عەلی مەحمود محەمەد
ماوەیەك زۆر پێش ئێستا لە سەماوەوە بەڕێز قاسم كازم قوربانی و چالاكوانی جینۆساید تەلەفۆنی بۆم كرد وتی مامە حەجاجم دۆزیوەتەوە, بەساردییەكەوە وەڵامم دایەوە وتم دەستان خۆش و چونكە باوەڕم پێی نەبوو, ئاخر پێشتر هێندە درۆ لەسەر دۆزینەوەی حەجاج و مراندنی بڵاو كرابوەوە, سەفەری قوربانیان بۆ نگرە سەلمان كلیلی دۆزینەوەی نهێنی ئەو كەسە بوو كە ئیستا ناوی عەجاجە, ئێمە پێشتر ناوەكەیمان بە هەڵە دەگوت, وێنەیەكی خەیاڵیمان بۆی درووست كردبوو, پسپۆرانی كوردە حەیاتەكەش شایەدییان بۆ راست و درووستی دەداو دەیان چیرۆكی خەیاڵییان بۆی هۆنیبوەوە.
ئێمە لە ڤیستیڤاڵی یەكەمی ئەنفالەكان لە نیوەی یەكەمی نەوەدەكان لە شاری هەولێر رێكخمان خستبوو بە دێوەزمەیەكمان شوبهاندبوو, لە گەڵ خەیاڵدانی هونەرمەندانی رێكخەرانی ئەو ڤیستیڤاڵە دەهاتەوە.
حوسێن رەشید و سەدام حوسێن لە كاتی دادگاییكردنیان باسی ئەوەیان كردووە, ئەم حەجاجە هەر ناوی دووبارە دەبێتەوە, مەعقولە بەم هەموو پارە و ئەم كات و دەسەڵاتە كە هەتانە نەزانرا كێیەو نەدۆزرایەوە؟
مەعقولە بەڕێوەبەری هەردوو سەربازگەی تۆبزاوەو نگرە سەلمان نەدۆزرانەوە؟
پرسیارەكانیان لە جێی خۆی بوون, بەرپرسی هەردوو سەربازگە لە بەردەستمان بوون وەك 258 جاشە كوردەكەو دەیانی دیكە ناویان هەر لە لیستەكە نییە , نموونە نەزار خەزرەجی هەر نەگرتران, كە دووجار پۆلیسی ئەنتەرپول پەیوەندییان پێتانەوە كرد بۆ ناوەكانیان بە فەرمی وەڵامتان نەبوو, مەعقولە مەجنون و حەمە پۆخچی و عەدنان دیسكۆ و سعید جەباری لە لیستدا بن ؟ ئەمانە ناوی مرۆڤن یان پیشەو شێتخانەو مەلها, مەعقولە هەموو لەسەر بڕیاری دەستگیركردنەكانیان ناونیشانیان نەزانراو بێت كەچی رۆژانە قونسوڵ و سەفارەتخانەكان سەردانیان بكەن لە ماڵەوە؟ دیوەخانیان جمەی بێت, خۆیان و نەوەكانیان كاندید بن؟, خانەنشینی لیواو فەریق روكن بن, مەعقوڵە دادوەری هەمان دادگا سەردانی ماڵە تاوانبار بكات و وێنەی لە گەڵ بڵاو بكاتەوە؟, مەعقولە لە نەمساوە داواكاری گشتی بێت بۆ دۆسیەی كەسێك كە تاوانباری دوو دۆسیەی ئەنفال و بارزانی بێت وەڵامی نەدەنەوە؟, مەعقولە دادە شاناز بۆتە فریشتەی ئەنفالكراوان رۆڵی مەهدی مونتەزر دەگێڕێت كەچی تاریق رەمەزانی پاراست و دراوسێی وەفیق سامەڕائی هەڵاتوو بوو لە لەندەن.
بێشك ئەمان هیچی مەعقول نییە, وەلێ گرتن و دۆزینەوەی عەجاج كە ناو سیڤی و وێنەكەشی تا ئێستا نەزانراو بوو خۆشییەكە دەكرێت وێڕای نە دۆزینەوەی ئێسك و پرۆسكی خۆشەویستانمان بیكەین بە شایی و لۆغانێك ئەمسەرو ئەوسەری نەبێت, دەكرێت ئەم دۆزینەوەیە كۆمەڵێك نهێنیمان بۆ ئاشكرا بكات نرخی بە هیچ پێوانە نەكرێت, لەوانە:
1- دۆزینەوەی هەیكەلی رێكخراوەیی زیندانی سەربازگەی قەڵای نگرە سەلمان, نەك زیندانی نگرە سەلمان وەك هەندێك دەڵێن, هێزەكانی پاراستن و بەڕێوەبەرایەتی سەربازگەكە كێ بوون؟, چی بوون؟چەند بوون؟.
2- كێ قوربانیانی بۆ ئەوێ ناردووە؟, كە لە دوو قۆڵەوە نێردراون تۆبزاوەو دووبز, بە واژۆی كێ نێردرابوون؟, بەرپرسانی ئەو دوو سەربازگەیە كێ بوون؟.
3- ژمارەی زیندانیان چەند بووە؟.
4- ژمارەی مردووان و هەڵدانەوەی تۆماری مردووان لە نەخۆشخانەو شارەوانی سەماوە.
5- بە دوكۆمێنتكردنی تاوانەكانی ناو زیندانەكە, لە رێگای پرۆسەی دادگاییكردن, شایەدیدان و وە دەستخستنی دۆكۆمێنتی نوێ.
6- دۆزینەوەی هەموو ئەوانەی كاریان كردووە تا شۆفێری تەنكەری ئاوەكە, كە خەزێنەیەك زانیاری نهێنی تەنها لە ئاو سەمونە رەقەكەدایە.
7- دیاریكردنی یەكەم رۆژی گەیشتنی قوربانیان و دەرچوونی دوا زیندانی.
هەموو ئەمانەو زۆری دیكە لە رێگای دۆزینەوەی عەجاجەوە دەشێت دەستمان پێی بگات, بۆیە دۆزینەوەی عەجاج لە جۆری سزا دانەكەی گرنگترە, لە بیرمان نەچێت زۆرترین رەگەزەكانی جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجە لە مەرگەساتەكانی ژیانی ناو قەڵاو سەربازگەكانی تۆبزاوە, نگرە سەلمان, سەربازگەی تكریت, دووبز و سەلامیەو نزاركێیە, بە تایبەتیش قەڵای نگرە سەلمان كە تاكە جێگایە دوو دۆسیەی ئەنفال و هەڵەبجە بە یەكەوە گرێ دەداتەوە.