لاکێشەکان ڕاناوەستن!

 

 

 

هیوا سەید سەلیم

 

 

دەگێڕنەوە زیندانیەک لە خەفەتی زیندان ڕۆژی چەند پاکەتێک جگەرەی دەکێشا، ئەگەرچی پاکێتەکانی بە گران دەست دەکەوتن، چەند کەسێک کە لە ھەمان ھۆڵ لەگەڵ ئەو زیندانی بوون پارەیان بە جگەرە نەدەدا، بگرە ھەر کاتێک ئەویان جکارەیەی دادەگیرساند ئەوانی دیکە داوای جگەرەیان لێدەکرد، ئەو کەسانە نازناوی لاکێشیان لێ نرابوو، بە واتای ئەوەی جگەرە کێشی ئەسڵی نین.

ئەو ڕۆژەی کاکی جگەرەکێش حسابی خۆی و گیرفان و تەندرووستی خۆی دەکات بڕیاردەدات واز لە جگەرە بهێنێت، بەڵام لاکێشەکان بەڕووی نەوەستنەوە دەڵێن:
« قەبوولمان نیە واز لە جگەرە بهێنی»

دوای ڕاگەیەندنی PKK لە کۆتایھێنان بە خەباتی چەکداری، کە ئەو بڕیارەیان زادەی گۆڕانکاریەکانی جیھان و ھەرێمایەتییەکەن و باشیش دیراسەکراوە، ئەوانەی لە ساڵی 1978 بە گرووپی ئاپۆچی ناسراوبوون و دەستەی دامەزرێنەری PKK بوون بەو بڕیارە ڕازین، دایکانی ئاشتی بە ھەمان شێوە رازین، کەسوکاری شەھیدان دەڵێن ئێمە پابەندی پەیامی ڕێبەرەکەمانین، گەریلای سەرێ چیا دەڵێن:-

 " ئەم بتە ڕاینە ئەی سەرۆک" زۆری دیکەش پشتیوانی لەو ھەنگاوە دەکەن.
کەچی ئەوانەی  جێگای خەویان گەرمە لە زستان و فینکە لە ھاوین، ھاوار دەکەن:

ئەو چ کارێکە پەکەکە دەیکات؟ کاکی لاکێش کە جەنابت شەوێک نەبوویە ئامانجی فڕۆکەی ئێف 16، بۆ جارێکیش بێت درۆنێک ڕاوی نەناوی، چەکی فسفۆری لە زارکی ئەشکەوت تەنگی پێھەڵنەچنێوەی، ھاتووی دەڵێی:

" نا بۆ دانانی چەک"

تۆ کە دوو لاپەريت لە مانفیستۆی چارەسەری نە خوێندۆتەوە، شارەزای تێزەکانی ئۆجالان نیت، خوێندنەوەت بۆ گۆڕانکارییەکان نیە، وا چاکە نەبیە تەکبیرکەر بۆ کەسانێک، چونکە ئەوانە پێویستیان بە تەکبیری وەک  تۆ نیە.
پێشینان بەلاش نەیانگووتیە "کەچەل حەکیم با چارەسەری سەری خۆی دەکرد"

سەرچاوە : هاوڵاتی