خوێندنەوەیەک بۆ پارتی.

 

 

 

 

تاڤگە سابیر

 

پارتی بە چ واتایەک ..

بۆ هیزێکی سیاسی ناسیۆنالیست و راِستڕەو کۆنزەرڤاتتواری وەک پارتی ، چۆن و لە کوێوە دەستی بۆ بەرین ..؟

کۆی هێز و گروپەکانی دونیا ، تەنانەت لە ئاستی کەسی و تاکیشدا ڕاستە ، کاتێک ئەتەوێت دەستکارییەکی رادیکاڵی و ڕیِشەیی بکەیت ، ئەویش دەچێتە دۆخێکی نا سروشتی ، دۆخێکی پەلاماردان ، یا دۆخێکی پەرچەکرداری ، دۆخێک مۆرال وەک ئیدۆلۆژیا ئامادە دەبێت ، ئەو کاتە پێش هەر دوالیزمێک ، دوانەی ( یارو نەیار ، دۆست و دوژمن ، ئیرادەی باش / ئیرادەی خراپ)  هەولدان بۆ خوێندنەوەو بینینی نیەت و پاشان داتاشینی وێنەی نەخوازراو و نا ئەخلاقی..

ڕەنگە هێزێکی سیاسی وەک پارتی مارانگاز بێتو حەقی بەدەست بێت لەوەی سڵبکاتەوە لە ڕەخنە لێگرتنی ..لەدەستبردن بۆ کۆمەڵێک پرس کە جێگەی خیلاف و ئیجتیهادی نوێ بێت.. بەرەو ڕزگارکردنی پارتی لەچنگی بنەماڵە !

پارتی تەواو ، ئیٍستا و بۆ زیادتر لەدەیەیەک ، ئەبوایە دەستبەرداری ئەوە بوایە کە کێشەی نییە ، کێشەی پرانسیپی و شا دەماری نییە . کێشەکان فەننین ، یا کێشەی کەموکورتییەکی ڕاگوزەرەو ئەڕوات ، یا کێشە نین و دەیانەوێت وەک هەندێک هیزی تر بیکەنە کێشەو برین بۆی .. زۆر ڕاستە کێشەکانی پارتی جیاوازە لە کێشەی هەر هێزێکی سیاسی تر ، چون ئەم کێشانە لە سەقفێکدا دەوەستن ..!  واتە پارتی لە جەستەیەک ئەچێت کە کۆی ئەندامەکانی جەستەی هەویان کردووە ، لە هەندێک جێگەدا شێرپەنجەشەو پێویستی بە برَینە . بەڵام خۆشبەختی و کارقایمی پارتی لەوەدایە کە دڵی کار دەکات ، بەڵام کام جەستە هەوکردنی ئەندامەکانی رۆِژگارێک نەگەیشتۆتە دڵیش ؟ ئەوکاتە کار لە کار ئەترازێت .. تا نەخۆشی و بیمارییەکە نەگەیشتۆتە ئەوەی پێویستی بە چاندنی دڵ بکات ، ئەبێت هیچ نەبێت خۆێنی خۆی بگۆرَێت..! 

 پارتی دەبێت بە ئاگا بێتەوە ، خۆخەڵەتاندن کە تۆکمەیی و پتەوی هەناوی پارێزراوە ، پارێزراوە بە ئۆزۆنێکی وەها کە گەرد و تیشکی خراپ نایەتە ژورەوە . بە دروستی چینی ئۆزۆنی پارتی لەمێژە درزی تێبووە . لە گەورەبونیشدایە ..! ئەوەی لێرەدا کە دەبێت پارتی بیکات بە قەناعەت و لە سەری بوەستێت ئەوەیە : زۆر بە ڕونی چیتر کێشەو پرسەکان ( کەموکورتی نین..! ) بەڵکە درزی گەورەو بۆشایی گەلێکن کە داڕمانی  سیاسی پێدا دەڕوات .. گروپی نا پارتی پێدا تێدەپەرَێت .. ڕوکاری دەرەوەی پارتی لەو دیوارە دەچێت کە بە ڕەنگی پۆڵا تەنرابێت .. بەڵام لەڕاستیدا دیوارێکی روکار وڕەنگێکی پۆڵایی ڕوکەشە ، یا هیچ نەبێت ئامێری درزخستنە ناو پۆڵاو بڕینیشیەوە دروستبووە.

کاتێک کە کۆڕایی و ئیجماعێک دروست بوو لەسەر، ئەوەی دروست بووە کەموکورتی نییە ، شا گرفت و شا بیمارییەکە خەریکە درێژە دەکێشێت بۆ نەخۆشییەکی دریژخایەن وشێرپەنجەیە . ئەمە سەرەتای کارەکەیە ، ئەمە سەرەتای خەمخواردنیکی جددی و لێبڕاوانەیە . سەرەتا ئەبیت دان بەوەدا بنرێت ئیشکالی گەورەی هەیە.یا گرفتی بونیادی و ستراکتۆری هەیە ، لێرەشەوە ذڵەڕاوکێ وڕوخان  ئەتەشەنیێ و پرۆسەی ( دیاریکردنی بیمارییەکەی ) وپەنجە دانان لەسەر برینەکە دروست دەبێت..!

 ئێمە رۆژانەو لە ئاستێکی زۆر بەربڵاودا گوێمان لە گازنەو گلەیی و ڕەخنەی توندی خودی پارتییەکانە لە پارتی.. ئەگەر ڕەخنەو هەڵوێستە لەسەرکردنەکانی پارتی هێزێک ،گروپێک و کەسی نا پارتی بیکات ، کەمتر و زۆر کەمتر ئەیانوەستێنێت . بەڵام کە کارهاتە سەر ئەوەی لە ناو خودی جەستەی رێکخستن و گوتاری سیاسی – پارتایەتیکردندا بێت ، ئەو کاتە پارتی ناحەقەو نا حەقی ئەکات ئەبێ  ئەمکارە ڕاینەچڵەکێنێت و بیتەزێنێت ..!

هەموپارتیەکان گلەییان هەیە ، لە ئاستی قیادیشدا گلەیی هەیە ، کادری خوارەوە ، کادری وەسەتی ، کادری سەرکردایەتی ، مەکتەبی سیاسی .. ئەوەی نوکتە خۆشەکەیە : گلەیی لەکێ ..؟

تەو بۆڵەو گلەیی جەماعی و توڕەیی هەموانە لە هەموان ..؟!! تا ئەو جێگایەی کە نازانن ڕوو بکەنە کۆێ .؟

زۆر جاران گوێمان لەوە دەبێت کە ( مەگەر تەنها خودا چاری بکات ، گۆدۆیەک ، موحەمەدێکی مەهدی تایبەت و نێردراو بۆ رَیفۆرمیکردنی پارتی ، موعجیزەیەکی ئیلاهیانە ، کەرامەتی ئەولیاو پیاوچاکان..

کە هیچ پاساوێک نابینین بۆ پشتگوێخستن و دواخستنی چارەسەری کێشەکان .. ئیتر (بەڕاستی کێشەن ، نەک کەموکورتی..!)

لە وهەلومەرجە کۆمەڵایەتی وسیاسیەی ئەمڕۆدا ، ئەوانەی جاران فۆبیایان  هەبوبێت لە ناوپارتی  وەخستونیەتە  بەردەم ئەگەری مان و نەمانەوە  ئەمڕۆ ئەوترسە لەهێزی نەیارنییە..!  هەندێ هێز هەیە لە سەر بنەمای نەفیکردن و خەیاڵی بنەبڕکردنیە بەپلانی ژێربەژێری پارتی هەم خۆیی و هەم جەماوەری خۆی ڕاگرتووە . بەڵام نەیارەکان جۆرێکی ترن ، دراو پێدراوەکان شێواز و دەرکەوتن و فۆرمەلەبوونی جیاوازیان هەیە . ئەمانە هیچ کات پاساو نین بۆ دواخستنی ڕیفۆرمێکی شیواز رادیکاڵی..

ئەوەی نیگەرانی دروست ئەکات ،  ئەوەیە ململانێکانی ناو پارتی ئاراستەی دەرەوە بکرێن ، زۆرترلەوەی هەڵگەڕاونەتەوە بۆ ناو پارتی ، لەمەش نیگەرانتر ، ڕەخنەو نیگەرانییەکان زیاد و زیاتر لەوەی خەمی ڕیفۆرم و چاککردن بێت ، خەمی دەستکەوتی شەخسی زیاترە ، بۆقۆرخکردنی پلەو پۆستی زیاترە ، سەرمایەی مادی زیاترە ، خەمی ئیمتیازاتی زیاترە ، هەر کادیرەو لە پلەیەکدا ، خۆی بەو کادیرە بەراورد دەکات کە زیاتری هەیە لەم ، پلەی بەرزترە لە کاتێکدا ئەم شایستە ترە،سەرمایەو دەستکەوتی زیاترە ، لە کاتێکدا ئەم ماندوترە ، ئەم زیاتر بۆ پارتی و ماڵی بارزانی لێبَراوانەتر کاریکردووە ..!  کوڕی رۆژە تەنگانەکان و جەنگەکانی بووە ، ئەم تا ڕاپەرَین لە ئاوارەیی بووە ، کەچی ئەو هاتووەتە سەر خوانی حازر ، فڵان بەرپرس پاسەوان و پاسەوانی مەتروک و بندیواری زیاترە،نەسریە و بوجەیەکی زیاتری لە بەردەستە ، بە پلەو موچەیەکی باشتر خانەنشینکراوە.؟!

ئەمانەو ئەمشێوە گلەیی و گازەندەو نیگەرانی و ڕەخنانە ، گوتارو فۆرمی ( نا و نەخێرەکانی ) ناو پارتی بێت ،، ئەبێت خەم دامانگرێت ، زیاترو زیاتر نا ئۆمێد بین ، زیاد لە پێویست ڕەشبین بین تا خوا حەزکات خەمۆکی دامانگرێت … چونکە ئەمانەپرسی شەخسی و بەرژەوەندی و بەرژوەندییە خوازییە.

نیگرانکەر تر لە هەموی ، ژماری ئەوانەی بۆنی خەمی کتێبی و فکرو تیۆریان لێدێت .. چەندێکن ، هێزن یا کەسان ، گروپن یا چەند هەوڵێکی نا ئومێدی بەرش و بڵاو .. ئەوانەی دەیانەوێت ئەم فۆرمەی حزبایەتی ماڵئاوایی بکات ، ئەم شێوازە رێکخستن و حزبایەتیکردنەی ( مارکسی – لینینیە ) گۆڕەوشار بکرێت . لە بری ئەوەی پارتی ئیدارەی وەزعێکی ڕاگوزەریی دروستکراو بکات ، فکرو هێڵی فکری-سیاسی .. ئامادە بێت . خەمی ئەوەی هەبێت ئەو پارادایم و وێنە کادیرییە نمونەییە تێکشکێنرێت کە بووە بە سیستەم و بەرهەمهێنانی ئەقڵییەتی رێکخستن و کادر بون و بەرپرسیاری .. ئەوانە چەندێکن لەو دیو بە کۆمپانیا بوننی پارتیەوە ، لەو دیو خەمی کەڵەکە کردنی سەرمایەی مادییەوە خەمگین و نیگەرانی جێگۆڕکێ و بە بەرداکردنی خوێنی تازەن بە جەستەی پارتیدا .! بەم حاڵەوە ئەگەر وای لێکبدەینەوە ، کە کۆمەڵێک کادری گەنج و لاو پێگەیون و هەناسەیەکی نوێن ئەوە ناحەقین ، ئەگەر کۆی کادیرە هەستیا رو بڕیاردەرەکانی ناو ئەم حزبە بکەبنە گەنج و لاوی خوێن گەرم بێسودە ، چون سیستەمێکی وێناکردن و بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ( کادیری نەوەی کۆن ) و پیر ، ئامادەیەو تۆرێکی جاڵجاڵۆکەییە.