دوای گیان لەدەستدانی سێ چالاكوانی ژینگەی لەكاتی هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگركەوتنەوەیەك لە بەرزاییەکانی ئاویەری سنە، پارێزگاری سنە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند و داوا لە خەڵکی و ئۆرگانە جێبەجێکارەکان و دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکان دەکات لە ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی ئەو ئازیزانە هاوکاری و پاڵپشتی پێویست پێشکەش بکەن.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بەزەیی و دڵسۆز و بە پەرۆش، حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفی نژاد و خەبات ئەمینی کە لە کاتی هەوڵەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگركەوتنەوە لە بەرزاییەکانی ئاویەری سنە، گیانی خۆیان بەختکرد، ئەوەش خەمێکی قوڵی بۆ خەڵکی کوردستان و خۆشەویستانی سروشت لە سەرانسەری وڵاتدا دروستكرد.
بۆ ڕێزگرتن لەو قوربانییانە دو ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیەندرا
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ڕێزگرتن لەو قوربانییانە و هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، خەڵکی شاری سنە و پارێزگای کوردستان لە ڕۆژانی دوشەممە و سێشەممە ماتەمینی گشتییان لە سەرتاسەری پارێزگای کوردستان ڕاگەیاندوە، بۆیە داوا لە خەڵکی پارێزگا و ئۆرگانە جێبەجێکارەکان و دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکان دەکەین لە ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی ئەو ئازیزانە هاوکاری و پاڵپشتی پێویست پێشکەش بکەن.
ئەوە لەكاتێكدایە دەوروبەری کاتژمێر 1:30 خولەكی دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردو، لە پشتی پارکی منداڵان ئاگركەوتەوە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شەهرەک زاگرۆس و حەسەن ئاوا بڵاوبوەوە.
ژماریەك چالاکی ژینگەی لەكاتی هەوڵدان برینداربون
لەكاتی هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە، ژماریەك چالاکی ژینگەی بە ناوەکانی موحسین حوسێن پەناهی، حەمید مورادی، خەبات ئەمینی، ئاریاس سەلیمی و سەید مستەفا هوژبەری توشی ڕێژەی زۆری سوتان بون.
حەمید مورادی، ژینگەپارێز و پارێزەری دادگوستەری خەڵکی سنە کە لەكاتی کونتروڵکردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانە توشی ڕێژەی زۆری سوتان بو، پاش گواستنەوەی بۆ بەشی چاوەدێرییەکانی تایبەت لە نەخۆشخانەی سنە لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی گیانی لەدەستدا و تەرمی ناوبراو لە هەمان ڕۆژدا بە بەشداری بەرچاوی خەڵکی سنە بە خاک ئەسپێردرا.
دوێنێ و ئەمڕۆ دو چالاكی دیكە گیانیان لەدەستدا
هەروەها دوێنێ یەكشەممە چیاکۆ یوسفی نژاد، وەرزشوان و ژینگەپارێزێكی دیكە لە کاتی هەوڵدان بۆ کونترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە لە بەرزاییەکانی ئاویەری سنە توشی ڕێژەیەکی زۆری سوتان بو، پاش چوار ڕۆژمانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆش دوشەممە خەبات ئەمینی، یەکێکی دیكە لەو ژینگەپارێزانەی کە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا توشی سوتانی سەخت بو، لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەستدا.
سەرچاوە : خەندان