
محەممەد زارعی، وەرزشڤانێکی خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و خاوەن ئاستێکی بەرزە لە یاریی هونەرەکانی شەڕی تێکەڵاو. ئەو بە گۆرێلای کوردان ناسراوە، بەر لە دوو رۆژ لە سعودیە توانی نازناوێکی دیکەی جیهانی بباتەوە.
ئەو وەرزشڤانە کوردە پێشتر یاریی زۆرانبازی دەکرد، 15 ساڵە سەرقاڵی یاریی هونەری شەڕی تێکەڵاوە و گەیشتووەتە ئاستی یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی PFL کە دووەم بەهێزترین ئاستی رکابەریی و پاڵەوانێتییە لە دوای UFC، محەممەد زارعی توانیویەتی 10 شەڕ بە سەرکەوتنی خۆی تەواو بکات و ببێتە ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی یارییەکە.
لە دوایین پاڵەوانێتییدا محەممەد زارعی، پاڵەوانی کورد لە سعودیە توانی لە ئیمان گەلار، پاڵەوانی سعودی و خاوەن نازناوی کیشوەری ئەفریقیا بباتەوە، بەو بردنەوەیە ئەو یاریزانە کوردە توانی هەنگاوێکی دیکە لە بەدەستهێنانی نازناوی پشتێنی زێڕین نزیک ببێتەوە.
محەممەد زارعی، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "وەک پاڵەوانێکی کورد بەڕاستی هەستێکی خۆش و شانازییەکی گەورە بەخۆم دەکەم کە دوای ماندووێتییەکی زۆر و هەوڵدانم توانیم دەیەم نازناوی جیهانی ببەمەوە، ئاسان نەبوو یارییەکەم، بەڵام بەمتمانە و بڕوایەکی زۆرەوە رووبەڕووی ئەو یاریزانە بوومەوە و لێم بردەوە، شەرەفێکی گەورەیە کە هەموو کات ئاڵای کوردستان بەرز دەکەمەوە و جامانەی کوردیش لەسەر دەکەم".
بڕیارە لە مانگی سێپتێمبەری ئەمساڵ پاڵەوانە کوردەکەی یاریی هونەرەکانی شەڕی تێکەڵاو جارێکی دیکە گەشتی وڵاتی سعودیە بکاتەوە بۆ بەشداریکردن لە شەڕیکی دیکەی جیهانی، ئەگەر بباتەوە راستەوخۆ پشتێنی زێڕینی جیهانی یارییەکەی پێشکەش دەکرێت.
ئەو پاڵەوانە کوردە زیاتر روونیکردەوە "گەورەترین یاریی ژیانم بردەوە، دوای پشوودانێکی کورد جارێکی دیکە دەست دەکەم بە راهێنان و وەک تاکە کوردێک دەمەوێت بگەمە لووتکەی هونەری شەڕی تێکەڵاو".
یاریی هونەری شەڕی تێکەڵاو ناسراو بە MMA ململانێی دوو یاریزانە لەنێو قەفەزێکی رەشدا.
سەرچاوە : ڕووداو