
شوان محهمهد
لە ناو کوردا گەر بابەتێک فەرامۆش بکرێت و کاری بۆ نەکرێت، دەڵێن" لەسەر رەفەی ژوورەکەی تۆزی لێنیشتووە "، کونسڵی گشتی ئەمەریکاش لە هەولێر ماوەیەکی زۆرە لەسەر رەفەکەی دۆسیەی ئازادی رۆژنامەگەری جێهێشتووەو ئێستا تۆزی لێنیشتووە.
گەر تەماشایەکی خێرای هەژماری فەیسبووکی کونسڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بکەین، لە دوای ٢٠ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ئەمڕۆ ٦ ی ئاب بۆ تەنها یەکجاریش بێت چاوت بە دیدارێکی کونسڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر لەگەڵ رۆژنامەنووساندا ناکەوێت، لە کاتێکدا ئەگەر تەماشای ساڵانی پێشووی ئەو هەژمارە فەرمییە بکەین، بە دەیان کۆبوونەوەی باڵوێزی عێراق و کونسڵ و بەرپرسانی کەلتوریی ئەمەریکا دەبینین لەگەڵ نوێنەری میدیا و میدیاکاران و رێکخراوەکانی بواری میدیادا، ئەنجامیان داوە.
رەنگە بەرپرسانی کونسڵی ئەمەریکا بە دوور لە چاوی کامێراکان دیدار و کۆبوونەوەیەیان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا ئەنجام دابێت، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ جاران بە گرنگییەکی زۆرەوە لە هەژماری تویتەر و فەیسبووکی کونسڵ ئەو چالاکیانە بڵاودەکرانەوە، بەڵام ئێستا بڵاوناکرێتەوە، دەکرێت ئەمە بەو بارەدا شیکردنەوەی بۆ بکرێت کە ئێستا پرسی ئازادی رۆژنامەگەری و پرسە دیموکراتییەکان بابەتی لە پێشینەی سیاسەتی گشتی ئەمەریکا نییە لە وڵاتاندا لە نێویشیاندا هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ.
گەر تەماشای چالاکییەکانی هەژماری کونسڵی ئەمەریکا بکەیت، لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی فەرمی هەرێم و هەندێک خولی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و سەردانی چەند پرۆژەیەکی ئابوری و کەلتوری زیاتر، هیچی تر نابینیتەوە، بەڵام توێژی رۆژنامەنووسان کە کێشەیان لەگەڵ دامودەزگاکانی هەرێمدا لەسەر پرسی ئازادی رۆژنامەگەری و دەستکەوتنی زانیاری هەیەو، ناو بەناو رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوەو کار بە یاسا بەرکارەکانی رۆژنامەنووسان ناکرێت و رۆژنامەنووسانی ئازاد دەستگیردەکرێن و لە زیندان دەهێڵرێنەوە، کەچی هەموو ئەمانە لە مساڵدا نەبوونە پرسی رۆژ لەلای کونسڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر.
سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا رێگای بە باڵوێز و کونسڵەکانی لە جیهاندا داوە کە داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ڕاگەیەندراوی ئەو وڵاتە بۆ پشتیوانی لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی مرۆڤ ئاماژەی بۆ کراوە.
لە دوای رووخانی رژێمی دیکاتۆری پێشووشەوە هیچ کام لە باڵوێز و کونسڵەکانی ئەمەریکا کە لە عێراق و هەولێر کاریان کردووە، لەم بوارەدا پڕ چالاکیبوون، بەڵام لە دەستبەکاربوونی، ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمەریکاوە، چالاکی ئەم بوارە بە تەواوی رووی لە سستی کردووە.
پرسیاری گەورە ئەوەیە؛ ئایا فەرامۆشکردنی پرسی ئازادی رۆژنامەگەری و جێهشتنی لە سەر رەفەکان تا تۆزی لێبنیشێت، کەمتەرخەمی کونسڵی گشتی ئەمەریکایە لە هەولێر، یاخود بە شێکە لە سیاسەتی نوێی ئەمەریکاو چیتر ئەمەریکا ئەو وڵاتە نابێت کە لە وڵاتانی " دواکەوتوودا " کار بۆ ئازادی رۆژنامەگەری و سیستەمێکی دیموکراسی و کراوە بکات؟
تێبێنی: ئەوەی پەیوەندی بە " من "ەوە هەیە وەک نوسەری وتارەکە لە ژیانی رۆژنامەوانیدا کە زیاترە لە سێ دەیەیە، رۆژێک داوای بینینی کونسڵی ئەمەریکام لە هەولێر نەکردووە، بەڵکو کاتیكێش کە لەگەڵیاندا کۆبووینەتەوە لەسەر داوای ئەوان بووە، بەڵام ناکرێت رۆڵی کونسڵی ئەمەریکا و بەتایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا نا دیدە بکەین لە داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەنووسی و هاوکاریکردنی میدیا و بەتایبەتی میدیای ئازاد لە هەرێمی کوردستاندا.
سەرچاوە : سپی میدیا