د. موفید محەمەد نووری
کاتێک هێزی هاوپەیمانەکان لەسەرەتایی ساڵی ١٩٩١دا سوپای عێراقیان لە کوێت دەرکرد، لە بانگەوازێکی ئاشکرادا سەرۆک 'جۆرج ئێچ. دەبلیو. بۆش' داوای لە گەلی عێراق کرد دژی ڕژێمی دیکتاتۆرییەتی سەدام حوسێن ڕاپەڕین ئەنجام بدەن.
بێگومان ئەم بانگەوازە بووە پڕیشکی هەڵگیرسانی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرفراوان لە باشووری کوردستان و ناوچەکانی باشووری عێراقدا. بەڵام، لە کاتێکدا کە خەڵکی ڕاپەڕیو چاوەڕوانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بوون، ئیدارەی ئەمریکا پشتی تێکردن و بە تەنیا لەبەردەم هێرشی دڕندانەی ڕژێمی بەعسدا جێیهێشتن، کە بە شێوەیەکی خوێناوی و بێ بەزەییانە ڕاپەڕینەکەی سەرکوت کرد.
ئەم پشتتێکردنە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتەوە و بووە یەکێک لە تراژیدیترین ڕووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد، کە بە "کۆڕەوی مێژوویی" ناسراوە؛ کە لە دەرئەنجامدا، زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتیی کورد، بۆ پاراستنی گیانیان لە تۆڵەی ڕژێم، لە وەرزی بەهاری ساردی ئەو ساڵەدا، بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و ڕوویان لە چیاکان و سنوورەکان کرد و لاپەڕەیەکی دیکەی پڕ لە ئازار و نەهامەتیان لە مێژووی گەلەکەیاندا تۆمار کرد.
لە ژێر فشاری دیمەنە تراژیدییەکانی کۆڕەودا، ئیدارەی ئەمریکا ناچاربوو وەزیری دەرەوەی خۆی، کە 'جەیمس بەیکەر' بوو، ڕەوانەی ناوچەکە بکات بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە. بەیکەر، پاش بینینی قەبارەی ڕاستەقینەی کارەساتەکە لە ئاسمانەوە، دانی بەوەدانا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی "بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە" بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان، بۆیە زوو لە ڕێگەی تورکیاوە ئۆپەراسیۆنی "دابینکردنی ئارامی" دەستی پێ کرد، کە بریتیبوو لە گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بەپەلە و فڕێدانەخوارەوەی خۆراک و پێداویستییەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی سەربازییەوە. بەڵام ئەم سیاسەتە، کە بریتیبوو لە پشتیوانیی سنووردار و پاشەکشەکردن لە ساتە هەستیارەکاندا، بۆ کورد تەنها دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی تاڵی مێژوویی بوو. دیارترین نموونەی ئەمەش: خیانەتی ساڵی ١٩٧٥ بوو، کاتێک ئیدارەی ئەمریکا بە بڕیارێکی 'هێنری کیسنجەر' وەزیری دەرەوەی ئەو کات، پشتی لە شۆڕشی کورد کرد، بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی؛ ئەمەش ڕاستەوخۆ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر بوو لە نێوان شای ئێران و سەددام حوسێندا، کە بەهۆیەوە ئێران دەستی لە پشتیوانیی کورد هەڵگرت.
تەنانەت ڕەگ و ڕیشەی پشتگوێخستنی کورد بۆ زەمەنێکی کۆنتر دەگەڕێتەوە، کە ئەویش ڕێککەوتننامەی نهێنیی سایکس-پیکۆی ساڵی ١٩١٦ بوو. بەپێی ئەو پیلانە ئەویش ڕێککەوتننامەی نهێنیی سایکس-پیکۆی ساڵی ١٩١٦ بوو. بەپێی ئەو پیلانە ئیمپریالیستییەی، کە لە لایەن بەریتانیا و فەرەنساوە بۆ دابەشکردنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی داڕێژرا، نیشتمانی کورد لەنێوان چوار دەوڵەتی نوێی تورکیا، عێراق، سوریا و ئێراندا پەرتەوازە کرا. ئەم دابەشکارییە بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێکی ماف و خواستە نەتەوەییەکانی کورد ئەنجام درا، چونکە لەو قۆناغە مێژووییە چارەنووسسازەدا، کورد لە دۆخێکی لاوازیی سیاسی و گۆشەگیریی قووڵدا بوو؛ بێ هاوپەیمانێکی بەهێز و لەژێر مەترسیی سزای هاوپەیماناندا بوو، بەهۆی ڕۆڵیان لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا. لە کۆتاییدا، بۆ زلهێزە براوەکانی جەنگ، پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان و دڵنیاکردنەوەی حکومەتە تازە دروستکراوەکانی ناوچەکە، زۆر لە چارەنووسی گەلێکی بێ دەوڵەتکراو گرنگتر بوو.
سەرەڕای ئەمانەش، خەباتی کورد بۆ مافی چارەی خۆنووسین هەرگیز نەوەستا، لەگەڵ واژۆکردنی پەیماننامەی سیڤەر لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠، هیواکان گەیشتنە لوتکە. ئەم بەڵگەنامە مێژووییە، کە بەڵێنی ئازادکردنی گەلانی ژێردەستەی عوسمانی دەدا، بۆ یەکەمجار ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی کردەوە، بە تایبەتی لە ماددەی ٦٢ لە بەشی سێیەمدا، میکانیزمێکی کرداری بۆ دیاریکردنی سنوورەکان بە بەشداریی نوێنەرانی کورد دیاری کرابوو؛ کەچی ئەم هیوا گەورەیە زۆری نەخایاند هێزەکانی هاوپەیمان، بەتایبەت بەریتانیا زۆر زوو لە بەڵێنەکانیان پاشگەز بوونەوە، چونکە بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانیان لە ناوچەکەدا، زیاتر بەلاوە گرنگتر بوو لە جێبەجێکردنی ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی بەرانبەر بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد.
کاتێک عێراق لە ساڵی ١٩٣٢دا لەژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا بوو بە دەوڵەتێکی فەرمی، چارەنووسی کورد جارێکی دیکە بووەوە بەشێک لە گەمە سیاسییەکانی زلهێزان. بەریتانیا بە ئەنقەست سیاسەتێکی دووفاقانەی پەیڕەو دەکرد: لە لایەک، بە ڕواڵەت دانی بە نیگەرانی و مافەکانی کورددا دەنا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بە کردەوە کاری دەکرد بۆ پاراستن و بەهێزکردنی یەکپارچەیی ئەو دەوڵەتە عێراقییەی کە لەژێر هەژموونی خۆیدا بوو. ئەم سیاسەتە ستراتیژییە بووە نەریتێکی نەگۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیادا و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ڕوونترین بەڵگەش بۆ ئەمە، هەڵوێستی لەندەن بوو لە کاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا؛ کاتێک جارێکی تر جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی "عێراقێکی یەکگرتوو" کردەوە و پشتی لە ئاواتە دێرینەکانی کورد کرد. لە مێژوودا سیاسەتی بەریتانیا بەرانبەر بە کورد تەنها لە پشتگوێخستنی بەڵێنەکاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو گەیشتۆتە ئاستی بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی هێزی سەربازی، هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (RAF) ناوچە کوردییەکانی بۆردومان کردووە بۆ خامۆشکردنی ئەو شۆڕشانەی کە شێخ مەحمود ڕابەرایەتیی دەکردن دژی دەسەڵاتی داگیرکاریی بەریتانیا لە کوردستان، ئەمەش لە ڕۆژی کریسمسی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٠ ڕوویدا. هەر بۆیە دابەشکردنی خاکی کوردستان ئەرکێکی ئەخلاقیی قورس دەخاتە سەر شانی بەریتانیا بۆ پاراستنی گەلێک، کە تا ئێستاش خەبات دژی ستەم و توندوتیژیی بەردەوامە لەسەر دەستی ئەو وڵاتانەی کە بەریتانیا نیشتمانەکەیانی کردە بەشێک لێیان.
لەکۆتاییدا، ئەم گەشتە مێژووییە بە ڕوونی دەری دەخات کە پەیوەندیی بەریتانیا بە دۆزی کوردەوە، پەیوەندیی تەماشاکارێکی بێلایەن نییە، بەڵکو ڕۆڵی ئەندازیارێکی سەرەکییە، کە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی قووڵ و جێبەجێنەکراوی لە ئەستۆدایە. لە پیلانگێڕییە نهێنییەکانی سایکس-پیکۆوە کە نیشتمانی کوردی دابەشکرد، تا دەگاتە بەڵێنە پڕ هیواکانی سیڤەر، کە زوو پشتگوێخرا؛ بەنێو سیاسەتی دووفاقانە و پشتتێکردنە ستراتیژییەکاندا لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ڕیفراندۆمی ٢٠١٧. یەک نەریتی نەگۆڕ دەبینرێت، ئەویش پێشخستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی بەریتانیایە بەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کورددا. ئەم سیاسەتە تەنها نەخشەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو واقیعێکی تاڵی لە ستەم و ململانێی بەردەوامی دروستکرد کە کورد تا ئەمڕۆ باجەکەی دەدات. هەر بۆیە، ئەرکە ئەخلاقییەکەی بەریتانیا تەنها یادەوەرییەکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی زیندووە لە بەرانبەر ئەو گەلەی کە بە دەستی خۆی.
سەرچاوە : هاوڵاتی