سامانی وەستا بەکر
پێدەچێت ئەمریکا و ئەوروپا هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا تەنها بۆ ڕوخان و کۆتایهێنانی داعش نەبووبێ، بەڵکو ئاماژەکان زیاتر بۆ ئەوە ئەچن کە نیازی ئەوان زیاترە لەوەو ئەیانەوێ ڕووە تیرۆرستی و تینوو بەخوێنەکەی جۆلانی و دەسەڵاتەکەی بە کورد سپیکەنەوە.
دوای هەر کۆمەڵکوژییەکی جۆلانی و دەسەڵاتەکەی، ڕاستەوخۆ بەناوی دانوستان و لێکتێگەشتن دانیشتنێکیان لەگەڵ دەسەڵاتە لیبراڵ و ئاشتیخوازەکەی ڕۆژئاوا و جەنراڵ مەزڵوم عەبدی بۆ ڕێکئەخەن، هەتا بیکەن بە ڕۆژەڤی مێدیا جیهانی و ناوخۆییەکانی سوریا، لەوڕێیەوە هەم تووڕەیی ئاشتیخوازانی جیهان و هەم تووڕەیی ناوخۆی سوریاشی پێدابمرکێننەوە.
باشمان لە بیرە لەسەروبەندی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی عەلەوییەکان، بەدیاریکراوی لە ١١ی مانگی سێی ئەمساڵ، ئەوروپی و ئەمریکییەکان، لەژێر سەرپەرشتی خۆیان ڕێکەوتنێکی ١١ خاڵیان بە جەنراڵ مەزڵوم و جۆلانی واژۆکرد.
لەڕاستییدا ئەو واژۆکردنە تەنها مەرەکبی سەر پەڕەکان بوون و لەسەر زەوی کاری پێنەکرا، چونکە مەبەستی پشتی ڕێککەوتنەکە هێورکردنەوەی بارودۆخە پڕ مەترسی و ئاڵۆزەکە بوو کە لە دژی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی عەلەوییەکان هاتبووە ئاراوە.
ئەوکاتە دەسەڵاتەکی جۆلانی هەروەک ئەوەی پەیامێکی ئاسمانی بەدەستگەشتبێ بۆ کۆتایهێنان بە بنەچەی عەلەوییەکان لە سوریا لە هیچ شتێ سڵی نەدەکردەوە، هەزاران عەلەوی بێ بەزەییانە بەدەستی گرووپە تیرۆرستیەکانی پێکهێنەری دەسەڵاتەکەی جۆلانی، کوژران و ئاوارەکران.
ئێستاش ئەوروپا وە ئەمریکا بەدیاریکراوی، لە ڕێی “تۆماس باراک” نوێنەری سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ ناوچەکە دەیانەوێت هەمان سیناریۆی پێشوو دووبارەبکەنەوە، دوای ئەو هەموو کوشتار و سوکایەتیەی کە بەرامبەر پیرو گەنجی درووزەکان کردیان دانیشتنێکی هاوشێوەی ئەوەی مانگی مارسی ئەمساڵ لەنێوان دەسەڵاتی خۆسەر بە ڕابەرایەتی جەنراڵ مەزڵوم و دەسەڵاتە توندڕەوە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکەی جۆلانیدا دووبارەکەنەوە، دیسانەوە تووڕەی ئازادیخوازانی جیهان و ناوخۆی سوریا لەوڕێیەوە دابمرکێننەوە، کە ئەمەش سەرکەوتن بۆ جۆلانی و خواردنەوەی پێکێک ژەهرە بۆ کورد.
تۆماس باراک کە بازرگابێکی چاوچنۆک و بەڕەچەڵەک عەرەبی مەسیحی لوبنانە، لە ئێستایا زیاتر وەک ڕاوێژکاری پەیوەندییە گشتی و دەرەکییەکانی محەمەد جۆلانی دەرەکەوێ نەک نێردەی دۆناڵد ترەمپ، ئەو لەبری یەکخستنی سورییەکان و کارکردن و هاندانی دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ بەشدارتپێکردنی کۆی پێکهاتەکانی سوریا لە حکومەتێکی بنکە فراواندا، لێدوانەکانی زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندی حکومەتەکەی جۆلانی ئەکات، لەبری هاندان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە نێوان ڕۆژئاوا و سوەیدا بۆ ڕەوانەکردنی هاوکاری، باس لە توانەوەی هێزەکانی هەسەدە لەناو بەناو سوپای سوریا ئەکات، کە لەبنەڕەتا ئەو سوپایە هەر هەمان گرووپە تیرۆرستییەکانی پێشووی ناو “تحریر شام”، قاعیدە، داعش، حەمزات و حەمشاتن، لەکاتێکا هێزەکانی هەسەدە ڕەنگاوڕەنگترن، ژن پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەو هێزەیە، بەژمارەی شەڕڤان زۆر لە بەناو سوپاکەی جۆلانی گەورەتر، ڕاهێنراوتر و پڕ چەکترن.
لە ئێستادا دەبێت هەسەدە زۆر وریاتر لەجاران مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات، ئەو دەرفەتە نەداتەوە بە جۆلانی بۆ سپی کردنەوەی ڕووی تاریک و دەستی خوێناوی خۆی لەدوای کوشتار و سوکایەتی پێکردنی درووزەکان، لە ئێستادا کاتکوشتن بۆ هەسەدە سیاسەتێکی ژیرانەیە، کەمتر بەدەم داواکەی تۆماس باراکەوە بچن، کە لەبنەڕەتدا داوای تورکیا و قەتەرە.
ئاماژەکانیش بۆ ئەوە ئەچن لەڕێی ئاسانکاری بۆ گرێبەستی بازرگانی کۆمپانیاکانی نوێنەرەکەی ترەمپەوە سەرکەوتووبووبن لە کارکردنە سەر وتار و لێدوانەکانی، کە ئەمە بۆ سیاسەتی ئێستای سەردەمی ترەمپ نامۆ نییە. لە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی مانگی پێنجی ئەمساڵ بینیمان کە چۆن گرێبەستە بازرگانییەکان توانیان ڕێڕەوی سیاسی دۆناڵد ترەمپ بەرەو ئەو ئاڕاستەیە ببەن کە سعودیە و تورکیا-قەتەر ئەیانخواست. ترەمپ دەستی خستە ناو دەستی محەمەد جۆلانی گەورە تیرۆستی داواکار، دوای ئەوەی ئەمریکا کە دە هەزار دۆلار بەرامبەر سەری دانرابوو بۆ هەرکەسێ بیکوژێ یان زانیاری دروستی لەسەر بدات، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکێکی ئەمریکابوو لەگەڵ سەرۆکێکی سوریا لەدوای ٢٥ ساڵا، لەبەرئەوە دووبارە بوونەوەی هەمان سیناریۆ ئاسانترە و تێچووەکەشی کەمترە.
دەبێت هەسەدە باش لەوە تێگەیشتبێت کە لەدوای عەلەوی و درووزەکان نۆرەی کوردە، جۆلانی زۆر زیرەکانە هەنگاو ئەنێت بۆ بنیاتنانی سوریایەکی یەک ڕەنگ، یەک ئاین، یەک مەزهەب و بگرە یەک نەتەوەش، ئەو کە ئیسلامێکی سونی سیاسی توندئاژۆیە، هەڵگری بیری جیهادییە، لەزینداندا فەقێی بەردەستی "ئەبو مسعەب ئەلزەوقای" و دەڕچووی قوتانخانەی ئەلقاعیدەیە ئاستەمە بتوانێ بڕوا بە دیموکراسی و پێکەوە ژیانی گەلان بێنێ.
جۆلانی، یەکەم هەنگاوی پاکتاوکردنەکەی بە ئاسانترین، بێ هێزترین و بێ پاڵپشتترین کەمینە دەستپێکرد، کە عەلەوییەکان بوون. لەوکاتەوە تا ئێستا گڵۆڵەی ئێران ڕوو لە لێژییەو تەنانەت توانای بەرگری کردنی لە ئاسمانی وڵاتەکەی خۆشی نییە، بڕستی لێبڕاوە تا بتوانێ بەهانای عەلەوییەکانەوە بچێ.
پاشان جۆلانی دەستی بۆ درووزەکان برد، کە بە ڕووکەش پاڵپشتی ئیسرائیلیشیان هەبوو، بەڵام ئەو نەسڵەمییەوە و هۆزە عەرەبییەکانی کرد بە گژیاندا، دوای گەیشتن بە مەرام و ئامانجەکەی کە چوونە ناوەوەی سوەیدابوو، کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە نەیانتوانیبوو بچنە ناو ئەو شارە درووز نشینەوە، هێزەکانی خۆی کشانەوە و پۆلیس و ئاسایشی لەو شارە جێگیرکرد کە لە بنەڕەتدا هەر ئەندامانی گرووپە جیهادییەکانی ناو "تحریر شام"ن، بەمەش توانی خۆی وەک نێوەندگیر نمایش بکات و وەڵامی داوکاری ئیسرائیلیش بداتەوە.
ئێستاش بەپێی ئەقڵ و لۆژیک، بەپێی شیکاری زۆربەی لێکۆڵەرەوەکان هەنگاوی دواتر نۆرەی پاکتاوکردنی کوردە، کە خاوەنی هێزێکی بە دسپلین و ڕاهێنراوە کە خۆی لە هێزەکانی هەسەدەدا دەبینێتەوە.
هەسەدە بە بەهێزترین هێزی سەربازی ئێستای سوریا هەژماردەکرێت، خاوەنی ١٥٠ هەزار شەڕڤانی ڕاهێنراوە، کە باوەڕدارن بە ئازادی بۆ تاک و کۆمەڵگە، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە لەگەڵ بیری جیهادی توندڕەوی باوەڕدار بە یەک ئاین و یەک مەزهەبی جۆلانی و دەسەڵاتەکەی دژو دڕدۆنگن.
بوونی هێزێکی هاوشێوەی هەسەدە کە ژن یەکێکە لە کۆڵەکەکانی لە سوریا بۆ ئەوان ئاڵنگارییەکی گەورەیە، شەڕکردن لە دژیان جیهادی باڵایە و تەواوکاری فتوحاتە. هەر ئەوەش نا بەڵکو تۆڵەسەندنەوەیە لە ڕووخاندنی دەولەی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" کە ئەمە خەونێکی هەموو توندڕەوێکی ئیسلامی جیهادی ڕادیکاڵە.
بۆ باشتر تێگەشتن پەنا ئەبەم بۆ ئەفسانەیەک کە کاک نەوشیروان مستەفا لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی ئەیگێڕێتەوە وەک ئامۆژگارییەک بۆ یەکێتی و پارتیی کە بۆ ئێستای ڕۆژئاوا زۆر گونجاوە، ئەمە وێڕای دڵنیاییم لە هۆشیاری دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا، بەڵام وەک ئەوترێت کەس بە وەسێت نامرێ، ئەگێڕێتەوە و ئەڵێ:
لەناو کوردا واباوە ئەڵێن مەلایکەتی گیانکێشان ناوی ئیزرائیلە..
کابرایەک لەگەڵ ئیزرائیلا دۆست دەبێت و پێی ئەڵێ، تکات لێ ئەکەم هەروەختێک بتەوێ گیانم بکێشی پێشتر ئاگادارم بکە..
لەپاش ماوەیەک ئیزرائیل ئەچێ بۆلای کابرا تا گیانی بکێشێ..
کابرا بەئیزرائیل ئەڵێ منو تۆ وا ڕێککەوتبوین کە پێشتر ئاگادارم بکەی..
ئیزرائیلیش پێیئەڵێ پێشتر ئاگادارم کردوی..
کابرا ئەڵێ چۆن ئاگادارت کردوم؟..
ئیزرائیل ئەڵێ گیانی کەسێکم لەلای چەپتەوە کێشا کە دراوسێو بوو، لەلای ڕاستیشەوە گیانی کەسێکی ترم کێشا کە هەر درواسێت بوو، ئیتر ئەبوایە بزانی کە گیان کێشان گەیشتووهتە سەرتۆ.
ئەم ئەفسانەیە کتو مت بۆ ئێستای ڕۆژئاوا وتراوە…
هێزەکانی محەمەد جۆلانی گەورە تیرۆرست، سەرۆک کۆماری ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع بە پاکتاوی عەلەوییەکان دەستیان پێکردو ئێستاش لە هێرشی بەردەوامدان لەژێر ناوی جیا جیا بۆ پاکتاوکردنی درووزەکان، ئیتر ئەمە ڕوون و ئاشکرایە و زیرەکیەکی زۆری ناوێ بۆ تێگەشتن، کە دوای درووزەکان نۆرەی کوردە، وەک گەورەترین دوژمنی نەتەوەیی و عروبە - ئایدۆلۆژی و ئاینی.
ستراتیژی سەربازی تەنها بەرگری کردن نییە بەڵکۆ هەندێجار هێرش بردن وەک بەشێک لە ستراتیژی بەرگری هەژمار دەکرێت بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەی زیانەکان.
ئێستا کاتی ئەوەیە کە ڕۆژئاوا سود لەم کات و ساتە وەربگرێت و سنورەکانی خۆی تۆکمە بکات لەڕێی هاوکاری کردنی گرووپ و دژە هێزەکانی جۆلانی و ماندووکردنی دەسەڵاتە تیرۆرستییەکەی دیمەشق، هەتا لایەنیکەم لە دانوستانەکانی دواتر لەبری پاشەکشێ کردن لە ڕەقە و دێرەزوور مامەڵە لەسەر حمس و حەما بکەن.
ئەزانم ئێستا ئەڵێن تورکیا بەوە ڕازی نابێ و دەستێوەردان دەکات، بەڵام دەبێت هەمووان لەوە دڵنیابن لە ئەگەری سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی پرۆژەی ئاشتی باکوری کوردستان، تورکیا هەر هێرش ئەکاتەوە سەر ڕۆژئاوا، ئەمجارەیان نەک تەنها لەڕێی میلیشیاکانیی حەمشات و حەمزات و ئەوانی ترەوە بەڵکو بەبەشداری دەسەڵاتی دیمەشقیش دەبێت، هەتا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شەرعیەت وەربگرێت و کەس لەسەر کورد و ڕۆژئاوا نەیەتە جواب.
میلیشیاکان و چەکدارەکانی جۆلانی نایشارنەوە و ئەڵێن هەنگاوی دواتر هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوایە، "هەڵبەتە ئەوان ئەڵێن ئازادکرن". لای ئەوان هەموو کورد ئێزیدییەو هەموو ئێزیدیەکیش خوێنی حەڵاڵە، ئەوان کچ و ژن و جوانی کورد بە حۆری و غولامەکانی بەهەشت ئەبینن، "هەڵبەتە بۆ تێرکردنی حەزە ئاژەڵییەکانیان نەک پیرۆزکردن".
تائێستا کەم سەرکردەی کورد هەبووە کە هاوشێوەی ژەنراڵ مەزڵوم عەبدی وردو زرنگ و دوربین و خاوەن ستراتیژی قووڵ بێت و من وەک خۆم بڕوای تەواوم بەپێشەنگی و پێشبینییەکانی هەسەدە، پەیەدە و یەپەژەیە، ئەوان توانییان نەک هەر خاکی کوردستان لەڕۆژئاوا ڕزگاربکەن، بەڵکو توانیان تێیدا بمێننەوە و حوکمڕانییەکی مەدەنیو لیبراڵیش پێشبخەن.
هەڵبەتە جەنگ خراپترین بژاردەیە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام مەرجیش نییە شەڕکردن تەنها بەچەک بێت، بەڵکو سەلمێنراوە کە جەنگی ئابووریی کاریگەری لە هێرشی چەکداریی کەمترنییە، بیریشمان نەچێ زۆربەی سامانی سروشتی سوریا ئەکەوێتە ناوچەی قەڵەمڕەوی هەسەدەوە.
ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: جۆلانی ئێستا لە بێهێزیدا دوو کۆمەڵکوژی دژی عەلەوی و درووزەکان ئەنجامدا، ئاخۆ لە بەهێزیدا چیتربکات، بەتایبەتی بەرامبەر کورد؟ جا پێش ئەوەی هەردوو دەست و قاچ بشکێنن پەنجەکان بەکاربێنە.
سەرچاوە : هاوڵاتی