كاروخ حەسەن
ساڵی ٢٠٠٩ دەتوانین وەک سەرەتای دەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ناوبنێین ، کە لەیەکەم هەڵبژاردندا توانی متمانەیەکی باشی کۆمەڵگا بەدەست بهێینێت ، هەرچەند ئەگەر بگەڕێینەوە دواوە دەبینین ڕیشەو ڕەگی ناڕەزایەتی لە هەرێم مێژوویەکی کۆنتری هەیە ، کە لەمێژوی ئەم ئەزمونە کوردیەی باشور جیانابێتەوە ، بەحوکمی ئەوەی ئەم مۆدێلە دەستپێکێکی باشی نەبوو ، هەر لەیەکەم هەڵبژاردن تاکو بەرەی کوردستانی و بەتاڵانبردنی سەرمایەی نیشتیمانی و دواتر شەڕی ناوخۆ و هتد . هەموو ئەمانە وایکرد بەردەوام دەنگی ناڕازی ڕوو لەزیادبون بێت و تەنها لە چوارچێوەی هەڵوێستی کەسی و دەستەبژێرو ڕۆژنامەو میدیاکان نەمێنێتەوە ، بەڵکو لەجوڵانەوەیەکی سیاسی خۆی فۆڕمەڵەبکات و بچێتە مللانێی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکان .
لەپێش ساڵی ٢٠٠٩ ەوە ئۆپۆزسیۆن وەک تیۆرە و ئایدیا لەسەر ئاستی تاک هەبووە، بۆ ناسینەوە و پێناسەکردنی و جێگرکردنی لە مێژوودا وەک قۆناغێکی خاوەن هێز و سیمای جیاواز دەکرێت ئەو فۆڕمە بە دەقگرتنی کەلتوری مەعنەوی ئۆپۆزسیۆن ناوبنێین، لە قۆناغی دواتردا کە قۆناغی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانە، کە سەرەتای گواستنەوەی کلتوری مەعنەوی ئۆپۆزسیۆنە بۆ کەلتوری ماددی ، کەلتوری ماددی بە مانای بەدامەزراوەیکردنی گوتار و ئایدیای ئۆپۆزسیۆن، بەخشینی پێناسەیەکی ڕوونتر. لەسەرەتادا وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن توانی تا ڕادەیەک کاریگەری باشی هەبێت چ لەسەر دەسەڵات ، چی لەسەر کۆمەڵگا ، لەسەر دەسەڵات لەڕوی زیادکردنی فشار و ڕێگری لەهەندێ هەوڵی حیزبی بۆ تێپەڕاندن و داڕشتنی یاساکان ، لەسەر کۆمەڵگا لەڕوی ڕێکخستن و دروستکردنی ڕای گشتی پەیوەست بەماف و ئازادی و ئەو بابەتانەی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە . واتە سەرەڕای ڕەخنەو سەرنجەکان لەسەر ئۆپۆزسیۆن بەڵام لەدوو خولی خەباتی پەرلەمانی دەتوانین بڵێین مۆدێلێکی نوێ بوو لەئەزمونی سیاسی باشوری کوردستان ، بەهەمووکەموکوڕیەکانەوە .
بەڵام کاتێک بەشداریکرد لە دەسەڵات بەتەواوی لەناو ئەو ئەزمونە سیاسیە توایەوە ، بەشداری لە دەسەڵات هەموو خەونێکی تازەبوونەوە و گۆڕانکاری کوشت، لە بنەمادا ئەو حەرەکەتە بۆئەوە دروست نەبوو کاریگەریەکی سنوردار دروست بکات و بە ئەندازەی ئەو کاریگەریە بەشداری لە دەسەڵات بکات، لەسەرەتادا دیدگایەکی وا لای خەڵک بونیادنرا کە کەوشن و پانتایی دەسەڵات وشک و بێ ئەرزشە، ئامادە نیە بۆ لەخۆگرتنی خەونی گۆڕانکاری و ئیرادەی بۆ ژیانێکی باشتر، بۆئەوەی خەون ئیرادەی هەمووان بە باشترین شێوە بەرجەستە بێت، پێویستە ئەو کەشەن و ڕووبەرە تارومار بکرێت کە دەسەڵات لەسەری وەستاوە و یاری لەسەر دەکات، لای هەموان ڕوونە کار و هەوڵەکان ئەنجامێکی لەم جۆرەیان نەدا، دواتر ئەو حەرەکەتەش چووە سەر ئەو کەوشەنە و بەشداری دەسەڵاتی کرد ، ئەمەش کۆمەڵێک کاریگەری و دەرئەنجامی خراپی جێهێشت لەناو کایەی سیاسی و بەشداری هاوڵاتی لەپڕۆسەی سیاسی دا، هەروەها شەپۆلی بێهیوایی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەگەر شەپۆلی یەکەمی بێ-هیوایی ، بێ-هیوابوون بێت لە دەسەڵاتی کوردی دوای ڕاپەڕین، هەرچی شەپۆلی دووەمی بێ-هیواییە بەهۆی ئۆپۆزسیۆنەوە دروست دەبێت، ئۆپۆزسیۆن بەئاستێکی زۆر خراپ تۆوی بێ ئومێدی لەکۆمەڵگادا چاند ، ئەمەش بەهۆی هەڵگرتنی کۆمەڵێک دروشم و بانگەشەو بەڵێن کە نەک نەیتوانی جێبەجێی بکات بەڵکو بوبە بەشێک لەکۆمیدیای ناو کایەی سیاسی .
بڕیار بوو ئۆپۆزسیۆن تەنیا کار لەسەر خەون و هیوا گشتیەکانی خەڵک بکات، ئەگەر خەمێک یان ئازارێک هەبێت ئۆپۆزسیۆن ئەو ڕێگایە بێت هەمووان بتوان لێوەی تێپەڕن و بگەن بە بەختەوەری و ژیانێکی شایستە، ئۆپۆزسیۆن کاتێک دەتوانێت هێزی ئەوەی هەبێت ئەرکێکی گرنگی لەم شێوەیە ڕاپەڕێنێت، کە وەک دوو هێڵی جیاواز مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی و تایبەتی بکات، هەر جۆرە تێکەڵاویەک لەنێوان ئەم دوو هێڵەدا وەک تاوان و گوناهێکی مەزن ببینێت ، بە ئەسەفێکی زۆرەوە ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی خۆی لەم تاوانە لابدات ، لەئەزموونی کارکردنیدا هەر دوو هێڵە ناکۆک و دژبەرەکەی تێکەڵاوی یەکتر کرد، لە دەرئەنجامی ئەمەشدا نەک هەر ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی ڕێگا و ئاسۆیەکی جیاوازتر بێت بۆ خەڵک، بەڵکو خۆشی دواجار کەم کەم گەڕایەوە سەر هەمان ڕێگەی دەسەڵات.
کاتێک بەرژەوەندی گشتی فەرامۆش کرا، تەنیا تاکە هێڵێک بۆ کارکردن دەمێنێتەوە ئەویش بەرژەوەندی کەسی و تایبەتیە، لە دەرئەنجامی ئەوەدا جۆرێک لە پەرتبوون لەناو کۆمەڵگا دروست دەبێت، چونکە هەر کەس ڕێگای بەرژەوەندی خۆی دەگرێت، ئەمەش دواجار پەرتبوون و دابەشبوون لەنێو کۆمەڵگا دروست دەکات و ڕەنگی ئەم پەرتبوونە دەکەوێتە سەر لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و چەندین گروپی سیاسی لەژێر ناوی ئۆپۆزسیۆندا دروست دەبن، کە هەر یەکەیان بەشوێن بەرژەوەندی خۆیدا دەڕوات و شەڕی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەکەن .
لە هەموو دونیادا پرۆسەی دروستبوون و لەدایکبوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان جیاوازە و خەمی گشتی دروستیان دەکات، هەر خەمی گشتیش دەیان جوڵێنێت و ئاراستەیان دەکات، تا ئەو ئاستە پەیوەست دەبنەوە بە خەمی گشتی و خەڵک کە زۆر جار مردن و توانەوەشیان هەر لەپێناو خەمی گشتییە.
ئەمڕۆ بەشێکی زۆری سەرۆک حیزبەکان ئاگاداری کەلتوری تیۆری ئۆپۆزسیۆن نین ، لەسەر ئاستی دونیا هیچ ئاگایەکیان نیە دەربارەی تیۆرییەکانی کەسانی وەک جین شارب یان گرامشی دەربارەی ئۆپۆزسیۆن و خەباتی مەدەنی، لە جێگەی ئەوە وەک موهەریج و بلۆگەری هەرەزەکار هەر تاوناتاوێک لە سۆشیال میدیا کۆمەڵێک قسەی سواو فڕێ دەدەن .
لەوڵاتی ئێمە ئیشی ئۆپۆزسیۆن نیە خاوەن پڕۆژەو دونیابینی دورمەودابێت ، ئیشی ئەوان ئەوەیە چۆن دەنگە ناڕازیەکانی کۆمەڵگا ڕابکێشن و دواتر لەسەر مێزی دانوستان بەنرخی دڵخوازی خۆیان مامەڵەی پێوەبکەن ، واتە ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا هەیە وەزیفەی هەرە سەرەکی بەردەوام هێز بەخشینە بە دەسەڵات .
بۆ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی خاوەن هێز و ئیرادە کە بەباوەڕەوە بتوانێت کار بکات و کاریگەری دروست بکات، پێویستە ئەو کەسانەی ڕابەرایەتی دەکەن کەسانی خوێندەواربن و دووربن لە کاریگەرییەکانی شەپۆلی پۆپۆلیزم، هەروەها خاوەن مانفێستی تایبەت بن کە لێکدانەوەی ڕەوشی ئێستا و پلانی داهاتوو بە وەردی لەخۆی بگرێت، جگە لەوە دەبێت ئەو کەسانە دووربن لە گومانی گەندەڵی دار دەستی دەسەڵات.
سەرچاوە : خەندان