جیهان و ئەخلاق و سیاسەت

 

 

فارس نەورۆڵی 

 

سیاسەت لەسەر بیری بیرمەندەکان بنیادنراوە، ئەوانەی سەرقاڵی  ئیدارەدانی ململانێی سیاسی و ئابوورین  دەگەڕێنەوە بۆ تیۆری یەکێک لەو بیرمەندانەی کە نەخشەی بۆ جوڵەی سیاسی داناوە یاخود واقیعی سیاسەت چۆن دەبینێت.

لێرەدا نامەوێ بگەڕێمەوە بۆ هەموو ئەو فەیلەسوف و بیرمەندانەی کە فەیلەسوفی سیاسی و فیکرین، بەڵکو دەمەوێ تیوری (کار شمیت ١٨٨٨ـ ١٩٨٥)فەیلەسوفی ئەڵمانی و فەیلەسوفی فەرەنسی (ڕەیمۆند پولین ١٩١٠ـ ٢٠٠١)بەنمونە بهێنمەوە تابزانین کام تیۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا ئیش دەکات فەیلەسوفی فەرەنسی ڕەیمۆند لە کتێبی (ئەخلاق و سیاسەتدا )شیکارییەکی گرنگی پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەتی کردووەو ڕەخنە لە دابڕانی پەیوەندی نێوانیان دەگرێ و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیاسەت تەنیا تەکنیکێک نیە. 

بۆ بەڕێوەبردن و دەسکەوت و بەرژەوندی یان تەنها وەرگرتنی دەسەڵات و مومارەسەکردنی، بەڵکو بوارێکە کە ئەخلاق و سیاسەت لێک دانابڕێن  پۆلان دەڵێ:  سیاسەت تەکنیک یا دەزگاو ئامرازێک نیە بۆ گەشتن بە بەرژەوەندییەکان  بەڵکو ئامانج لێی چاکەی گشتییە، پێچەوانەکەی (کارل شمیت)ە دەڵێ  ئەخلاق پەیوەندی بەسیاسەتەوە نیە و لەچوارچێوەی دۆست و دوژمندا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. 

کەچی  پۆلاند  دەڵێ: کە سیاسەت ئەخلاقی نەبوو مرۆڤایەتی گەندەڵ دەبێت و ڕەخنەش لەو بیرۆکەیە دەگرێ کە سیاسەت تەنها لای پسپۆڕانی تەکنیکی یەوە  دەتوانرێ بەڕێوە ببرێت و  دەڵێ: سیاسەت پێویستی بە تێگەیشتنی قوڵە  لەبەهاو ئەخلاق  و بڕیارە سیاسیەکان، دەبێت لەتێگەیشتنێکی ئەخلاقی مرۆییەوە سەرچاوە بگرن پۆلان دەڵێ:  سیاسەت ئامانجی دامەزراندنی سیستەمێکی هاوبەشە بۆ ئاوەدانی کە خەڵکێکی زۆر بە ئارامی تێیدا بژین و هەوڵ دەدات سەرەڕای بەکارهێنانی هێز ئەو ئامرازانە بگۆڕێ بۆ ئامرازێک بۆ گەشتن بەدۆخی ئاشتی.

پۆلان لە کتێبەکەیدا بانگمان دەکات بۆ بیرکردنەوە لەسیاسەت وەک هونەرێکی ئەخلاقی کە ئامانجی خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و چاکەی گشتییە، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا دیدێکی جیاواز بۆ سیاسەت هەیە ئەویش بیرمەندی ئەڵمانی (کارل شمیت) بەرمەبنای دۆست و دوژمن باس لەوێنەی سیاسەت دەکات لە هەردوو کتێبی مەفهومی سیاسەت و کتێبی لاهوتی سیاسیدا (کارل شمیت) پێی وایە بۆ کۆکردنەوەی سیاسەت بۆ چەمکی ئەخلاق  ڕەتکراوەیەو پێی وایە جەوهەری سیاسەت لەململانێ و دژایەتیدا دەردەکەوێت نەک ئەخلاق.

شمیت دەڵێ: دوژمنی سیاسی مەرج نیە لە ڕووی ئەخلاقیەوە خراپ بێت، خراپ ئەوەیە وەک هەڕەشە بۆ سەر بوونی گروپەکەت دەردەکەوێ (شمیت) پێی وایە بوونی گروپی سیاسی پێویستی بە بوونی هەڕەشەیەکە بۆ ئەوەی وەک دوژمن دەرکەوێت و گروپەکەت ڕێکخات لەسەر ترسی هاوبەش. کتێبی یان تیوری مەفهومی سیاسی (کارل شمیت) بە تەواوی ئەخلاق و سیاسەت لەیەک جیادەکاتەوە پێی وایە دوژمنی سیاسی دەکرێ هاوبەشی بازرگانی و ئابووری بێت دەکرێ دوژمنی دوێنێ دۆست و هاوڕێی ئێستا بێت کە بەرژەوەندی هاوبەش خاڵی هاوبەشیان بێت، ئاین و ئایدۆلۆجیا ڕێگر نین لەبەردەم ئەم هاوبەشییەدا نزیکترین نموونە دیداری ئەحمەد شەرع و ترامپ، ئەوە جوڵەیەکە لەسەر تیۆری (کارل شمیت) دەتوانی  لەو چوارچێوەیەدا بیخوێنینەوە  ئیتر ئەمەیە ڕەگ و ڕیشەی سیاسەت لەدیدی کارل شمیت کە دەتوانینن بڵێین لەسەر ئاستی تاکیش هەم تیوری کارل شمیت ئیش دەکات چونکە لای بەشێکی زۆر لە وانەی لەکایەی حیزبی وسیاسیدا کاردەکەن کە دێتە سەر بەرژەوەندی و کردار بەرامبەر هاوڕێکانیان ئەخلاق حزوری نیە، بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لەگێژاودایە چونکە تیوری کارل شمیت تێیدا ئیش دەکات و تیۆری ریمۆند پۆلین لەهیچ لایەکەوە دیارنیە بۆیە تا سیاسەت نەگەڕێتەوە بۆ ڕەسەنایەتی بۆ تیۆری ڕیمۆند پۆلین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی لەسەر گەردانیدا دەبێت .
  سەرچاوەکان …
 ٠١مفهوم السیاسی . کارل شمیت.
 ٠٢  الاخلاق والسیاسە . ریمون بولان .
 ٠٣ اللاهوت السیاسی . کارل شمیت.

سەرچاوە : هاوڵاتی