیاسی).

بەمەش وا دەکات کۆنترۆڵی ووتاری شەقام بکات و  ئیفلیجی ووتاری سەرجەم هێزە سیاسیەکانی تر بکات،لەو حاڵەتەشدا  ئەو هێزانە لە حاڵەتی بکەری   سیاسیەوە  دەکەونە ناو تەڵە و بۆسەی ( حاڵەتی کاردانەوەی سیاسی!!). 
بەڵام  لێرە بۆ بەرجەستەکردنی   هێزی سیاسی خاوەن بکەری سیاسی کە  بتوانێ فەشەڵ بە ووتاری ئەو هێزە سیاسیەی تر بێنت و نەکەوێتە حاڵەتی کاردانەوە.
کاتێک هێزێکی سیاسی خاوەن دیدگاو بەرنامەی سیاسی، بۆ ئیفلج کردن و هەرەس پێهێنانی ئەو ووتارە سیاسیە، لەجیاتی کاردانەوە، دێت رووداو یا کارێکی سیاسی تر  دەخوڵقێنێ و جیاواز لەووتاری هێزەکەی تر  ووتارێکی نوێتر دەخاتە گۆڕەپانەکە. 

لە پێشووتر نموونەی ئەم حاڵەتەمان هەبووە.  ( پارتی) بەردەوام بۆ خۆ دزینەوە لە قەیرانەکان  و ئیفلجکردنی ووتاری هێزەکانی تر (ووتاری کوردایەتی و پاراستنی قەوارەی هەرێم)ی دەخاتە ڕوو. 
بەڵام  بزووتنەوەی گۆڕانی ئەوکات، بەکارکردن و کەشفکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی و خستەڕووی ئەو گەندەڵیانە  بەداتاو ئامار و کەشفکردن و باسکردنی بودجە. تەواو ووتارەکەی ( پارتی) ئیفلج دەکرد. ئەمجارە پارتی لە حاڵەتی بکەرەو دەچووە حاڵەتی کاردانەوە. جارێکی تر  ووتاری شەقامی لێدەسێنرایەوە.

نمایشی سیاسی!!
نمایشی  سیاسی یا مانۆری سیاسی ، بەشێکە لەووتاری سیاسی، ئەویش بۆ کۆنترۆڵکردنی دیسانەوە ووتاری شەقام و ئیفلجکردن و بێ دەسەڵاتکردنی هێزە سیاسیەکانی ترە. 

نمایشی سیاسی کردەیەکی ستراتیجی نیە ، کردەیەکی تاکتیکی و  وەختیە. بۆ ئیفلج پێکردنی سەرجەم ووتار و  ئەو دەنگۆیانەیە کە لەدژی ئەو هێزە سیاسیە بەکار دەهێنرێ.
ئامانج لە خوڵقاندنی ئەو ڕووداوە یا ئەو نمایشە یا ئەو جوولەیە ، هێناکایەی دیبەیت و دیالۆگ نیە، زیاتر بە مەبەستی ئەوەیە هەموو هێزە نەیارو ئۆپۆسیۆن و خەلکی رەخنەگرو  قەڵەم بەدەستەکان، سەرقاڵ بکات بەو نمایشە.   بە (خستنەسەر زار-تەئویل) کردنی ئەو نمایشەیە. لێرە بە باش و خراپ هەڵسەنگاندن ، بەدژ و هاوڕا،  سەرجەم دەکەونە ناو بازنەی بەگەورەکردنی نمایشتەکەو بکەرە سیاسیەکە. 
چونکە ئامانج لەو جووڵەیە خودی جووڵەو کارەکە نیە کە ئەنجامی داوە، ئامانجی هەرە گرنگ، گەورەکردنی کارەکتەرەکەیە. ئەوەی ئەو نمایشەی کردووە. وە ئیفلیج کردنی هێزە سیاسیەکانی ترە، وە چۆک پێدانیانە کە ناتوانن لەدەرەوەی  ئەو کارەکتەرە  کاربکەن، یان ئاوتی بکەن.

نموونەشمان بۆ ئەوە ( سەردانەکەی مەسرور بارزانیە بۆ ئەمریکاو ئەو گرێبەستانەی ئەنجامی داوە، دڵنیام کە بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ بەرێوەبردنی ئەو نمایشتە خەرجکراوە). هەروەها نمایشەکانی باڤڵ تاڵەبانی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن. 

بۆیە بەرای من هەڵوێستەکردن لەسەر هەر نمایشێکی سیاسی بەباش و خراپ ، دەچێتە قاڵبی خزمەتی ئەو کارەکتەرەو دەکەویتە ناو بازنەی کاردانەوە، وەدەبیتە ئامرازێک بۆ جێ بەجێکردنی ئەو پلانەی بۆ نمایشەکە داڕێژراوە.بەکوردیەکەی خۆمان         (دەکەویتە ناو پاقلەکەوە!!)
بۆیە من بە هیچ شێوەیەک باس لەنمایشی سیاسی ناکام. ڕەنگە بەشێک لەهاوڕێیان پێم بڵێن، (ئەم نووسینەشت دەچێتە قالبی کاردانەوە و بومەتە ئامرازێک لە برەودان بەو پلانەی پشت ئەو نمایشتە) 

منیش دەڵێم نەخێر ئەم نووسینەم دەچتە  قالبی روونکردنەوە و وەسفی حاڵەتەکە و دەرخستن و پێناسەکردنی لێکدانەوەی سیاسی بۆ دەستەواژە سیاسیەکان.

لەکۆتایدا دەگەینە ئەو ئەنجامە ، لە هەردوو حاڵەت، بە گوێرەی ئەو  هاوکێشەیەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دووپات دەبێتەوە،

لەواقیعی سیاسی  ئەمڕۆی کوردستان هیچ هێزێکی سیاسیمان نیە بتوانی رووداو ( حەدەسی) سیاسی دروست بکات و بخوڵقێنێ.. گشتیان لەناو بازنەی کاردانەوەی سیاسی دەخولێنەوە. ئەمەش ئەوەمان بۆ بەیان دەکات  کە ئەو هێزە  سیاسیانەی ئەمڕۆی کوردستان ، هێزی سیاسی فشۆڵ و بێ دیگاو و بێ بەرنامەی سیاسین، کەناتوانن نەڕووداوی سیاسی نە نمایشی سیاسی  نە مانۆڕی سیاسی ئەنجام بدەن.

 

سەرچاوە : هاوڵاتی