کۆمەڵگای ئیستینساخ

نەوزاد بەندی

 

جاران ، واتا حەفتا هەشتا ساڵ پێش ئێستا ، لەم شارەی خۆماندا مناڵی پۆلیس و چایچی ئەبوونە پزیشک، بۆ نمونە دوو پزیشکی پێش پەنجا ساڵی شاری سلێمانی، دکتۆر نەجات محمد و دکتۆر عومەر شەریف، کوڕی چایچی و پۆلیس بوون. هەروەها لەو سەردەمەدا مناڵی بازرگان ئەبووە شێوەکار، ئەبووە وەرزشکار، مناڵی سیاسەتمەدارەکان ئەبوونە مامۆستا و ڕۆژنامەنوس، مناڵی دەوڵەمەندەکان ئەبوونە گۆرانیبێژ وەک محمد جەزا عەلی یان شاعیریان لێ دەردەچوو وەکو ئەحمەد موختار و تاهیر بەگ ..

کوڕی حاجی و خاوەن مزگەوت،  سترانبێژی ڕۆمانسی دەردەچوو.

کوڕی بازرگانە دیارەکان ئەبوونە پێشمەرگە و گیانی خۆیان فیدای خاک و نیشتمان ئەکرد، وەکو شەهید جەباری حاجی رەشید.

ئەو نمونانە تەنها بۆ ئەوە بوون بیسەلمێنین جاران کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی ئاسایی و مۆدێرن بوو، مرۆڤەکان بە عەقڵ و توانا و حەزی خۆیان بیریان ئەکردەوە و کاریان ئەکرد، به باڵی باوک و باپیر و عەشیرەت مەلەیان نەدەکرد، واتا کۆمەڵگایەکی جوانمان ئەبینی، دەوڵەمەندەکان  ئامادەیی خۆیان نیشان ئەدا بۆ ئەوەی مناڵی هەژارەکان کە زیرەک بوون و نمرەیان بەرز بوو، بنێرنە لەندەن و ئەدنبرە و گلاسکۆ خوێندن تەواو بکەن چونکە هەستی مرۆڤایەتیی بەسەر هەستی خێزان و تیرە و بنەماڵەدا زاڵ بوو. ئەتبینی براکان هەمە ڕەنگ بوون، یەکێکیان مامۆستا و یەکێکیان ئەندازیار و یەکێکیان پزیشک و ئەوانی تر پێشمەرگە بوون.. خوشکەکان یەکێکیان شێوەکار و یەکێکیان سیاسەتمەدار و یەکێکیان بەڕێوەبەر و یەکێکیان  پارێزەر بوون.

ئەو سەردەمە کۆمەڵگا بە ئاگا یان بێ ئاگاداری خۆی، ئازادی ڕەهای دابوو بە تاکەکانی، باوک و تیرە و هۆز دەستیان لە بەهرە و حەز و ویستی مناڵ و نەوەکان وەرنەدەدا، هەر بۆیە سیاسەتمەداری خۆنەویست و  پزیشکی بەتوانا و بازرگانی بەشەرەف و ئەندازیاری کارامە و پارێزەری بە ویژدان و مامۆستای دڵسۆز و نوسەری شۆڕشگێڕ و شاعیری بەرزمان تێدا هەڵدەکەوت.

شەرم و عەیبە بوو کەسێک، ناوی عەشرەت و تیرە و هۆزەکەی بەخۆیەوە بلکێنێ، تابلۆی هەموو پیشەکانی ناوبازاڕەکان، تەنها ناوی سیانی خاوەن پیشەکە بوو، لە پزیشکێکەوە هەتا دادوەر و چێشتخانەیەک.. 

ئەوەیش پێناسەی کرداریی سیستمی تێکنۆکراتە، لە کاتێکدا نزیکەی پانزە سەدە پێش ئێستا ئاینی ئیسلام هەنگاوی یەکەمی بۆ  هەڵهێنا و سیستمی فەرمانڕەواییی  پشتا و پشتی قەڵاچۆ کرد، هەر پێنج فەرمانڕەواکەی ڕاشیدین، ئەبوبەکری سدیق و عومەری خەتتاب و عەلی ئەبوتاڵب و عوسمانی عەفان و عومەری  عەبدولعەزیز هەریەکەیان سەر بە تیرە و عەشرەتێک بوون، هەرچەندە دوای ئەوان ئەمەوییەکان ئەو سیستمەیان هەڵوەشاندەوە و گەڕانەوە بۆ فەرمانڕەوایی پشتا و پشت، کە بە بڕوای من هەر لە سەردەمی ئەمەوییەکانەوە ڕۆحی دەسەڵاتی ئیسلام دەرچوو، شتێک نەمایەوە بە ناوی دەسەڵاتی ئیسلام، بەڵکو بوو بە دەسەڵاتی تیرە و هۆز و عەشیرەتەکان هەتا بە تەواوەتیی لە جەنگی یەکەمی جیهاندا ئەو خەلافەتە شێوێنراوە کە بە پیاوە نەخۆشەکە ناسێندرا بوو، هەرەسی هێنا.

 لە عێراقیشدا، بەداخێکی زۆرەوە، دوای ئەوەی خێزانی سەدام کورسی دەسەڵاتیان گرتە دەست و هەتا ئەمڕۆیش، دیاردەی خێزانگەریی و تیرەگەریی وعەشرەتگەریی زۆر بە زەقی لە عێداقدا سەری هەڵدا. کاتێ باوک دێتە سەر کورسی دەسەڵات، ئیدی کوڕەکانیش بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەبنە سیاسی و کاربەدەستی باڵای ووڵات!! بە هەمان شێوە ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزا و هەموو لق و پۆپەکانی کابرای دەسەڵاتدار، یەکسەر فۆتۆکۆپیی سیاسەتمەداریان لەسەر دەکرێت، هەموو بەهرە  و حەز و پیشە و ئارەزووەکانی پێشتریان لە یاد ئەچێ و وەلای دەنێن، بۆ نمونە سەهۆڵفرۆشێ ئەبێتە جێگری سەرۆک و پۆلیسێک ئەبێتە وەزیری ناوخۆ، بە بێ ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەکی ئەو پۆستانەیان تێدا بێ، تەنها و تەنها هۆکار ئەوەیە لە خێزان و عەشرەتی کابرای سەرۆکن و فۆتۆکۆپیی کراون لەسەر ئیشی سیاسەت و دەوڵەتداریی.بۆ نمونە عەدنان خەیروڵڵا ئەفسەرێک بوو لە چوارتا، کە سەدامی ئامۆزای بوو بە سەرۆک، ئەویش لە چوارتاوە بە یەک ئەستێرەی سەرشانەوە کۆپیکرا  بۆ  وەزیری بەرگریی عێراق.

ئیدی ئەو ئاوەی سەدام ڕشتی یان کۆڵۆنیالیزمی جیهانیی پێیان ڕشت، تاکو ئێستایش لە سەرۆکەکانەوە تاکو بچوکترین پیشە، پەیڕەویی لێدەکەن.

ئەمڕۆ یەک پێشمەرگە نییە کوڕی دەوڵەمەند بێ، ئەو پیشەیە تایبەت کراوە بە کوڕی بێ باوک و هەژار و بێکار، هەرچی پلە و پایەی بەرزی سەربازییە بۆ کوڕی دەسەڵاتدارانە.

ئێستا کوڕی سیاسەتمەدار، ئەبێ سیاسیی و دەسەڵاتدار بێ، لە هەموو سیاسییەکانماندا منداڵی یەکێکیان پزیشک یان ئەندازیار یان شێوەکار یان مامۆستا نین، هەمووان سیاسین، یاخود سەرقاڵی پڕۆڤە و فۆتۆکۆپیکردنی پیشەکەی باوکیانن،  بەرە بەرە تێکڕای حیزبەکانیش بە بێ ویستی خۆیان و لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگای مێگەلدا، ئەم ڤایرۆسی مۆدێلەیان توش ئەبێ، مناڵی سەرۆکحیزب و ئەندام سەرکردایەتییەکانیان!!  واز لە هەموو کار و کاسبییەک دێنن و پاڵ دەدەن بە سیاسەتی باب و باپیریانەوە..

ئەم مۆدێلە پەل دەکێشێ بۆ هەموو کایەکانی کۆمەڵگا، گۆشتفرۆش مناڵەکانی ئەبنە گۆشتفرۆش، لقی یەک و دوو و سێ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی کوڕەکان پێکدا نەدەن، هەر یەکە و لقی خۆی دەکاتەوە لە ژێر هەمان ناووشۆرەتی بابیاندا.. پاقلاوە فرۆش و جامبازی زەوی و زار، بە هەمان داب و نەریت، ئەڵێن حەوت سەد ساڵ زیاترە ئەم پیشەیە هی خێزانی خۆمانە..نانی تیریی فرۆش و گوڵەبەڕۆژە فرۆشیش ئیمپڕاتۆرییەتی خێزانیی خۆیان ڕادەگەیەنن. ئەندازیار ئەبێ مناڵەکانی ئەندازیار بن.پزیشک هەیە هەموو مناڵەکانی پزیشکن، ئەمانە زانستی بۆماوەزانییان بە درۆ خستۆتەوە، چونکە لە یاساکانی مەندڵ و تۆماس مۆرگاندا، وەچەکان سیفەتی نوێ هەڵدەگرن جیا لە باوانیان، کەچی لای ئێمە، باپیر و باوک و کوڕ بە موو لە یەکتر جیاواز نین! هەرچی سیفەتی تازەیە بە میکرۆسکۆب بۆی بگەڕێ نایدۆزیتەوە..هەندێ قیروسیای لێ ئەکا ناوی منداڵەکانیشی بە ناوی نەنک و باپیرییەوە ناودەنێ، بۆ ئەوەی کات ڕاوەستێ و ڕابوردوو تێنەپەڕێ!

بازرگان هەموو مناڵەکانی بازرگان دەردەچن ، سوبحانەڵڵا. ئەوانەی زەوی پاوان ئەکەن و تاوەر دروست ئەکەن، مناڵەکانیشیان کت و مت، زەوی پاوانکەر و تاوەر دروستکەرن. پزیشک هەیە مناڵەکەی نمرەی کۆلێژی پزیشکیی ناهێنێ، ئەینێرێتە  کۆلێژی پزیشکیی پریڤەیت لە دەرەوە یان ناوەوەی وڵات، هەزاران دۆلاری بۆ خەرج ئەکات، چونکە کفرە مناڵی ئەو نەبێ بە پزیشک.

ئیتر بەو جۆرە پیشەکان تاپۆ دەکرێن لەسەر کۆمەڵێ خێزان ..گەزۆ هی فڵان خێزانە و .. ماست هی فیسار و مناڵەکانێتی.. نەوت تایبەتە بە فڵان خێزان..

ئیدی کۆمەڵگایەکی دابڕاو و چینایەتییەکی قێزەون ئەبینین، چینەکان ناتوانن تێکەڵی یەکتر بن ، چونکە کوڕی پاقله فرۆش هەر پاقلەفرۆشە ئیتر چ قودرەتە ببێتە هاوڕێی پارێزەرێ کە لە باوکییەوە بۆی کوپی کراوە؟

بەو شێوەیە سیاسیی سەیر پەیدا ئەبێ، کە لە لوتکەی قەیرانەکاندا قاقا پێدەکەنێ و نوکتە ئەگێڕێتەوە. پزیشکی وا پەیدا ئەبێ لە جیاتی نەخۆش چاکبکاتەوە، ئەیکوژێ.چونکە لە بنچینەدا ئەو دووانە بۆ سیاسەت و پزیشکیی نەخوڵقاون، بەڵام لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگای ئیستینساخدا، بوون بەو دوو پیشەگەرە سەیر و سەمەرە و ترسناک و بەکاری هیچ نەهاتووە.

ئینجا تۆخبوونەوەی عەشرەت و تیرە و هۆز، بە هەمان ڕیتمی سیاسییەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر ئەبێتەوە، وای لێهاتووە بە بێ ناوی عەشرەت هیچ کەسێ ناناسرێتەوە. جاران ئەتوت عەلی توانا، شەوکەت ڕەشید، ئەمین زەکی، فایق بێکەس... هەمووان ئەیناسینەوە و ئەیزانی کێن، بەڵام ئێستا هەتا نازناوی قەرەداغیی و شەمێرانیی وهەورامیی و شارەزوریی و جاف و .... نەخەیتە سەر ناوەکان، کەس نازانێ کێن، ڕەنگە خۆیشیان نەزانن کێن!

ئەمە کارەساتێکی گەورەیە بەڵام کۆمەڵگای ئیستینساخ هەست بە کارەسات و شت ناکا، چونکە ساتێک لە ئیستینساخ ڕاوەستن، بێ ئیش ئەبن و ڕابەرایەتییان لە دەست ئەچێ و لە یاد ئەچنەوە.

ماوەتەوە بڵێین کۆمەڵگای ئیستینساخ کۆمەڵگایەکە به بێ ئاگاداریی خۆیان و بە خێراییەکی زۆر  بۆ دواوە ئەگەڕێنەوە، هەتا ئەگەنەوە چاخی بەردین..کۆمەڵگایەکی حەیوانییە و هیچ گۆڕانکاریی و پێشکەوتنێک لە داب ونەریت و هەڵس و کەوتیاندا دروست نابێ.

سەرچاوە : ئاوێنە