بۆ یەکەمجار کورد بە لیستێک بەشداریی هەڵبژاردنی هەرێمێکی ئەڵمانیا دەکەن

 

 

بۆیەکەمین جار کوردانی دانیشتووی شاری لیڤەرکوزن لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنی ئەڵمانیا، بە لیستێکی سەربەخۆ بە ناوی (یەکبوون) بەشداریی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان دەکەن.

ئامانجی لیستەکە، کە نوێنەرایەتیی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات، بەدەستهێنانی نوێنەرایەتییە لە ئەنجوومەنی یەکخستنی بیانییەکان و کارکردنە بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردی و چارەسەرکردنی کێشەکانی رەوەندی کوردی.

رۆژی 14ی ئەیلوول، هەڵبژاردنە خۆجێییەکان لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن بەڕێوەدەچێت، کە بە گەورەترین هەرێمی ئەڵمانیا دادەنرێت و نزیکەی 13 ملیۆن و 700 هەزار کەس مافی دەنگدانیان تێیدا هەیە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی نیو ملیۆن کورد لەم هەرێمەدا دەژین.

لە بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو، زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، میوانداریی دوو بەربژێری لیستی "یەکبوون"ی کرد.

بەفرین چەلەنگ، کچە کوردێکی باکووری کوردستان و بەربژێری لیستەکە، بە رووداوی راگەیاند: "چاوەڕوانیمان بۆ سەرکەوتن زۆرە، چونکە لە لیڤەرکوزن نزیکەی 13 بۆ 15 هەزار کورد دەژین. ئەمە یەکەمجارە وەک کورد بە لیستێکی سەربەخۆ و بە ناوی خۆمانەوە بەشدار دەبین، بۆ ئەوەی ناسنامەی کوردیمان دیار بێت و لە بەرامبەر رەگەزپەرستیدا هەڵوێستمان هەبێت."

ئەو بەربژێرە کوردە ئاماژەی بەوەشکرد کە کار لەسەر پرسەکانی گەنجان، قوتابخانەکان و مافەکانی ژنان دەکەن و گوتی: "زۆر گرنگە هەموو بیانییەک دەنگی خۆی بدات بۆ ئەوەی ناسنامە و بوونی خۆی بسەلمێنێت."

سەبارەت بەوەی کێ مافی دەنگدانی هەیە، بەفرین چەلەنگ روونیکردەوە کە هەموو ئەو بیانیانەی لە ئەڵمانیا نیشتەجێن و پاسپۆرتی ئەڵمانییان نییە دەتوانن دەنگ بدەن، تەنانەت هاووڵاتییانی ئەڵمانیش دەتوانن لەرێگەی فۆرمێکی تایبەتەوە داوای مافی دەنگدان بکەن بۆ ئەم ئەنجوومەنە.

لەلایەن خۆیەوە، فەرهاد میرۆ، بەربژێرێکی دیکەی لیستەکەیە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، ئاشکرایکرد کە لیستی (یەکبوون) لەسەر دەستی چوار کۆمەڵەی سەرەکیی کوردی لە لیڤەرکوزن دامەزراوە.

فەرهاد میرۆ بە رووداوی گوت: "لیستەکەمان 25 بەربژێری لەخۆگرتووە کە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانن. ئامانجمان ئەوەیە هەموو کوردانی لیڤەرکوزن کۆبکەینەوە. ئەمە ئەزموونێکی گرنگە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی و پۆستە باڵاکانی دیکەدا بکەین."

میرۆ مەرجەکانی دەنگدانیشی روونکردەوە و گوتی، "هەر کەسێک تەمەنی 16 ساڵی تەواو کردبێت، لانیکەم سێ مانگ لە لیڤەرکوزن نیشتەجێ بێت و مافی مانەوەی هەبێت، دەتوانێت دەنگ بدات."

بەربژێرانی لیستی "یەکبوون" پێشبینی دەکەن بتوانن لەنێوان پێنج بۆ حەوت کورسیی ئەنجوومەنەکە بەدەستبهێنن، کە بە گوتەی خۆیان، دەرفەتێکی باشیان پێدەدات بۆ گێڕانی رۆڵێکی کارا لە شارەکەدا.

جگە لە شاری لیڤەرکوزن، لە چەندین شاری دیکەی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن وەک هێرنێ و مونستەر، کورد بە لیستی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، هاوکات ژمارەیەک بەربژێری کوردیش لەنێو لیستەکانی پارتە ئەڵمانییەکاندا خۆیان پاڵاوتووە.

سەرچاوە : ڕووداو