عەلی مەحمود محەمەد
ناوچەی خواكورك سەر بە قەزای سیدەكانە, نزیكەی 30 گوندە, روپێوی خاكەكەی دەوروبەری 150 كم دووجایە, بە هۆی ئەوەی زۆربەی دێهاتەكانی ناوچەكانی خواكوڕك و لۆلان و حەیات بە زۆرەملێ ڕاگوێزرابوونە قەزای دیانا و ئۆردوگاكانی كەسنەزان و دێگەڵە و قوشتەپە و ....... هتد, بۆیە لە كاتی پرۆسەی ئەنفال خەڵكێكی زۆر كەم لەم ناوچەیە دەژیان, بە هەر هەمووی خۆی نادا لە چەند سەت ماڵێك, ئەوانەی لەوێ بوون زۆربەیان پێشمەرگەو بنەماڵەكانیان و راكردووەكانی سەربازی و مەڕدارەكان بوون, لە گەڵ هاووڵاتییەكی كەمی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە, سەرباری ئەوەی پاسداریش بنەو بارەگەیان لەوێ دانابوو, هاتوچۆیان درووست كردبوو لەوێوە بۆ ئێران لە رێگای خنێرەوە, پارتی و حیزبوڵاكان"ئەدهەم بارزانی, شێخ محەمەد خالید" دەیان هێنان و دەیان بردن, جگە لە هات و چۆی ئۆتۆمۆبێلی پاسداران, تەنانەت باسی نیشتنەوەی كۆپتەری پاسداریش وەك سەرگەڵو دەكرێت لە گەلی رەش.
ئەم ناوچەیە بە بەراورد بەناوچەكانی پرۆسەی 7 ئەنفالی پێشوو, كە ئەنفالی یەك و دوو بچووكترین پانتاییان هەبوو, پانتایی جوگرافیای شەڕی خواكورك نزیك یەك بە نۆی جوگرافیای ئەنفالی یەكە, بەڵام ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگە بە تایبەت لە رووی سەربازی و سیاسییەوە, هەر سێ وڵاتی عێراق, ئێران, توركیا لەو خاڵە یەك دەگرنەوە.
شەڕی خواكورك لە بارودۆخێكدا كرا, حكوومەتی عێراقی لە چوار ئەنفالی پێشوو" 1,2,3,4" سەركەوتوو بوو, لە ئەنفالی 5,6,7 بەرەو رووی بەرگری بوەوە, كۆنترۆڵكردنی نزیك 102 رۆژی ویست.
داستانی خواكورك (19ی تەممووز تاكو 5 ی ئەیلوولی 1988), واتا 49 رۆژی خایان, دوو رۆژ دوای رەزامەندی رێكەوتنی ئێران و عێراق بۆ راگرتنی جەنگ دەستی پێكرد, یەكێكە لەو شەڕە دژوارانەی كە تیایدا ڕژێمی بەعس چەندین فرقەی هەردوو فەیلەقی (1 و 5)ی سەربازو هێزە تایبەتەكانی 66 و 68 و بە هەزاران جاش و جۆرەها چەكی قوڕس لە تانك و فڕۆكەوە هێرشی بۆ ناوچەی خنێرەو دۆڵی رەش و خواكورك و سێگۆشەی سنووری عیراق, ئێران و توركیا ئەنجامدا, كۆی هێزەكەی رژێمی عێراقی بە 30 هەزار كەس مەزەندە دەكرا, لە بەرامبەردا چەكی قورسی هێزی پێشمەرگەش بریتی بووە لە تەنیا 3 ئۆپ (120 ملم) و ژمارەیەك دۆشكە, كە هەندێكیان بە باشی كاری نەكردووە.
پەلامارەكەی سوپای عێراقی بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی و دەرەوەی بەرەی كوردستانی" بەرەی كوردستانی كە دوو مانگ و 12 رۆژ پێش ئەو مێژووە لەو جێگایە راگەیەنرابوو" هێزەكانی دەرەوەی بەرەی كوردستانی بریتی بوون لە " ئالای شۆڕش و حیزبوڵاكان", هەروەها كۆنترۆڵكردنی سنوور و رێگا گرتن لە خەڵكی ناوچەی خاتمە ئەلئەنفال"ئەنفالی بادینان" 26 رۆژ دواتر بەڕێوە چوو, لەوێوە خۆیان رزگار بكەن و بچنە ناو ئێرانەوە, كۆی جەنگەكە بە داستانی خواكورك لە ناو كوردستان بەناو بانگە.
شەڕی خواكورك هێرشی سوپاو جاشی حكوومەتی عێراقی بووە دەسپیچك لە خنێرەو گەلی رەش ەوە بۆ هەموو ناوچەی خواكورك, بە پێی ئەو گێڕانەوەیەی پێشمەرگە بەشداربووەكانی باسی دەكەن لە نێوان 19-7-1988 تاكو 5-9-1988 بەردەوام بووە, واتا 49 رۆژی خایاندووە, هەندێكیش كاتەكەی بە 51 رۆژ دەدەنە قەڵەم , لە سەرەتادا لە بەری گوندی خنێرە كە دەكەوێتە بەری رۆژهەڵاتەوە دەستی پێكردووە.
لەم داستانە هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی مرۆیی بە پلەی یەكەم پێشمەرگەیان هەبووەو بەشدار بوونە" حیزبوڵا بە نزیك 300 پێشمەرگە"بەڵام رۆڵی دیاریان نەبووە تەنانە وەك ئاش یش" و حیزبی شیوعی عێراق"60 بۆ 80 پێشمەرگە" و ئاڵای شۆڕش بە" 30 پێشمەرگە" و پارتی گەل بە نزیك 30 پێشمەرگە, كۆی گشتییان نزیك 1000 پێشمەرگە بوونە, جگە لە هێزی بەرگری و خۆبەخشان لە دیوی رۆژهەلاتەوە هاتوونە, بەشداری شەڕ و هاوكاری جۆراوجۆری زۆریان هێناوە بۆ بەرەكانی جەنگ, ئەوانیش سەدان بە سەرەوە بوونە, هەرچەندە بەڕێز مەسعود بارزانی لە یاداشتەكانیا لە دوو جێگا باسی بەشداربوونی شەڕی خواكورك دەكات و دەڵێت" شەڕەكە دیسانەوە كەوتەوە سەر شانی پێشمەرگەكانی پارتی و, حزبی شیوعیش لە گەڵ هێزەكانمان مانەوە, لێ هەموو حیزبەكانی تر ناوچەكەیان جێهێشت و هیچ بەرگرییەكیان نەكرد. ل231......ئەم هێزانە بەشدارییان لە بەرگرییەكاندا كردووە: هێزەكانی بارەگای سەركردایەتیی شۆڕش و هێزەكانی لقی چوارو سێ و دووی پارتیمان و هێزی بارزان و هێزی ئاوارەو بەرگریی مللی و مەفرەزەیەكی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعیی عێراق كە هاوپەیمانمان بوو .... 242", بۆ بەشداربووانی حشع یش بە مەفرەزەیەكیان دەداتە قەڵەم, بەڵام ئەوانیش لە نووسراوە یاداشتییەكانیان باسی رۆڵی كاریگەرو قەوارەی زۆر زیاتری خۆیان دەكەن, هەروەها ئاماژە بە بەشداری ئاش و گەل لە شەڕەكە دەكەن, ئەم گفتوگۆو رۆڵی لایەنەكان بۆ خۆیان جێدێڵم پەیوەند نییە بە بابەتەكەمانەوە.
ناوچەكە ناوچەی باڵا دەستی پارتی و حیزبوڵاكان بووە, بارەگای سەرەكی حشع و پارتی گەل و ئاڵای شۆڕشی لێبووە, پارتی و حیزبوڵا بارەگاكانیان لە دیوی ئێران بووە, لە گەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی ئێرانی لە حیزبی تودەی ئێران و چریكەكانی فیدایی خەلقی ئێران باڵی ئەكسەریەت و حیزبی دیموكراتی كوردستان باڵی خەتی كۆنگرەی چوار میوانی حشع بوونە, یەكێك لە پیشمەرگەكانی چریك لەو داستانە كە پێشمەرگەی حشع بووە گیانی بەخت دەكات بە ناوی مام عەلی خەڵكی شاری سەقز مامۆستای فیزیا بووە.
لە پەلامارەكەی سوپای عێراقی بۆ ناوچەی خواكورك, ئەم هێزانەی سوپای عێراق و جاش بەشدار بوونە, بە پێی گێڕانەوەی پدك:
1. فرقەی ٣٣ سەربە فەیلەقی ٥.
2. فرقەی ٤٥ سەربە فەیلەقی ١.
3. فرقەی ١٨.
4. فرقەی ٣٥
5. لیوای ٦٦ی هێزی تایبەت
6. لیوای ٦٨ی هێزی تایبەت (قوات خاصە).
7. لیوای ٧٠٢ی پیادە (مشات).
8. فەوجی یەكی مغاویر لە فرقەی ٣٣.
9. لیوای ٤٠٢ی پیادە.
10. لیوای ١٢٠ی مغاویر.
11. لیوای ٢ی هێزەكانی ناوخۆ.
12. فەوجی ٣ی لیوای دووی مغاویر و فەوجی یەكی سەربەخۆی مغاویری سەربە فیرقەی٣.
13. هێزی چەكدارانی بەكرێگیراو (جاش) (افواج خفیفە).
14. پێنج كەتیبەی تۆپی مەیدانی و ژمارەیەك تۆپی هاوەن.
15. سێ كەتیبەی تانك.
16. ژمارەیەكی زۆر فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەر.
لە گەڵ 30 فەوجی جاشی سووك.
كێ و چەند كەس ئەنفالكرا؟
كاتژمێر10:30ەی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە رێكەوتی 27-7-1988 سوپای بەعس هێرشێكی مەزنی غافڵگیرانەی لەژێر ناوی (توكلت علی اللە) بۆ ناوچەكە دەستپێكرد، لە سەرسۆلەوە بەرەو سیارە پێشڕەوی كرد كە دەكەوێتە بەرزاییەكانی شێخانۆك" پێشتر بۆ ناوچەی خنێرە لە رۆژهەڵاتی ناوچەكە هێرشی كردبوو"، چەند ئۆتۆمبێلێكی خەڵك كەوتنە بۆسەیانەوە، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەك بەناوی مستەفا ساڵەح و عومەر مستەفا سەڵەح تەمەن 12 ساڵ كوڕی ناوبراو دەستگیركران و ئیتر سەرنگون كران.
ئەم باوك كوڕە بوونە یەكەم و دوا ئەنفالكراوی پرۆسەی ئەنفالی 8, هەرچەندە بە پێی ئەو بەڵگەنامەیەی كە لە بەردەستە پرۆسەكە لە رێكەوتی 3ی ئاب و بۆ 9ی ئەلول وەك پرۆسەی ئەنفال ئەنجامدراوە, ئەو كارە مێژووەكەی ناچێتە چوارچێوەی پرۆسەی ئەنفالی 8 ەوە.
ئەو خەڵكەی دیكە كە لە ناوچەكە جێگیر ببوون, لە بنەماڵەی پێشمەرگەو راكردووەكانی جەنگ و هاوڵاتییەكانی ناوچەكەو مەڕدارەكان, بە سەلامەتی دەرباز بوون و چوونە ناو ئێرانەوە, هاوكات بە پێی وتەی هاوڕێ پشكۆ شەش پەنجە پێشمەرگەی ئاش و بەشداربووی شەڕەكە ژمارەیەك هاووڵاتی ناوچەی ئەنفالی بادینانیش بەو ناوچەیەیا پەڕینەوە بۆ ناو ئێران و لە تەڵەی ئەنفال رزگاریان بووە.
بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی
لە شەڕی خواكورك بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بۆچوونی جیاواز هەیە لە بەكار هێنان و نەهێناندا, ئەوانەی پێیان وایە بەكارهێنراوە دەڵێن 60 پێشمەرگە لەو پەلامارە كیمیاوییە بریندار بووە.
دكتۆر غەفار پێشمەرگەی حشع كە سەرپەرشتی تیمی پزیشكی تەواوی بەرەی جەنگەكەی هەموو پارتەكانی كردووە دەڵێت" ئێمە لە بەرزایی بووین و ئەوان لە خوارمانەوە بوون, دەترسان دوكەڵەكە بۆ خۆیان بگەڕێتەوە بۆیە چەكی كیمیاوییان بەكار نەهێناوە, لە بەرەكانی دیكەش ئەگەر بەكار هێنرابێت دەبوایە ئێمە چارەسەرمان بكردبانایا, یان بە نامە و ئیمزای من بناردرانایا بۆ ئێران", بەڵام هاوڕێ پشكۆ شەش پەنجە دەڵێت"لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكە لە قۆڵی گەلی ڕەش چەكی كیمیاوی بەكار هات، ئێمە لەو قۆڵە نەبووین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەوێ بەكارهات، بریندار هەبوو بە چەكی كیمیاوی, نازانم ژمارەیان چەند بوو. بەڵام لە بەرگریەكەی دوا هێلی سنوور واتا قەبری زاهیر چەكی كیمیاوی بەكارنەهات، هەرچەندە ئێمە لە هەموو ئەو تۆپ و رۆكێتە دوكەڵاویەكان دەترساین، بەڵام بەكار نەهات". پشكۆ هۆكاری بەكار نەهێنانی چەكی كیمیاوی دەگیەڕێنێتەوە بۆ"ڕەنگە هۆكاری بەكارنەهێنانی ئەوەبێت كە 1- سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە لە بەرزاییەكانی زنجیرە شاخەكان بوو و دوژمنیش لە دۆڵەكان بوو كە زیان زیاتر بەخۆیان دەگەیشت. 2- هێلی سنووری ئێران - توركیا بوو، شەڕی عراق ئێرانیش وەستابوو".
بەڵام بارزانی بەم شێوەیە باسی لێدانی كیمیاوی دەكات" لە كاتژمێر سێ بەرەبەیانی 3ی ئابی 1988 و لە رێی فڕۆكەیەكی پیلاتۆس پی سی 7 ەوەو بە چەكی كیمیاوی شاری شنۆو چەندین بنكە و بارەگای پێشمەرگەی لە گادەر, شنۆ و خواكورك بۆردومان كرد كە بە هۆیەوە 60 پێشمەرگە بریندار بوون ل231", ئەوەی روونە ناوچەی شنۆ لە 2-8-1988 كیمیاباران كراوەو قوربانیانیان لە پرۆسەی دادگایی فرانس ڤان ئانرات لە هۆڵەندا بەشدارییان كردووە.
كاتژمێر 2:45 بەیانی رۆژی سێشەممە 2-8-1988, فڕۆكەكانی عێراقی بە گازی خەردەل و مێشك بۆمبابارانی شاری شنۆی سەر سنووری باشووری كوردستان دەكەن"هاسنووری ناوچەی ئەنفای 8", 8 گەڕەكی باشوورو رۆژئاوای شارەكە دەگرێتەوە, دوای بۆمبارانەكە بۆ پشكنینی سكالای حكوومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی شاری شنۆ دەكەن, ژمارەی بەركەوتووان بە 2620 كەس دەدەنە قەڵەم, وە بە بڕیاری ژمارە 612 ئەنجومەنی ئاسایش عێراق تاوانبار دەكات, ئەمە لە كاتێك روودەدات 16 رۆژ پێشتر ئێران و عێراق رێكەوتنامەی ئاگر بەستیان واژۆ كردبوو.
ئەگەر كیمیابارانكردنی شاری شنۆی سنووری بەرەی شەڕی خواكوركی گرتبێتەوە, ئەوا پرۆسەی ئەنفالی 8 یش بە لێدانی كیمیاوی دەستی پێكردووە, هەر ئەم قەیرانەش بە هۆی تەداخولی نەتەوە یەگرتووەكانەوە,ا دەكات ل رۆژانی داهاتوو بە تایبەت لە بەرەی قەبری زاهیر كە شەڕێكی بەرەیی بووە چەكی كیمیاوی بەكار نەهێنرێتەوە چونكە هاوسنووری دوو وڵات بووە بە تایبەت ئێران.
پاسدار لە خواكورك
ناوچەی خواكورك لە ناوەڕاستی هەشتاكان بەدواوە ببوە جێگای رمبازێنی سوپای پاسداران و قەرارگای رەمەزان, بە تایبەتیش حیزبوڵاكان , ئەوان هێندە تێكەڵ بوون لە گەڵ سوپای پاسداران وەك بەشێك لە حیزبوڵا جوڵەیان دەكرد, ئەو كات حیزبوڵا موچەشیان 165 دیناری عێراقی بوو, دوو جاری جاشێكی فەوجە خەفیفە و 17 جاری پێشمەرگەی شیوعی و سێ جارو نیوی پێشمەرگەی یەكێتی وچەندین جاری پارتیشیان وەردەگرت, باسی ئاش و لایەنەكان دیكە مەكەن, چەكداری تێرو پۆش و پوختەو ئیسراحەت بوون.
پاسداران جگە لەوەی بۆ جەنگە هاوبەشەكان و كاری هەواڵگری پێویستیان بەم بارەگایانە هەبوو لەم ناوچەیە, هاوكات ئەو ناوچەیە شوێنی پەڕینەوەی پێشمەرگەكانی دیموكرات و كۆمەڵە بوون بۆ ئەودیوی سنوور, چەندین هێزی كاریگەری دیموكرات وەك هێزەكانی كێلەشین و ئاگرین و ....... رێگایان لەوێوە بوو, وە پێشمەرگەی گوردانی 22ی ورمێی كۆمەڵە, بۆیە كۆنترۆڵكردنی ئەم ناوچەیە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بە كەڵك بوو, تا سەرچاوەی چالاكییەكانی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات لە سەرچاوەوە بگرن لەو رۆژگارە چالاك بوون, بۆیە پاسدار بنكەو بارەگای زۆری تێدا دانابوو, رێگایان كردبوەوە, هات و چۆی ئەم دیوو ئەو دیوو راستەوخۆ بە ئۆتۆمۆبیل هەبوو, بە تایبەتیش دۆڵی رەش بارەگای سەرەكی پاسدارانی لێبووە تا ئاستی نیشتنەوەی كۆپتەری ئێرانی, كە هێرش دەستی پێكردووە, چەك و تەقەمەنیان هەموو تەقاندۆتەوە هەڵاتوونە.
بە پێی سەرچاوەكانی پارتی, رۆژی سێشەممە رێكەوتی 26-7-1988 سەید باقر تەبا تەبایی فەرماندەی قەرارگای نەسری ڕەمەزانی سوپای پاسداران, لەگەڵ دەستەیەك پاسدار و چەند چەكدارێكی حزبوڵڵای كوردی عێراقی بە مەبەستی گواستنەوەی بارەگایان لە گەلی رەشەوە بۆ ناو خاكی ئێران, كە بە پێی رێكەوتنی ئێران -عێراق دەبوایا بكشێنەوە, سەردانی گەلی ڕەشیان كردبوو، ئاگاداری ئەوە نەبوون سوپای عێراقی رێگاكەی كۆنترۆڵ كردووە, كەوتوونەتە كەمینی هێزەكانی عێراق و هەموویان دیلكراون و هەر لەوێ گولە باران كراون، هەرچەندیشە 9 رۆژ بوو بڕیاری تەقە وەستان لە نێوان ئێران و عێراق درابوو.
بۆچی ئەم شەڕە ئەنفالی 8 ە
تا ئێستا شەڕی خواكورك لە ئەدەبیاتی سیاسی و لە نووسینەوەی مێژوو بە بەشێك لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال هەژمار نەكراوە, ئەمە پرسیاری چەند ساڵەی من بوو, چ لە ناو نوسینەكانمدا دەرم بڕیووە, یاخود لەگەڵ نووسەرانی وەك خاتوو عەدالەت عومەر و كاك شاخەوان شۆڕش گفتوگۆمان كردووە, ئەم پرسیارەم لە زووەكەوە بۆ درووست بووە بۆ ئەم شەڕە لەم كات و جوگرافیایە پەیوەندی نەبێت بە پرۆسەی ئەنفالەوە؟, زۆر جار ئەو بەڵگەنامانەم بەر چاو دەكەوت یان گوێم لە كەسانی وەك تاوانبار نزار خەزرەجی دەبوو, كە پرۆسەی ئەنفالی هەشت و خاتمەت ئەنفالی لە یەكتر جیا دەكردەوە, ئەوەی نزار خەزرەجی چونكە ئەنفالی چواری بە سێ لەو لێدوانانەی دیاریدەكرد بە پێی شوێنی جوگرافیا كە هاوسنووری دوكانە, بۆیە ناو هێنانی ئەنفالی 8 و نۆ لە لایەن ئەوەوە بۆ من جدی نابوو.
سێ جار دەستەواژەی ئەنفال لە بەیاننامەی سەربازی عێراقی هاتووە, دووی یەكەم بۆ پرۆسەكانی ئەنفالی یەكەم و دووەمە" 3109,3087 " سێیەمیش ژمارە" 3226 "بە پێی ئەوەی ژمارەی لە گەلدا نییە وەك دووەم, وە دووری ژمارەكەی پێی دەچێت بۆ كۆتا ئەنفال بەكار هاتبێت, بۆیە ئەنفالەكانی 3,4,5,6,7,8 بە بەیانی سەربازی كۆتاییان نەهاتووە, تەنها ژمارەكانیان لە ڕێگەی نووسراو نامە سەربازییەكانەوە دیاری كراون.
تا ئێستا پەرتووكی جینۆساید لە عێراقدا وەك مانفیستۆی نووسینەوەی مێژووی ئەنفال سەیر كراوە, ئەو پەرتووكە وەك نووسراوێكی پیرۆز مامەڵەی لە گەڵ كراوە, لە راستیدا چەندە بۆ پرسەكە گرنگ بوو, چەندە رۆڵی هەبوو لە ناساندنی دۆزە لە ئاستی جیهانیدا, هێندەش تژییە لە هەڵەو كەموكوڕی, تا ئێستا بە كفرمان زانیووە هەڵەكانی دیاریبكەین و پێچەوانەی بڵێین, بەڵام كاتی شكاندنی ئەو پیرۆزیەیە, تەنانەت لە دیاریكردنی ژمارەی پرۆسەكانی ئەنفالیش, یەكێك لەو هەڵانە دیاریكردنی ژمارەی قۆناغەكانی ئەنفالە بە هەشت قۆناغ, بە پشكنینی چڕو پڕی ئەم چەند رۆژە, بۆم دەركەوت بەڵێ پرۆسەی ئەنفال نۆ قۆناغە, دوای ئەوەی بۆم روون بوەوە كە شەڕی خواكورك پرۆسەی ئەنفالی 8 ە, وەك لە ئاماژەی هەردوو بەڕێزان مامۆستایان" جەمال مەجید فەرەج و كۆسرەت ئەكرەم عەوڵا " لە نامەی ماستەرنامەكانیان بەناوی" جینۆسایدی باشووری كوردستان و پرۆسەی ئەنفالی یەك, كۆیە لە شاڵاوی ئەنفالی چواردا- توێژینەوەیەكی مێژوویی-زارەكی یە, نامەیەكە, كۆسرەت ئەكرەم عەوڵا نووسیوویەتی-زانكۆی كۆیە بەشی مێژوو "هاتووە, كە ئەنفالی هەشت جیایە لە ئەنفالی كۆتایی, پاش پشكنینی ئەو بەڵگەنامەیەی ئەوان بڵاویان كردۆتەوە كە پێشتریش بەرچاوم كەوتبوو, بەڵام بەهۆی ئەوانەوە سەرنجم زیاتر چووە سەری, وە ئەو بەڵگەنامانەی خۆم هەمبوو, وە زاكیرەی ئەو رۆژانەی خۆم لەناو واقیعی ئەنفال بووم, وە گفتوگۆ لە گەڵ ژمارەیەك لە بەشدارانی داستانی خواكورك, كە بەشێك لەو شەڕە 49 رۆژییە بە پێی نووسراوەكەی سوپای عێراقی تا 9ی سەپتەمبەر بەردەوام بووە واتا بۆتە 53 رۆژ, 38 رۆژی دەچێتە ناو پرۆسەی ئەنفالی 8ەوە, بە پێی ئەو بەڵگەنامەیەی ئەو دوو بەڕێزە بڵاویان كردۆتەوە, ئەگەر لە داهاتوودا نووسراوی دیكە تایبەت بە پرۆسەی ئەنفالی هەشت نەبێت, ئاماژە و وردەكاری زیاتری جیای تێدا نەبێت, بە پێی نووسراوە بەڵگەنامەییە سەربازییەكە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە رێكەوتی 2ی ئۆگستەوە بۆ 9ی سەپتەمبەر بەردەوام بووە, دیارە ئەم پرۆسەیەش وەك قۆناغی ئەنفالی 5 و 6 و 7, بەهۆی بەرگری هێزی پێشمەرگەوە بە تایبەت لە سەنگەری خاڵی قەبری زاهیر دووا پنتی سنووری عێراق لە گەڵ ئێران و توركیا پرۆسەكەی دوا كەوتووە, كە تەنها لەم خاڵە زیاتر لە مانگێك بەرگری كراوە.
ئەنفالی 8 لە زمانی بەڵگەنامەكانی بەعسەوە
ناوی كۆی پرۆسەكە بە ئەنفال, وە ژمارەبەندی ئۆپەراسیۆنەكان لە لایەن رژێمی بەعسەوە داندراوە, وەك لە نامەو نووسراو بەیاننامە سەربازییەكانیدا هاتووە, ئێمە تەنها تایبەتمەندی یاسایی ئەو پرۆسەیە كە جینۆسایدە ناومانە بە كۆی تاوانەكەوە, بۆ ناولێنان و جیاكردنەوەی پرۆسەكان و مێژوویان و جوگرافیاكانیان كەڵك لە بەڵگەنامە جۆراوجۆرەكانی بكەری تاوان وەردەگرین, وە بكەریش ناو دادەنێت.
بە پێی نووسراوێكی سەربازی كە راپۆرتی سەربازی پوختەی وردەكاری پلانی جێبەجێكردنی پرۆسەی ئەنفالی هەشتە بە دوو قۆناغ جێبەجێكراوە, لە رێكەوتی 2ی ئاب بۆ 27ی ئاب, 3ی سەپتەمبەر بۆ 9ی سەپتەمبەر لە ناوچەی خەزنە, دەكەوێتە تەنیشت گوندی شێخانۆك, لە دامێنی زنجیرە چیای خواكورك وەك ناوە فەرمییەكە, هەردوو فرقەی 33 و 45, لە گەڵ لیوای 6ی هێزە تایبەتەكان و حەوت فەوجی جاش ("فەوجی ژمارە 1, فەوجی قەدری محەمەد ئەحمەد زێباری", "فەوجی ژمارە 6, فەوجی حوسێن حەمەد خدر سورچی", "فەوجی ژمارە 11, فەوجی بەهرامی شێمەی هاروون", "فەوجی ژمارە 23, فەوجی عاسیف ئەحمەد ئاغای زێباری", "فەوجی ژمارە 77, فەوجی عومەر خدر حەمەد ئاغای سورچی و نەجمی كوڕی", "فەوجی ژمارە 108, فەوجی محەمەد جەوهەر گۆران", "فەوجی ژمارە 219 , فەوجی زەید عومەر خدر سورچی") تیایدا بەشدار بوونە, هێزەكە بە دوو ئاراستە جوڵەیان كردووە, ستوونی یەكەم لە 2ی ئۆگست كاتژمێر 8:30ی شەو لە روباری رەزگە پەڕیونەتەوە بۆ گوندی خۆماری كە لە لێواری روبارەكەیە, ستوونی دووەم بە ئاراستەی چیای ئاشمێ جوڵاوە.
بە پێی نووسراوەكە هەردوو ستوونەكە ئەم گوندانەیان سوتاندووە, كە لە راستێدا ماڵی زۆر كەمی تێدا بووە" خورمال, زێبارە, ئاشمێ, كلانوادە, كانی رەش".
چۆن لە ئەنفالی 1 سوپای عێراقی دوو رۆژ دواتر سەركەوتنی خۆیان راگەیاند, تەنانەت لە ئەنفالی دووش, لە ئەنفالی 8 یش 4 رۆژ دوواتر سەركەوتنی خۆیان راگەیاندووە.
بەراوردكردن
وەك بەرواری جولە سەربازییەكە, وەك جوگرافیای ناوچەكە بە شاخ و گوند و رووبارەوە, وەك هێزە بەشداربووەكانی سوپای عێراقی كە پێشتر لە لایەن راگەیاندنی پێشمەرگەوە بڵاو كراوەتەوەو دامان ناوە, وەك مێژووی ناوچەكەو شەڕی خواكورك, بەراوردەكان دەریدەخەن كە پرۆسەی ئەنفالی هەشت بەشێكە لە شەڕی 53 رۆژەی خواكورك, وە ئەم قۆناغەی ئەنفال كە لە بەشی رۆژهەڵاتی شێروان مازنەوەیە جیایە لە پرۆسەی خاتمەت ئەنفال كە دەكەوێتە رۆژئاوای شێروان مازنەوە بە ئاراستە شاری زاخۆ, تەنها هێندەیە پرۆسەی ئەنفالی هەشت وەك مێژوو تێكەڵ بە پرۆسەی ئەنفالی 7 و 9 بووە, سەرەتا ئەنفالی 7 و كۆتایی ئەنفالی 8, چ وەك جوگرافیا هاووسنوور.
ئەنفالی كۆتایی بە فەرمی وەك لە بەڵگەنامە فەرمییەكاندا هاتووە لە رێكەوتی 28-8-1988 دەستی پێكردووە, سنوورەكەشی دەكەوێتە رۆژئاوای ناوچەی برادۆست و شێروان مازنەوە, سنووری توركیا لە باكورەوە, ئەتروش و عەقرە لە باشورەوە , چیای بێخێر لە رۆژئاواوە (005315), هەروەها بە پێی بەڵگەنامەی ( تحلیل عملیە الخاتمە الانفال لفترە من 28-8-1988 لغایە 3-9-1988 ) دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی, لە شێروان مازنەوە بۆ چیای موسكەو شیرین هێرش كراوە( 005324) , بەڵام لە دینارتەوە كە باشووری رۆژئاوای پرۆسەی ئەنفالی بادینانە بۆ بلەو بیرەو چیای باڵندەو بازی هێرش كراوە ( 005325), ئەو هێزانەی لەو دوو قۆڵەوە بەشداری پرۆسەی ئەنفالی بادینانیان كردووە بریتین لە (قیادە قوات 45 لە شێروان مازن, قیادە قوات جحافل 5 لە دینارتێ - 0054314) " هیچیان لە ئاو نەپەڕینەوەتەوە بەرەو گەلی رەش و حەیات و خواكورك, هەرچەندە بۆ فەوجی جاشەكان جگە لە فەوجی 219 , 6 فەوجەكەی دیكە لە هەردوو قۆناغەكە بەشدارییان كردووە, دەشێت دابەش بووبێتن, یان لە كاتی جیا بەشدار بووبێتن.
هەروەها لە نووسراوێكی دیكەدا لە وەزارەتی بەرگری عێراق-سەرۆكایەتی ئەركانی سوپاوە دەرچووە بە ژمارە 1076 لە رێكەوتی 16-8-1988 ئاراستەی فەرماندەكانی فەیلەقی یەك, دوو, پێنج كراوە, جوگرافیای ئەركەكانی فەیلەقەكان لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفالی تێدا دیاریكراوە, لە خاڵی ب دا, كە ئاراستەی فەیلەقی 5 كراوە, ئەركەكانی فەیلەقی 5 بۆ خاتمە ئەنفال لە زێوە شكان- زاخۆوە بە ئاراستەی گەلی رەش دیاری دەكات, گەلی رەش چەقی ئەنفالی 8 بووە, گەلی رەش بە خاڵێكی سەربازی بۆ سوپای عێراق دیاریكراوە, كە چەقی دەستپێكی پرۆسەی ئەنفالی 8 ە بەرەو خەزنە, لەم نووسراوە گەلی رەش ناخاتە ناو بازنەی چالاكی ئەنفالی كۆتاییەوە, لە بەڵگەنامەكان دوواتردا ئەم گەلییە ستراتیجییە ناوی دووبارە نابێتەوە لە پرۆسەی خاتم الانفالدا.
هەروەها دوو نووسراو تایبەت بە رێز لێنانی كۆمەڵێك فەرماندەی سەربازی لە سەرۆكایەتی كۆمارەوە لە بەردەستە, تیایدا بە ڕوونی هەردوو پرۆسەی ئەنفالی هەشت و خاتم الانفال لە یەك جیا دەكاتەوە, لە نووسراوی یەكەمدا كە یەك لاپەڕەیە, بە ژمارە 5812-18-أ رێكەوتی 10-11-1988 لە سەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار, بابەت رێلێنان, بە واژۆی فەریق روكن عەلائەدین كازم حەماد ئەمینداری نهێنی سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق. رێز لێنان لە لیوا روكن یونس محەمەد زەرب دەگرن وەك قائیدی فەیلەقی 5 بۆ سەركردایەتیكردنی ئەنفالی 8 و خاتم الانفال" واتە ئەنفالی 8 یش وەك خاتم الانفال زەرب سەركردایەتی كردووە, وە تێكەڵاوی نێوان هێزەكان هەبووە", وە عەبدالسەلام حەمەندی ئەمین وەك رۆڵی نموونەیی لە ئەنفالی 8 و خاتمە ئەلئەنفال, بەڵام رێز لێنانی عەمید الركن سەباح ئیسماعیل فەرحان وەك فەرماندەی ق ق 45 بەشداربووی ئەنفالی 8 بە تەنها لێی نراوە, لێرەدا زۆر بە روونی هەردوو پرۆسەكە لێك جیاكراونەتەوە.
لە نووسراوی دووەمدا, كە 3 لاپەڕەیە, ناوی 26 پلەداری تێدا هاتووە, بە واژۆی هەمان كەس لە رێكەوتی 8-11-1988, جگە لە دووەكەی سەرەوە لە خاڵی (ه )دا ناوی لیوا روكن رەمزی مەحمود عەبدوڵا فەرماندەی فق مش 33 هاتووە, كە فرقەیەكی بەشدار بووی ئەنفالی 8 ە, وەك ناوی هاتووە, بۆیە دوو نیشانەی ئازایەتی لە پای بەشداریكردنی لە پرۆسەی ئەنفالی 8 پێ دەبەخشرێت, وە بڕی 1000 دینارییشی پێ دەدرێت لە هەمبەر بەشدارییەكانی لە ئەنفالەكانی دیكە (جارێكی دیكە جیای دەكاتەوە), لە هەمان نامەدا ناوەكانی پێشووتر وەك بەشدارانی ئەنفالی 8, جیا لە ئەنفالی كۆتایی ئاماژەی پێدراوە.
ساغكردنەوە
دوای گفتوگۆیەكی زۆر لە گەڵ هاوڕێیانم بەڕێزان هاوڕێ ئەبو هادی, هاوڕێ هوشیار حوسێن برایم ناسراو بە هاوڕێ پشكۆ شەش پەنجە, كاك شەماڵ حەوێزی, هاوڕێ دكتۆر سەردار رەواندزی ناسراو بە دكتۆر غەفار, كاك رێكار ئەحمەد, وە لێكۆڵینەوەی ورد لەو كەمە بەڵگەنامەیەی لە بەردەستمدا بوو, هەروەها ئەو نووسین و لێكۆڵینەوانەی كراون لە سەر شەڕی خواكورك, هەر وەها ئەو بۆچوونانەی دەربڕاون لەسەر جیاكردنەوەی هەردوو پرۆسەی ئەنفالی هەشت و كۆتا ئەنفال لە یەكتر لە لایەن كاك جەماڵ و كاك كۆسرەتەوە وەك ئاماژەم پێیان دا, منیش بە تەواوی گەیشتمە ئەو بڕوایەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال كۆی گشتی 9 پرۆسە بووە, وە شەڕی خواكورك لەو كات و مێژوو و جوگرافیایە بە پێی بەڵگەنامەكان جیا نەبووە لە كۆی پرۆسەی ئەنفال و بەشێكە لێی, لە زمانی بەڵگەنامەكانەوە ئەوەندەی لە بەردەست منە, بەشێكە لە پرۆسەی ئەنفالی 8, چۆن شەڕی تازە شار بەشێكە لە پرۆسەی ئەنفالی 3, شەڕی سەری جوانەگاو بەنی هەریر بەشێكن لە ئەنفالی 5,6,7....هتد, بەهەمان شێوەش داستانی خواكورك بەشێكە لە پرۆسەی ئەنفالی 8, واتا شەڕی خواكورك رووداوێكە لە رووداوەكانی ئەنفالی 8, كە ئەهمیەتێكی مێژوویی هەیە لە چركە ساتی ئەنفال و لە ژینگەی داڕوخان و پاشەكشەو بێ هیوایی ئەنجامدراوە., ئەو شەڕە دابڕاو نەبووە لە ئەنفال
ئەم شەڕە لەو كات و جوگرافیایە جیا نەبووە لە پرۆسەی ئەنفال, وە پێویستە ئەم كەلێنە پڕ بكرێتەوە, چونكە مێژوو, جوگرافیاو هێزە بەشدارەكان حكوومەتی عێراقی لە پرۆسەكە هەموو یەكن, تەنها كاتێك ناڕاستە كە بەڵگەنامەكان ساختە بن, پێویستە ئەم هەڵەیە لە نووسینەوەی مێژووی ئەنفال راست بكرێتەوە, وە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی دیكە هەن بەرامبەر ئەنفالی هەشت ئازاد بكرێن.
گۆڕانكاری لە نووسینەوەی مێژووی ئەنفال
ناازنم بە چ پێوەرێك 6-9 بە رۆژی كۆتایی ئەنفال دراوەتە قەڵەم, لە كاتێك خاتمەت الانفال لە رێكەوتی 3-9-1988 بە پێی راپۆرتی فەرماندەكەی كۆتایی هاتووە, ئەگەر هۆكار لێبوردنە گشتییەكەی ژمارە 736ی ئەو رۆژە بێت, ئەوا رۆژانی دواتریش گرتن و شوێنبزركردن و ئیعدام و زیندە بەچاڵكردن بەردەوام بووە لە سنووری خاتمەتوالانفال, چ بۆ ئەوانەی پێشتر دەستگیر كرابوون, یان ئەو كریستان و ئێزیدییانەی لێبوردنەكە نەیانی گرتەوە, یاخود بێسەرو شوێنكردنی ئەو پیاوە گەنجانەی دواتر لە ناوچەی پرۆسەی ئەنفالی بادینان خۆیان دا بە دەستەوە گوایە لێبوردنەكە دەیان گرێتەوە, لە دەرەوەی یاساو رێسای لێبوردن شوێنبزركران.
هەروەها بە پێی ئەم ساغكردنەوەیەی لێرەدا سەلماندمان بۆ پرۆسەی ئەنفالی 8 , ئەوا 9-9-1988 دوا رۆژی پرۆسەی ئەنفالە نەك 6-9-1988, پرۆسەكە تاكو 6 رۆژ دوای پرۆسەی كۆتا ئەنفال بەهۆی بەرگری سەنگەری قەبری زاهیر بەردەوام بووە, بەمەش ماوەی پرۆسەی ئەنفال لە 197 رۆژەوە دەبێتە 200 رۆژ, وە شەڕی خواكورك و جوگرافیاكەی دەچێتە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفالەوە.
بۆ ئەوانەشی پێیان وایە پرسەی ئەنفالی 8 و نۆ یەك پرۆسەن, ئەوا دیسان ماوەی ئەنفای كۆتایی پێویستی بەراستكردنەوە دەبێت , رێكەوتی دەستپێك و كۆتایی ئەنفالی 8 دەبێتە رێكەوت و كۆتایی خاتم الانفال.
دوا وتە
كۆتایی بەرەی داستانی خواكورك كە شەڕی (قەبری زاهیر)یشی پێ دەوترێت, دوا پنتی سنووری سێگۆشەیەو ماوەیەكی زۆریشی خایاند"14ی ئاب بۆ 5ی ئەیلول, لەسەر سنوور پێشمەرگە مەترسی چەكی كیمیاوییان نەبوو, بە هاوبەشی پارتی, "حیزبوڵا, بۆم ساغ نەبۆتەوە", شیوعی, ئاڵای شۆڕش, پارتی گەل بەرەو رووی هێرش بوونەوە لە ماوەی زیاتر لە مانگێك.
شیاوی گوتنە بەدرێژایی شەڕی خواكورك تاقە پێشمەرگەك تەسلیمی دوژمن نەبووە، یەك پێشمەرگەش بەدیل نەگیراوە, كۆی گشتی 29 پێشمەرگە گیانیان بەخت كردووە, 28 پێشمەرگەی پارتی و یەكی شیوعی, بۆ بریندارەكانیش لە نێوان 104 بریندار و 160 بریندار باس دەكرێت, دیل و خۆ بەدەستەوەدان نەبووە, هەروەها سەدان خۆبەخش و بەرگری میلی هاتوونەتە بەرەكان و هاوڕێیانی عەرەب و كلدۆ ئاشووری و كوردی رۆژهەلات بەژدار بوون.
ئەركی من لەم نووسنە گێڕانەوەی وێنای بەرەكانی جەنگ نەبوو, ئەوە كاری بەشداربووانە, بەڵكە كاری من ساغ كردنەوەی ژمارەی پرۆسەكانی ئەنفالە.
بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەو رۆژگارە, وە ئاو هەوای ساردی ناوچەكە و هەڵكردنی رەشەبای تووند, كە وردە وردە بەرەو ساردتر دەچوو, ڕۆژی دووشەم رێكەوتی 5-9-1988 هێزی پێشمەرگە لە سەرەتا پارتی پاشەكشێ دەكات لە سەنگەرەكانی قەبری زاهیر دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ 5-9-1988 هەموو پێشمەرگە پاشەكشە دەكات لە سەنگەرەكان, دووای چوار رۆژ لە رۆژی هەینی رێكەوتی 9-9-1988رژێم سەركەتنی خۆی لە پرۆسەی ئەنفال 8 راگەیاندووە, 29 گیانبەختكردوەكەی ئەو داستان و بەرەو رووبونەووانەی ئەو رۆژانە دەبنە گیانبەختكردووانی پرۆسەی ئەنفال.
قەبری زاهیر و گۆرشی شوانێكە بووەتە قوربانی سنووری دروستكراوی دابەشكردنی كوردستان, بە هەڵە سنوور دەبڕێت, لەو خاڵە لە لایەن جەندرمەوە تەقەی لێدەكرێت دەكوژرێت, بەم شێوەیە گۆڕەكەی دەچێتە مێژووی ئەنفالەوە.
سەرچاوەكان:
كۆیە لە شاڵاوی ئەنفالی چواردا-توێژینەوەیەكی مێژوویی-زارەكی یە , نامەیەكە , كۆسرەت ئەكرەم عەوڵا - زانكۆی كۆیە بەشی مێژوو
جینۆسایدی باشوری كوردستان,پرۆسەی ئەنفالی یەك بە نموونە 21-1 بۆ 19-3-1988, جەماڵ مەجید فەرەج.
جینۆساید لە عێراق-پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد, هیومان رایتس ۆچ/میدل ئیست ۆچ, چاپی سێیەم, لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق.
بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد-بەرگی چوارەم , مەسعود بارزانی
ئینسكلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری كردستان- نووسینی دەرسیم دیبەگەیی-باشووری كوردستان 2014
الكشافات التحلیلیە لبیانات القیادە العامە للقوات المسلحە العراقیە 1980-1988 بغداد 1989 اشراف الدكتور جاسم محەمد جرجیس, مركز التوپیق الاعلامی لدل الخلیج العربی
تحلیل عملیە الخاتمە الانفال لفترە من 28-8-1988 لغایە 3-9-1988
https://www.regaykurdistan.com/index.php/dydar/y-p-shm-rg-shyw-yy-kan-l-dastany-khwakw-k-hawyny-1988
https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%B4%DB%95%DA%95%DB%8C_%D8%AE%D9%88%D8%A7%DA%A9%D9%88%D8%B1%DA%A9
https://www.facebook.com/watch/?v=323817043227858
https://hawlerweb.net/kurdistan/2022/07/25914/
https://m.youtube.com/watch?v=JvoiUYm71Ss
https://www.facebook.com/100000277760176/posts/5857251747627359/?rdid=85QZeEF8Vx1mYFLT#
https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%B3%DB%8C%D8%AF%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86
https://partipedia.org/ku/articles/%DA%AF%D8%B4%D8%AA-%D8%A8%D8%A7%D8%A8%DB%95%D8%AA%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/%D8%AF%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%D9%89-%D8%AE%D9%88%D8%A7%DA%A9%D9%88%DA%95%DA%A9-%D9%A1%D9%A9%D9%A8%D9%A8?sfnsn=wa
https://www.kurdpress.com/news/2773496/%D9%81%D8%A7%D8%AC%D8%B9%D9%87-%D8%B4%DB%8C%D9%85%DB%8C%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%B4%D8%AF%D9%86-%D8%A7%D8%B4%D9%86%D9%88%DB%8C%D9%87-%D8%AC%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%AF%D8%B1-%D8%AA%D9%82%D9%88%DB%8C%D9%85-%D8%B1%D8%B3%D9%85%DB%8C-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%86%D8%AF%D8%A7%D8%B1%D8%AF
https://farsnews.ir/azarbaijan_gharbi/1498851840000273932/%D8%A8%D9%85%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%B4%DB%8C%D9%85%DB%8C%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%A7%D8%B4%D9%86%D9%88%DB%8C%D9%87-%D8%B1%D8%A7-%D8%A7%D8%B2-%DB%8C%D8%A7%D8%AF-%D9%86%D8%A8%D8%B1%DB%8C%D9%85
009647503714620
al-99-2.png~403 KBShow Download
al-99-3.png~370 KBShow Download
فارس نعمة.png~418 KBShow Download