دیالۆگی نئشتمان ..
سری سوریا ئۆندەر، دەنگێکی مرۆیی لە تاریکیا ی بێدەنگکراودا
گوڵێکی هەمیشەبەهاری لە دارستانێک چڕ لەدڕکدا..
لە جیهانێکدا کە زۆرجار بەهۆی هێڵەپانەکانی نەتەوە و ئاین وسیاسەت و ڕق و کینە بۆماوەییەکانەوە کێشراوە، سری سوریا ئۆندەر وەک بەڵگەنامەیەکی دەگمەن لەسەرپێ وەستابوو کەپێشانی گەلەکەی بدات سەرەتا مرۆڤ بوون مانای چییە..!
پیاوێکی تورکی لەدایک بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە ویستو هەڵبژاردنی خۆی هاوڵاتی مرۆڤایەتی بوو، بوێری ئەوەی هەبوو بەسەربەزی لە ڕاستیدا وەک مرۆڤێ بژی، ڕەگەزپەرستی باوی سەردەمەکەی خۆی ڕەتکردەوە و دادپەروەری ومرۆڤبوونی لە باوەش گرت لە سەردەمێکدا کە ئەو کارە لەسەرکەسایەتی یەکجار تێچووی زۆردەکەوت..
ژیانی ئۆندەر نەک بەو ناسنامەیەی کە بەسەریدا سەپێنراوە،ملکەچ نەبوو لەگەلەگورگەبۆرەکاندا بژی، بەڵکو بەو بەها مرۆڤانەیەی کە خۆی هەڵیبژاردبووە هۆکارە بۆ بەرزڕاگرتنی. لە نەتەوەیەکدا کەزەهری ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی کەمالیزم لە مێژبوو بەهەرچوارپەل دەستی نابووە قوڕقوڕاگەی کوردو دەنگی کەمینەکانی لەوڵاتی (یەک نەتەوەو یەک زمان ویەک دەوڵەتەکەی مستەفا کەمال ) گشت نەتەوەکانی ناوتورکیا ی بێدەنگ کردبوو ..
ئۆندەر ڕەتیکردەوە کەهاوبەش بێت لەتاوانی کۆمەڵکوژی و سەرکوێرکردنی منداڵی کورد... خۆڕاگر و بەکەرامەت و بێ ترس بوو لە ووتنی ڕاستییەکان، کاتێک ئەو لە ڕاستییدا هێڵکاری وێنەیەکی پڕ لەئاخ وهاواری بە ئازاری گەلی کورد دەکێشا.
بۆ میللەتی کورد، سری سوریا ئۆندەر تەنیا تورک نەبوو؛ ئەو وێنەی شاخە سەرکەشەکانی کوردستان هاوڕێ ی کوردبوو. لە سەردەمێکدا کەکورد بێدەنگ دەکرا ئەو بێدەنگ نەبوو لە بەرامبەر ستەمدا نەک هەر دەنگی کوردبوو، وە کردار ی هاوسۆزی هەڵبژارد. .
پشتیوانی ئەو بۆ دۆزی کورد هەلپەرستی سیاسی نەبوو، بەڵکو دانپێدانانی مرۆڤانە بوو بە ئازارە بەردەوامەکانی گەلی کورد و خەباتی ڕەوای ئەوان بۆ دانپێدانان و کەرامەت و ئاشتی ویەکسانی.
خەم و پەژارەی کۆچی دوایی ئۆندەر لای کورد زامێکی قووڵ و ڕاستەقینەیە. زۆرجار چەوساوەکان خەمبار دەبن بە لەدەستدانی کەسایەتیەک لە گروپی باڵادەست، بەڵام ئۆندەر تەنیا پیاوێکی نەتەوەی خۆی نەبوو ، پیاوێکی پرەنسیپی بوو. مردنی هەستی لەدەستدانی پردێک لە نێوان دوو جیهاندا دروست دەکات کە پتر لەسەدساڵە لەژێر جەقۆی کەمالیزمدان ،تەنها فێری ئەوە کراون کە لەیەکتر جیا ببنەوە ودوژمنی باوک کوژەی یەکتر بن ..!
نابێت میراتی سری سوریا ئۆندەر کاڵ بێتەوە و لە بێدەنگیدا بێت. یادەوەرییەکەی شایەنی زیاترە لە وشەکان ،شایەنی شوێنەوارە. با پەیکەر ی ئۆندەر لە شارەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەرز بکرێتەوە، نەک تەنها وەک ڕێزلێنانێک بۆی، بەڵکو وەک بیرخستنەوەیەک کە چۆن مرۆڤبوون سنووروناسنامەی نەتەوەیی تێدەپەڕێنێت..
مرۆڤ دەبێ بپرسێت:
چەند کات دەخایەنێت تا دەوڵەتی تورکیا بەڕاستی گوێی لەوانە نەوتراوەکانی ئۆندەر بگرن ؟
ئۆندەر نەک هەرگوێی لە هاواری گەلی کوردگرت بەڵکو لێیان تێگەیشت وبەکردەوە کاری بۆکردن.. سری سوریا ئۆندەر تێگەیشت. ئەو لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیای سەپێنراوەوی نەتەوەپەرستی تورکی دونیای دەیبینی. لە بەرامبەر سەرکردەکانی ئەمڕۆی تورکی وەک ئەردۆغان، جەنەڕاڵەکانی جەنگ وکەسایەتییەکانی پشتی پەردەی (دەوڵەتی تورکیای قوڵ) هەمووئەوانەی کە ئەڵقە لەگوێ و کۆت وزنجیری گورگەبۆرەکانیان لە ملە چەندین ساڵە باری گرانی بەردەوامبوونی ئایدۆلۆژیا کەمالییان داوە بەسەرو کۆڵداو ناتوانن لەقوڕاوی ڕق وخانەی تۆڵەی فاشیزمی تورکی دەربازبن ،لای ئەم جۆرەلەتورک گیرۆدەی چڕنوکی چەپۆکی مێردەزمەی توورکی بوونن ، ڕوون نییە کەی دەتوانن ئۆندەر ئاسا دەربازبن تاوەک ئەوانیش وەک مرۆڤ بیربکەنەوەو بژین ..!
ئازایەتی ئۆندەر نابێت دەگمەن بێت؛ دەبێ نۆرم بێت. تا ئەو کاتە گەلی کورد بەردەوام دەبێت لە یادی ئەو- نەک هەر وەک تورکێک، بەڵکو وەک مرۆڤێکی ئازا کەبوێرانە وسەربەرز لەگەڵیان وەستابوو، لەپێناو ئاشتی وئازادی بۆ کورد ژیا.