کێ هەولێری خۆشدەوێ؟

 

 
ە

 رۆژگار نانەکەلی

 

سەرم سوڕماوە، نازانم کێ هەولێری خۆشدەوێ؟! ئەو سەرسوڕمانەشم پێچەوانەی بیرکردنەوەی خەڵکی دیکەیە، ئەوان دەڵێن هەموو کەسێک شاری هەولێری خۆشدەوێ، بەڵام من بەدەیان بەڵگەوە دەیسەلمێنم کە ئەو کەسانەی هەولێریان خۆشدەوێ ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات.
ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، لە هەرچوار وەرزەی ساڵ بەهەشت ئاسا خۆیان نمایش دەکەن، بەتایبەت بەهاران کە ئەگەر بچیتە شوێنێ لەو شوێنە قەشەنگانە، ئەوا دڵت لەوێ جێ دەمێنێ و کاتێ دەگەڕێیتەوە هەست دەکەیت دڵت لەو شوێنە جێماوە، بەڵام کە لە کامێرای مۆبایلی پەیجەکان و کامێرای تیڤییەکان، دیمەنی ناخ هەژێنی پاشماوەو خاشاکی خەڵک لەو شوێنانە دەبینین، یەکسەر لە خۆمان دەپرسین کێ دۆڵ و شاخەکانی هەولێری خۆشدەوێ؟! ئایا خەڵکی هەولێر دژی خاک و هەواو دار و دەوەنی شارەکەیانن؟ خۆ ئەگەر دانە بە دانەیان بدوێنیت، هەموویان دەست لەسەرسینگن و دەڵێن هەولێر چاومانە، دایکمانە، شەرەفمانە، کەوابێ مەکسیکییەکان و فیلیپینییەکان و نیپاڵییەکان و جیبۆتییەکان بوون ئەم هەموو پیسی و پاشماوە و خاشاکەیان لەدوای سەیرانەکانیان لەم ناوچانە جێ هێشتووە؟!.
شارەوانی زۆرینەی باخچەی گەڕەکەکانی هەولێریان دروستکرد و پێداویستی تایبەت بە باخچەیان دابین کرد، دوای مانگێک یان دوو مانگ یان سێ مانگ، باخچەکە تەنها ئاسەواری چوارچێوەکەی ماوە، کورسییەکانی شکێنراون، دارودەوەنەکان یان وشک بوون یان دزراون، کەلوپەلی وەرزشی باخچەکان، پارچەپارچەکراون و بەئاسن فرۆشراون، یانیش لەکارکەوتوون. سیمی دەوری باخچەکەش یەک بەش لەچواربەشی بەسەلامەتی ماوەتەوە، ئەوانی دی دزراون و لەشوێنی دیکە کەڵکییان لێوەرگیراوە، فریزی باخچەکەش زیاتر 70 ٪ وشک بووە یان زەویەکە رووت بۆتەوەو فریزی لێ نەماوە!!
تۆ بڵێی کێ ئەم کارە ناڕەوایانەی کردبێ؟ هەر هاووڵاتییەکیش بدوێنی دیسان دەست لەسەرسینگە و دەڵێ هەولێر دایکمانە و جێی فەخرمانە، کەوابێ کێ ئەم کارانەی کردووە؟.
بەخوێندنەوەی ئەو نووسینانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێ کە خۆشویستنی هەولێر لەناو ناخی خەڵکەکەی نەچەقیوە، چونکە بەشێوەیەکی گشتی هەڵوێستی خەڵک وەک یەک نین لەپێناو شارەکەیان. سووتانی بە بەهاترین و دڵگیرترین شوێنی هەولێر کە ناوی (قەیسەری)یە، بەڕاستی دڵە بەردەکانیشی کردە ئاو. نزیکەی 900 ساڵ پێش ئێستا، (محەمەد تەلعەت نورەدین وێردی بەقاڵ) ئەم قەیسەرییەی دروستکردووە، واتە دەتوانین بڵێین لە سەردەمی حوکمڕانی سوڵتان (موزەفەردین) دروستکراوە. ئەم شوێنە تا پێش سووتانی، بەردەوام قەرەباڵغ و ئاوەدان بووە و زیاتر لە3700 دوکانی جۆراوجۆری هەبووە و دەیان جۆر کاڵا و شتومەک و پێداویستی رۆژانەی خەڵکی تێدا فرۆشراوە، شوێنی سەدان یادگاری و یادەوەری خۆش و ناخۆشی خەڵک بووە، بەڵام لە شەوی5/5/2024 ئاگرێکی گەورە زیاتر لە220 دوکانی جۆراوجۆری سووتاند، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و شوێنی سەرەکی ئاگرەکە لەناو قەیسەری، گومانی زۆری لەلای خەڵکی هەولێر دروستکرد، بەجۆرێک پەیجەکان و تیڤییەکان راپرسییان دروستدەکرد و زۆرینەی خەڵک دەیانوت، ئەم ئاگرە دەستێکی ناحەزانەی (دەرەکی) تێدایە، کەواتە دەستە دەرەکییەکان کێن؟
داعشی رێک پۆش
بێگومان لەڕووی هێز و هەیمەنەوە داعش نەماوە، بەڵام بەشێوەی هزر و بیروڕا و گۆڕینی جلوبەرگییان لەجلی دڕاو و قوڕ و تۆز، بۆ جۆرەها مارکەی گران بەهای (قات و ریبات)، بوونیان ماوە. هەروەها گۆڕینی چالاکییەکانیان لە هێرشی راستەوخۆی رۆژانەوە، بۆ کەتنی شەوانە و  بڵاوکردنەوەی بیروڕا و هزرەکانییان لەڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان بە جلوبەرگی رێک و جوانی رووخساریانەوە، بەردەوامی بە کارە خراپەکانیان دەدەن.
سووتانی شوێنە بەرچاو و ناسراوەکانی هەولێر، پێویستی بە پلان و وردبینی زۆرە لەلایەن دەسەڵاتدارانی شارەوە، بۆئەوەی لە داهاتوودا، چیدی دڵی خەڵک پڕلەخەم نەبێ، چونکە بەشێوەیەکی گشتی ئەم شارە شایەنی ئەوەیە شانازی پێوەبکرێ، چونکە لە هەموو بوارێکی ژیانەوە، کۆمەڵە کەسایەتییەکی زۆر بەهاداری لێ ژیاوە و لێی دەژی.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ