دامەزراوەی پەی: ساڵ بەساڵ پەرلەمان لاوازتر و دەستەمۆتر دەبێت

 

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ دووشەممە  19.05.2025 دامەزراوەی پەی لە ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردنی کوردستاندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ململانێی نادروستی هێزە سیاسییەكان وای کرد پەرلەمان، ئەو دامەزراوە باڵایە ساڵ لە دوای ساڵ لاوازتر، سست تر، دەستەمۆتر و فەرامۆشكراوتر كرا".
 

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" ٣٣ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، یەكەم پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەچو، بەڵام پەرلەمان ساڵ لە دوای ساڵ لاوازتر، سست تر، دەستەمۆتر و فەرامۆشكراوتر كرا، لە ئەنجامدانی ئەركە یاساییەكانی كۆڵەوارتر و لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنیدا لە چاودێری دەسەلاتی جێبەجێكردنیشدا بێ دەسەڵاتتر بوو". 

دەقی راگەیەندراوەکە:
 

پەیامی دامەزراوەی پەی لە (33)ەمین ساڵیادی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

"بانگەشەی دیموکراسیەت دەکەن، کەچی دوو ساڵ و نیوە پەرلەمانیان پەکخستووە"

(33) ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، یەكەم پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوە چوو، هاوڵاتیان بە ئومێدەوە بۆ داهاتوویەكی گەش، بەرەو سندوقەكانی دەنگدان هەنگاویان نا. بەڵام ململانێی نادروستی هێزە سیاسییەكان ئەم خەونە رەنگاوڕەنگەی كاڵ كردەوە، ئەو دامەزراوە باڵایە ساڵ لەدوای ساڵ لاوازتر، سست تر، دەستەمۆتر و فەرامۆشكراوتر كرا، لە ئەنجامدانی ئەركە یاساییەكانی كۆڵەوارتر و لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنیدا لە چاودێریی دەسەلاتی جێبەجێكردنیشدا بێ دەسەڵاتتر بوو. خول لەدوای خول متمانەی لای دەنگدەرانی بەرەو كزی چوو، بەڵگەی زەقیش دابەزینی بەردەوامی رێژەی بەشداری دەنگدەرانیەتی، كە لە دوا هەڵبژاردندا تەنها (55%) ی هاوڵاتیان بەشداری پرۆسەكەیان كرد. لەكاتێكدا دوای (33) ساڵ ئەزموون، دەبوایە ئێستا ئەم پەرلەمانە لەهەڕەتی بەهێزی و گەشەسەندنیدا بوایە، نەك بەم شێوازە ب ێبایەخ بكرێت.

بەپێی یاساو بڕیارە بەركارەكان، پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعی سیاسی و دەستوورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی گەلی كوردستانی عیراق، بەڵام لەبری ئەوەی كۆكەرەوەی خەڵكی كوردستان و دامەزراوەی چارەسەری قەیرانەكان بێت، خەریكە دەبێت بە بەشێك لە دروستكەری قەیرانەكان.

پەرلەمانی كوردستان جگە لە خولی یەكەم كە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە چەند ساڵێك پەكی كەوت، لە خولی چوارەمیشدا لەئەنجامی ململانێی سیاسی لەسەر یاسای سەرۆكایەتی، بەرامبەر خواستی چوار لایەن كە زۆرینەی پەرلەمانییان هەبوو، (پدك) رێگەی نەدا پرسەكە بەزۆرینەی یاسایی یەكلا بكرێتەوە، بۆیە بە زەبری هێز رێگری لە سەرۆكەكەی كرد و پەرلەمانی پەكخست. خولی پێنجەمیش بە نایاسایی ساڵێك تەمەنی خۆی درێژكردەوەو لەبەرامبەردا لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە بە نادەستوری هەژمار كرا و لەكار خرا، لە ئەنجامدا دوو ساڵ هەرێمی كوردستان بێ پەرلەمان بوو و لە بۆشایی یاساییدا مایەوە.

ئێستاش كە ماوەی حەوت مانگە هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەم كراوە و نزیكەی شەش مانگیشە ئەندامان سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام بەهۆی هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتییەوە، وەك نەبوو وایە و هیچ ئەركێكی ئەنجام نەداوە.

لە كاتێكدا گۆڕانكاری چارەنوسساز لە ناوچەكەدا بەڕێوەیە، هەر لە پرۆسەی ئاشتی نێوان پارتی كرێكاران و دەوڵەتی توركیا، پرسی رۆژئاواو دەسەڵاتی تازەی سوریا، دانوستاندنەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا، هەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەمانە هەموویان كاریگەرییان لەسەر نەخشەی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە پێویستە و گرنگە پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوەو بڕیاری لەسەر هەر پێشهاتە نوێیەكان هەبێت. لە لایەكی ترەوە باری دارایی خەڵكی كوردستان بەگشتی و موچە خۆران بەتایبەتی لە دۆخێكی دژواردایە، كەچی ئەوەی لە هەرێمدا دەگوزەرێت پێچەوانەی لۆژیك و وادەو بەڵێن و دروشمی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانە، كە لە ئەنجامی خەمساردی و بێباكیی پارتی و یەكێتییەوە، لەپێناو وەدەستخستنی چەند ئیمتیازێكی بچوكی حزبیانەوە هەرێمیان بەم سەرەنجامە گەیاندوە، ئەم دوو هێزە دەبێت لەو راستییە تێبگەن كە: ئەگەر لە زووترین دەرفەتدا بەخۆدا نەچنەوە و سازان لەسەر كۆی پرسەكان نەكەن، زەمینە نەڕەخسێنن تا پەرلەمان كارا بێت و بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت، لێپرسراویەتی ئەو قەیرانانەیان دەكەوێتە ئەستۆ كە رووبەرووی هەرێم دەبنەوە و زۆر دەسكەوتی گەورەتر لەدەست دەدەن، چونكە:

1-ماوەی دوو ساڵ و نیوە هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بۆشایی یاساییەوەو ئەوان لێی بەرپرسیارن.

2-حوكمرانیی هەرێم متمانەی خۆی بەتەواوی لەسەر ئاستی نێودەولەتی لەدەستدەدات و ئەوان لێی بەرپرسیارن.

3-ئەزمونی هەرێم لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەكانیەوە لەكەدارتر دەبێت و ئەوان لێی بەرپرسیارن.

4-سۆز و پالپشتی دۆست و هاوپەیمانەكان كەم دەبێتەوەو تێڕوانینێكی نێگەتیڤانەتر لەسەر هەرێم دروست دەبێت. بەمەش هەرێمی كوردستان وردەوردە پاڵپشتی دۆستەكانی لەدەست دەدات و ئەوان لێی بەرپرسیارن.

5-بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاسایی بوونی دانیشتنی كراوەی پەرلەمان دەردەچێت و دیسانەوە پەرلەمان هەڵبوشێتەوە ئەوان لێی بەرپرسیارن.

6-لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم رەوشەدا هەرێم كێشەی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی زیاتری بۆ دروست دەبێ، چونكە عیراق لەسەر بنەمای یاسایی هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێم دەكات، كاتێكیش دامەزراوەكانی هەرێم نایاسایی بن ئەوان لێی بەرپرسیارن.

بۆ ئەوەی هیچیتر پەرلەمان بێبایەخ نەكرێت، لەوە زیاتر ئەزمونی هەرێم لەبەر چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەكانی لەكەدارتر نەبێت، پێویستە:

1-پارتی و یەكێتی بەتایبەت و لایەنەكانی تر بەگشتی، لەزووترین كاتدا كۆبوونەوەیەكی لوتكە بكەن و پێداچوونەوە بەكۆی پرسە ناكۆكەكاندا بكەن و سازانی لەسەر بكەن.

2-پەرلەمانی كوردستان لە زووترین كاتدا كۆبێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت و لیژنە هەمیشەییەكانی دروست بكات.

3-هەنگاوی دووەمی پەرلەمان ئەوەیە هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی تازەی هەرێم بكات و هەنگاوی پەلە بنێت بۆ متمانەدان بە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

4-لە ئەگەری رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان، ئەندامان بە ئەركە یاساییەكانی خۆیان هەلسن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەلبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، كارتی هەڕەشەی دەستلەكار كێشانەوەی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەرامبەر هێز و لایەنە سیاسیەكان بەكاربێنن بۆ ئەوەی لە زوترین كاتدا بگەنە سازان و رێكەوتن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، وەك دروستكردنی فشارێكی دیموكراتی و جێبەجێكردنی ئەركێكی یاسایی.

ئەگەر ئەمانە نەكرێن، سەرباری ئەو هەموو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەكییانەی هەن، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێكی نائاسایی تر رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، هێزە سیاسییەكان ئۆباڵی ئەو لێپرسراوییەتییە مێژووییەیان دەكەوێتە ئەستۆ، بە پلەی یەكەمیش لەرووی یاساییەوە دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمانتارانەوە، ئەگەر وابڕوات رۆڵی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان كەمتر نابێت لە نەیارەكانی. بەمەش ئۆباڵی شكستەكان و لێپرسراویەتیی مێژوویان دەكەوێتە ئەستۆ.

لە كۆتاییدا چاوەرێی هەلوێستی بەرپرسیارانەی لایەنە سیاسییەكان و رۆلی جوامێرانەی  پەرلەمانتاران دەكەین كە بەكردار نوێنەری گەل و پەرۆشی یاسا و پاراستنی دیموكراسین، تا ئەركی مێژوویی خۆیان بەجێ بگەیەنن و ئەو سوێندە یاساییەی خواردوویانە بە راستی بیبەنە سەر.

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

19/5/2025

 

 

سەرچاوە : سپی میدیا