ئاراس سەعید
ڕۆژی 1ی ئایاری 2023، (جیفری ھینتۆن)، زانای باڵا و باوەگەورەی داھێنەری (زیرەکی دەستکرد و قووڵ) ئەوەی ئێستا ھەموو شارستانیەتی مرۆڤایەتی سەرقاڵیەتی و بێجگە لەمە؛ ھیچ بابەتێکی دیکە جێی بایەخ و مشتوومڕ نییە، دەستی لە کارەکەی کێشایەوە و وازی لە کۆمپانیای گوگڵ ھێنا و لە میانی دیمانەیەکدا لە ڕۆژنامەی (واشنت پۆست)وە ڕایگەیاند:" کە ئەو پەشیمانە لەوەی تەمەنی بۆ شتێک تەرخانکردووە، کە ئێستا دەبێت دژی بێت."
ئەم لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) دەمان باتەوە بۆ دووسەدە لەمەوبەر، پێش ساڵی (1818) زاینی هیچ تێکستێکی ئەدەبی بەناوبانگ نەبوو کە پەیوەست بێت بەوەی کە ئێستا پێی دەڵێین: (خەیاڵی زانستی)، بەڵام خانمە نووسەری بەریتانی (ماری شێلی) دەرکەوت و کاتێک یەکەمین و بەناوبانگترین ڕۆمانی خۆی بەناوی (فرانکشتاین) بڵاوکردەوە و تێیدا جیهانی شۆکرد و بۆ سەدان ساڵ، ناوی بەزیندووی لەسەر شانۆی ئەدەبی جیهانی هێشتەوە.
(لە ڕۆمانی فرانکشتاین دا، زانایەک بە کەرەستەی (بێ گیان و مردوو) ڕۆحلەبەرێک دروست دەکات و دوای دروستبوونی، بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت و چیدی لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی دروستکەرەکەیدا نامێنێتەوە و بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت.
ئەم وێنا ئەفسانەییە هاوشێوەی سەرگوشتەی ئەفراندنە کاتێک خودا له شتێکی بێ گیان لە (گڵ) ڕۆحلەبەرێکی وەک ئادەم دروست دەکات و دواتر لە داری سێوی بەهەشت دەخوات و لێی یاخی دەبێت.)
ئەگەر ورد تر لەو لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) بدوێن، دەکرێت بوونی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان بە بوونەوەرەکەی (فرانکشتاین) ی (ماری شیلی) بچوێنین، بە شتێک کە لەدەستی ئەفرێنەرەکەی دەرچووە و بوونێکی سەربەخۆی وەرگرتووە و ئەگەری هەیە ڕۆژێک وەک دڕندەیەکی زەبەلاح بەرەڵابێت و بەخاوەنەکەی نەگیرێتەوە و بەسەر ئێسک و پروسکی داهێنەرەکەیدا بڕوات.
ئایدیای ڕۆمانەکەی (ماری شیلی) وێنایەکە بۆ دڕندەیەک کە مرۆڤ خۆی درووستی کردووە و بۆی ناگیرێتەوە. هێزێکە مرۆڤ خۆی ئەفراندوویەتی و چیدی بۆی نابەسترێتەوە و بۆی کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەمە وێنایە بۆ سیستەمێک یان شێوازە ژیانێک کە چیتر ژیانێک بەردەوامی لە دەستی ئێمەدا نەماوە و سەربەخۆ لە ئێمە دەژیت و دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەریدا ناچیز و هیچە. هەربۆیە شتێکی مەحاڵ نییە باوەگەورەی زیرەکیی دەستکرد بڵێت: "پەشیمانە لەوەی، تەمەنی بۆ شتێک تەرخانکردووە، کە ئێستا دەبێت دژی بێت."
گەرچی ئایدیای چیرۆکەکەی (فرانکشتاین) تەنیا خەیاڵێکی زانستییە و گریمانەیە بۆ دونیای دوا ڕۆژی مرۆڤ. لەبەرامبەر ئەم چیرۆکەی فرانکشتاین چیرۆکی (وێرانە بازنییەکان)ی (بۆرخێس) هەیە، لەم چیرۆکەدا چیرۆکی درووستکردنی مرۆڤێک موو بە موو بۆ یەکێکی دیکە دەگێڕێتەوە، (مرۆڤێک موو بە موو خانە بە خانە مرۆڤێکی دیکە درووست دەکات). مەخلووقە ئەفرێندراوەکەی خەیاڵیش کەسێکە هەڵدەسێت و دەڕوات و دەجوڵێت و هەموو سیفەتەکانی مرۆڤی ئاسایی هەیە، بەڵام بە پێچەوانەی بوونەوەرەکەی فرانکشتاینەوە بوون و مانەوەی هەمیشە گرێدراوی توانای خەیاڵی ئەو کەسەیە کە درووستیکردووە و ناتوانێت خۆی لە کۆنتڕۆڵی قوتار بکات.
کاتێک مرۆڤ ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە لە خۆی دەپرسێ داخۆ زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان هەمیشە هاوشێوەی چیرۆکەکەی بۆرخێس گرێدراوی خەیاڵی ئێمەن و ناتوانن لە ئێمە خۆیان ڕزگار بکەن و بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن؟ خۆ ئەگەر ڕوودانی ئەوە مەحاڵ بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم تەکنەلۆژیایە بکەین؟
لە ماوەی ڕابردوودا (ساندر بیچای)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (گوگڵ) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: "جیھان بە ئەندازیار و تەکنیکار بەڕێوە ناچێت، چیتر پێویستی بە فەیلەسووف و بیرمەندە و مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕەوشت ھەیە."
کەس گومان لەوە ناکات کە ئەمڕۆ زانیاری و هێزێکی زۆر زیاتر لەبەردەستی مرۆڤایەتییە لەچاو سەردەمەکانی ڕابردوو، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێمە زۆر باشتر لە خۆمان و ڕۆڵمان لە گەردوون تێدەگەین. بۆچی ئەوەنده ئاسانە بۆمان کە زانیاری و هێزی زیاتر کۆبکەینەوە، بەڵام هێندە قورسە ژیرتر ببین و ئامێرەکان لە ئێمە ژیرتر دەربکەون؟
لە سایەی مەترسییەکانی ئامێر و تەکنیک، هاوتای سەرهەڵدانی چەرخی ژیریی دەستکرد، گەورە مێژوونووسی ئیسرائیلی(یۆڤاڵ نوح هەراری) لە نوێترین کتێبی خۆی بە ناونیشانی: پوختەی مێژووی تۆڕەکانی زانیاریی لە چاخی بەردینەوە A Brief History of Information Networks from the Stone Age
دەڵێت: پێشینیانمان بەردەوام دەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئێمە لاوازییەکی کوشندەمان هەیە کە وامان لێدەکات هێزگەلێک بەدەست بهێنێن، کە ناتوانین کۆنتڕۆڵیان بکەین.
ئەو دوو نموونەی ئەفسانەیی دەهێنێتەوە یەکەمیان: ئەفسانەی(فایتۆن)ە، باس لە کوڕێک دەکات کە دەزانێت کوڕی خودای خۆر (هیلیۆس) ـە، بۆ ئەوەی ڕەچەڵەکە خوداییەکەی بسەلمێنێت، داوا لە باوکی دەکات ڕێگەی پێبدات گالیسکەی خۆر لێبخوڕێت. هیلیۆس ئاگاداری کوڕەکەی دەکاتەوە کە هیچ مرۆڤێکی فانی ناتوانێت جڵەوی ئەسپە ئاسمانییەکان بگرێت کە گالیسەکە ڕادەکێشن. بەڵام فایتۆن سوورە لەسەر ئەوە و لەکۆتاییدا باوکی قایل دەبێت. کاتێک فایتۆن بەرەو ئاسمان دەڕوات، کۆنتڕۆڵی گالیسکەکان لەدەست دەدات. خۆر لە ڕێڕەوی خۆی لادەدات و هەموو ڕووەکەکان دەسووتێنێت و ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەر دەکوژێت و هەڕەشەی سووتاندنی زەوی دەکات. لێرەدا زیۆس دەستێوەردان دەکات و تریشقەیەک بەرەو گالیسکەکە دەهاوێژێت و مرۆڤە لووتبەرزەکە وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ئاسمان دەکەوێتە خوارەوە و خوداوەندەکان دەسەڵاتیان بەسەر ئاسماندا دەسەپێنن و جیهان ڕزگار دەکەن.
دوای دوو هەزار ساڵ، کاتێک شۆڕشی پیشەسازی یەکەمین هەنگاوەکانی دەناو ئامێرەکان دەستیان بەجێگرەوەی مرۆڤ دەکرد. (یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گۆتە) هۆنراوەیەی هۆشداریدەری هاوشێوەی بە ناونیشانی (شاگردە جادووگەرەکە) نووسی. بالادەکەی گۆتە (لەوانەیە لە وەشانی والت دیزنی بە میکی ماوس بیناسین) باس لەوە دەکات کە چۆن جادووگەرێکی پیر، شاگردە گەنجەکەی لە کارگەیەکەدا بە تەنیا جێدەهێڵێت و داوای لێ دەکات لە غیابی ئەودا چەند کارێک ئەنجام بدات. لەوانە، دەبێت گەنجەکە ئاو لە ڕووبارەکەوە بهێنێت، بەڵام شاگردەکە بۆ ئەوەی کارەکەی کەمێک ئاسانتر بکات فەرمان بە گسکێکی جادوویی دەدات ئاوەکەی بۆ بهێنێت. لەبەر ئەوەی ئەفسوونەکە نازانێت کە دەتوانێت گسکەکەی پێبووەستێنێت، گسکەکە بێوچان ئاوی زیاتر و زیاتر دەهێنێت، تا دەبێتە هەڕەشەی درووستبوونی لافاو لەناو کارگەکەدا. لە نائومێدیدا، گەنجەکە تەورێک هەڵدەگرێت و گسکەکە دەکات بە دوو کەرتەوە، بەڵام ئێستا دوو گسک ئاوی زیاتر دەهێنن. دواجار کاتێک جادووگەرەکە دەگەڕێتەوە، شاگردەکە داوای یارمەتی لێ دەکات: (گەورەم کێشەکە گەورەیە! ئەو ڕۆحیانەتانەی بانگم کردن، ئێستا ناتوانم دەریان بکەم) جادووگەرەکە دەستبەجێ کۆتایی بە جادووەکە دەهێنێت و فەرمان بە لافاوەکە دەدات بووەستێت. وانەکە بۆ شاگردەکە و مرۆڤایەتی ڕوونە:
(هەرگیز بانگی هێزگەلێک مەکە، کە ناتوانیت کۆنتڕۆڵیان بکەیت)، ئەم دوو چیرۆکەی (فایتۆن و شاگردە جادووگەرەکە) کە (یۆڤاڵ نوح هەراری) وەک نموونە دەیان هێنێتەوە؛ بێجگە لەوەی ئێمەی مرۆڤ بە ئاشکرا خۆمان لە بیستنی ئاگادارکردنەوەی مەترسی ئەم ئالەتە بواردووە هیچ مانایەکی دیکە ناگەیەنێت. مرۆڤ کەشوهەوای هەسارەکەی لە هاوسەنگی دەرهێناوە و ملیارەها گسکی جادوویی، درۆن، چاتبۆت و ڕۆحی ئەلگۆریتمی تری بانگکردووە کە دەتوانن لە کۆنتڕۆڵ دەربچن و لافاوێک لە ئەنجامی نەخوازراو بەرەڵا بکەن و هاوتای بوونەوەرەکەی فرانکشتاین بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن و بەسەر ئێسک و پروسکی سەرجەم ئێمەی مرۆڤدا بڕۆن!
سەرچاوە : هاوڵاتی