لە سلێمانی یەکەمین کۆنفرانسی هاوپەیمانی ژنانی دیموکرات بەڕێوەچوو

 

 

 

بەیانی ڕۆژی  پێنج شەممە 15.05.2025 بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠ ڕێکخرا و کەسایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا یەکەمین کۆنفرانسی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی بەڕێوەچوو. 

کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتی یەکێتی ژنانی کوردستان، لە ژێر دروشمی (بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان) لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کۆنفرانسەکە بەردەوام بێت. 

هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی ١٨ وڵات و زیاتر لە ٢٠٠ ژنی چالاکوان و پیشەگەری میدیایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەشدارییان کردووە کە ئامانج لە ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە یەکخستنی هەوڵەکانی ژنانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە هاوبەشانەی بەردەم ژنان لە ناوچەکەدا هەن. 

 

کنێر عەبدوڵڵا سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە، ڕایگەیاند" ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ژنان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکانی ڕابردوو و سوود وەرگرتنیان بۆ بەهێزکردنی خەباتیان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیاندا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان بەرگەی ئەوەندە ئازار و ناخۆشی گرتووە، ئەمڕۆش دەنگەکانیان بۆ داهاتوویەک یەکدەخەن کە لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری دامەزراوە.

وتیشی" کۆنفرانسەکە هەنگاوێکی گرنگە لە پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی کە دان بە ڕۆڵی ژناندا بنێت لە گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا".

سەرچاوە : سپی میدیا