لاجان محهمهد عوسمان
بێ مووچەیی و بۆتە دەردێكی سەخت و بارگرانییەكی قورس لەسەر تاكی كورد، ناردنی وەفد و شاند و كۆبوونەوەو ناردنی پەیامی میدیایی و تەواوای ئەو ئامرازانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر حكومەتی عێراقیدا تاوەکو ئێستا بەکاریهێناوە نەیانتوانیوە ئامانجی خۆی بپێکێت و ئەم کێشەیە بەتەواوەتی و بەشێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر بکات.
هەر گرفتێک کە دێتە پێشەوە، پێویستە بەشێوەیەکی هەمیشەیی و ستراتیژی چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە کاریگەری دەروونی زۆر خراپ بەجێدەهێڵێت بەتایبەتی گرفتە داراییەکان کە پەیوەندی بەکەرامەت و گوزەرانی هاوڵاتییەوە هەیە. لەلای هەمووان ئاشکرایە کە دۆخی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە و زۆر زیاتر لە جاران بێهیوا بوون، جگە لەوەی چاوەڕوانی بەردەوام دەبێتەهۆی درووستبوونی دەرهاویشتەی خراپ لەوانەش دڵەڕاوکێ و ترس و ناسەقامگیری دەروونی و ئابووری، کە پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتی و نیشتیمانییەکان دەباتە دۆخێکی پڕ لە مەترسی.
یەكێك لە ناشرینترین جۆرەكانی سیاسەت كردن دەستبردنە بۆ قوتی هاوڵاتی و برسیکردنی هاوڵاتی یاخود بەکارهێنانی کارتی موچە وەکو فشار بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکیەکان کە لەلایەن سیاسیەکانی ئێراقەوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو جێبەجێکراوە و خەریکە دەبێت بە خوو لەلای ئەوان. بەهۆی ئەم جۆرە سیاسەتەوە هاوڵاتی خراوەتە دۆخێکەوە کە ڕۆژانە کەرامەتی دەشکێت و زیاتر دۆخی دەروونیان تێکدەچێت. ئەوەی میدیا و شارەزایان زیاتر جەختی لەسەر دەکەنەوە تەنها لایەنە و سیاسی و ئابووریەکەیەتی، بەڵام دەرهاویشتەی دەروونی و تەندرووستی لەسەر هاوڵاتی زۆر زیاترە کە بە نادیاری ماوەتەوە. دڵنیام لەوەی تەنانەت پرسی موچە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی تێکرای تەمەن لە هەرێمی کوردستان هەبووە، کە ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەی زانستییە.
ئەگەر ئەم سیاسەتی برسیکردنەی هاوڵاتی کورد بەردەوامبێت، لێکەوتەکانی وەکو هەژاری و بێکاری پێشبینیکراوە کە لە ماوەی ڕابردوو وەکو دەستکەوت لە کوردستان تەماشا دەکرا، جگە لەوەش دەبێتەهۆی درووستبوونی ئاشوب و پێکدادانی چینەکانی کۆمەڵگە و زیادبوونی تاوان و تێکچوونی شیرازەی خێزان و زۆربوونی ڕێژەی هەژاری و دیاردەی چەک هەڵگرتن و لاواز بوونی دامەزراوە میریەکان کە لە ئێستادا سەرەتای ئەم گرفتە قوڵانە دەبینین. سەرەڕای ئەمەش ڕوحیەتی داهێنان و پێشکەوتن و گونجاندن لەگەڵ جیهانگیری و شەپۆڵەکانی گۆڕانکاری ئەستەم دەبێت و جارێکی تر ڕێژەی کۆچکردنی گەنجان زیاد دەکات، کە بێگومان ئەمە کاریگەری خراپی بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپیش دەبێت، ئەگەر پرسەکە هێندە بە سادەیی وەربگرن و فشار نەکرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچە و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
لەوانەیە زۆرکەس پێی وابێت کەوا گرفتی موچە تەنها کاریگەری لەسەر موچەخۆر هەیە، بەڵام ئەمە هەڵەیە تەنانەت ئاسایشی نەتەوەیی کورد کەوتووەتە ژێر مەترسیەکی زۆرەوە. كاتێك داهات كەم بوو خەرجیش كەمدەبێت ئەمەش کاریگەری لەسەر تەواوی کاسبکاران و دەستی کار و کۆمپانیا و دامەزراوەکان دەبێت، تەنانەت ئەوانەی سەرچاوەی داهاتی جیاوازیان هەیە پارەکانیان خەرج ناکەن و خۆیان بۆ دۆخی نەخوازراو ئامادە دەکەن. کەواتە لە ڕووی ئابووریەوە دووچاری ئیفلیج بوون دەبێت. هەر ئەمەشە وایکردووە کە زۆر دڵخۆشبین بە نیشتەجێبوونی هاوڵاتی ناوچەکانی تری ئێراق، تاوەکو پارەکانیان لە کوردستان خەرج بکەن، بەبێ ئەوەی بیر لە گۆڕینی دیموگرافی و ئەو گرفتانە بکەینەوە کە لە داهاتوودا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا بێ مووچەی تاچەند كاریگەری لەسەر ئاستی بژێوی ، لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتی تاك دا هەیە؟
دەبێت تێبگەین کە ئەم سیاسەتەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت و خۆی لە بەردەوام دوواکەوتنی موچە و برسیکردن دەبینێتەوە بێگومان دەبێتەهۆی هەڵتەکاندنی پایە کۆمەڵایەتی و نیشتیمانییەکان و هەژاری دەبێت بە دیاردە. هەژاریش لێكەوتەی خراپ و كاریگەریەكی قورس لەسەر كۆمەڵگەدا دروست دەكات و لەداهاتووشدا ئاسەوارێكی نەرێنی لەسەر كۆمەڵگەدا جێدەهێڵێت. لەمەش مەترسیدارتر فراوانبوونی بۆشایی نێوان چینەکان و کەمبوونەوەی چینی مامناوەند، کە بێگومان ئەوکات رق و کینە و پێکدادان و ناسەقامگیری قوڵ درووست دەبێت. زۆرکات ئەو بۆشاییە زۆرەی نێوان بەرپرسان کە بە دڵنیاییەوە لە گوزەرانی خەڵک تێناگەن، چونکە هیچ کات لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینە نە خۆیان و نە منداڵ و کەس و کاریان ناژین، وادەکات کە هاوڵاتی ئاسایی زیاتر بێئومێد بێت و کۆمەڵگە دابەشبێت. بۆ میللەتێکی وەکو کورد، لێکترازان مەترسیدارترین دەرئەنجامە، کە بێگومان سیاسەتی برسیکردنیش بۆ ئەم مەبەستەیە. بۆیە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی لەم قۆناغە لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسان و هەستکردنیان بە گوزارانی هاوڵاتی ئاسایی پێویسییە، پێچەوانەکەی سوکایەتیکردن و بێڕیزیکردنەوە بە کەرامەتیان. ئەم کێشەیە دەبێت ئیتر کۆتایی بێت، ئەگینا دەیان نەخۆشی دەروونی و سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی چاوەڕێمان دەکات، هەرکات بابەتەکە گەیشتە مەترسی، هیچ سنورێک نامێنێت
Serchawe: Xendan