بەسە بێدەنگی... بەسە هاوبەشی لەتاوان...!

 

 

بەرزان حەمەسور

 

هاواری کورد بەقوڕگێکی پڕ:

" بەسە بێدەنگی... بەسە هاوبەشی لە تاوان ...! "

 

تورکەکان شانازی دەکەن کەلەسەر ڕیبازەکەی مستەفا کەمال پەیڕەودەکەن وسەدساڵە بەئاگروئاسن مامەڵەی کورد دەکەن، سەدان ئازادیخوازی کوردیان لە سێدارە داوە و هەزاران گوندی کوردستانیان وێران کردووە و دەیان هەزار ئازای خوازی کوردیان بەحوکمی دادگای قەرەقوش خزانۆتە زیندان.. زمانەکەیان سڕیوەتەوە و هیوای سەربەخۆییان لەباربردوون ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆغان دەوێرێت باس لە "ڕەتکردنەوەی نەخشەی نوێ" بکات، لە کاتێکدا دەوڵەتەکەی لەدروستبونیەوەتائەمڕۆ لە کێشانی نەخشە بەسەر پەڕاندنی کەلە سەری ڕۆڵەی کورد نەوەستاوە.


ئەمڕۆهەموو کورد دەڵێ:

 "ئێمە چیتر نابینە سوارەی حەمیدییە، نابین بەکەرەستەی شەڕی ئارەزووی شەڕانگێزی تورک دژ بە ئەوانی دیکە..

ناهێڵین جارێکی دیکە منداڵێکی نەزان وەک حەسەن خەیری لە نێوماندا لەدایک بێتەوە، تابۆ خزمەتکردنی داگیرکەر بەکاربهێنرێ". 


مێژووی خوێناوی سەدساڵەی ڕابوردوو سەلماندی کەئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ دادپەروەری بۆ گەلی کورد ناچەسپێ..

ئەگەر ڕۆژئاوای دیموکرات خواستێکی ڕاستەقینەی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە:

داننان بە گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و سەروەر. ڕێزگرتن لە مافی چارەنووسی ئازادیان. پشتگیریکردن لە پەروەردە و زمان و ناسنامەی کولتوورییان. کۆتایی هێنان بە پشتیوانی سەربازی و لۆجستی بۆ ئەو ڕژێمانەی کە بە ناوی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" کۆمەڵکوژی کورد دەکەن . 
کورد "کێشە" نییە، بەڵکو باس وخواستی نەتەوەیەکی زیندووە. "سایکس-پیکۆی نوێ" پێشنایەت، ئەگەر جیهان بەردەوام بێت لە پشتگوێخستنی کۆنترین نادادپەروەری خۆی.

ئێمەی کورد ئەو قوربانیانەین کە هێشتا نەنێژراوین، بەڵام لە خۆڵەمێشی سووتماکمانەوە هەڵدەستینەوە بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە مێژووی شێوێنراوی خۆمان بنووسنەوە..